دیمانە و ڕاپۆرت

داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە کە مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشبکرێت

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە بۆ (شکۆی کوردستان):
داوامان لە وەزارەتی دارایی کردووە کە مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشبکرێت

پێشنیارکراوە لەمساڵدا ٤٦ قوتابخانە لەسەرجەم کوردستاندا تەواو بکرێت

بەپێی پڕۆژە یاسای پەروەردەو فێرکردن کە ئێمە ئامادەمان کردووە، مافەکانی مامۆستایان پارێزراوە و نابێت مامۆستایان لەکاتی مومارەسەی پیشەکەیاندا بەھیچ جۆرێک رووبەڕووی سزا ببنەوە

٥٠%ی بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کەرکوک و دورزخورماتو و خانەقین زیادکراوە

دیمانە: شکۆی کوردستان- ھەولێر
لەو دیمانەیەدا، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەدەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە خوێندن لە کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە ئارامی و رێکوپێک بەڕێوەدەچێت، دەشڵێت:”٥٠%ی بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کەرکوک و دورزخورماتو و خانەقین زیادکراوە”.
لەبارەی دروستکردنی باڵەخانەکانی پەروەردە، وەزیری پەروەردە ئاماژە بەوەدەکات: بۆردی پڕۆژەکان کە لەلایەن رێزدار کاک مسرور بارزانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پێکھێندراوە، پێشنیارکراوە ٤٦ قوتابخانە لەمساڵدا لە سەرجەم کوردستاندا تەواو بکرێن.
شکۆی کوردستان: دەستپێکی دیمانەکەمان بەوە دەستپێدەکەین.ھەندێک کێشەی پەروەردەیی لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان ھەیە، لەوانە کەمی کتێب و کەمی پێشینەی مانگانەو چەندی کێشەیەکی دیکە، وەزارەتی پەروەردە چیکردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە؟
وەزیری پەروەردە: لەڕاستیدا کێشەی کەمی کتێب لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم نییەو ھیچ گرفتێکیان نییە، جگە لەوە گرفتی نەسریەشیان نییە، بەڵام ئێمە پێشنیارمان کرد بۆ ئەنجومەنی وەزیران کە وەزارەتی داراییش رەزامەندی لەسەر داوە کە ٥٠%ی بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەکان زیادکردووە بەتایبەتی ھی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک و دورزخورماتو و خانەقین.
پڕۆسەی پەروەردە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە ئارامی و بەباشی بەڕێوەدەچێت و پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە، ھەروەھا رەزامەندی لەسەر ٢٦٠ ملیۆن دینار دراوە کە بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکوک بۆ کڕینی پێداویستی.
شکۆی کوردستان: سەرەڕای کەمی کرێی مانگانە، بەڵام لە زۆربەی پەروەردەکاندا مانگانە کرێی مامۆستایانی وانەبێژ دوادەکەوێت.چی کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە؟
وەزیری پەروەردە: دووجار لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی قسەمان کردووە و نووسراوی رەسمیشمان بۆ وەزارەتی دارایی کردووە، ھەروەھا چوار رۆژ لەوپێش نووسراوێکی دیکەم ئیمزا کردووە، کە داوا لە گەنجینەکان بکرێت پارەی مامۆستایانی وانەبێژ دوانەکەوێت.
شکۆی کوردستان: گۆڕینی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان یەکێک بوو لە راسپاردەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی، بەڵام تائێستا زۆربەی بەڕێوەبەرەکان نەگۆڕان، ئەمە ھۆکارەکەی چییەو کەی دەست بە گۆڕینی بەڕێوەبەرەکان دەکرێت؟
وەزیری پەروەردە: گۆڕانکاری روودەدات لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکان، بەڵام ئەوەی روویداوە گۆڕانکاری (جزئی) بووە.ئێمە دەمانەوێت بنەمایەکی پتەویی یاسایی ھەبێت بۆ ئەو مەبەستە لە پێشنیاری پڕۆژە یاسای پەروەردەو فێربوون کە ئێستا بەنیازین بیبەینە پەرلەمانی کوردستان و لە قۆناغی کۆتاییداین، ھەندێک پێوەری زۆرباشمان بۆ گۆڕینی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان داناوەو دەمانەوێت بەشێوەیەکی یاسایی ئەو کارە بکەین.
شکۆی کوردستان: کێشەی وازھێنانی قوتابیان لەناوەندەکانی خوێندن، بەتەنیا ئەرکی وەزارەتی پەروەردە نییە، بەڵام دەمانەوێت بزانین وەزارەت لەو رووەوە چیکردووە بۆ کەمکردنەوە یاخود رێگریکردن لەو دیاردەیە؟
وەزیری پەروەردە: بەڕاستی رێژەی وازھێنانی قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن ئەمساڵ زۆر زۆر کەمە و ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زۆر کەمتر بۆتەوە.ئێمە چەندین میکانیزمان گرتۆتەبەر بۆئەوەی رێژەکە کەمبکەینەوە.خۆشبەختانە ئەمساڵ رێژەکە زۆر زۆر کەمبۆتەوە. وەزارەتی پەروەردە ھەمیشە پلان و بەرنامەی جیاوازی ھەیە بۆ رێگریکردن لەوەی قوتابیان واز لە خوێندن بێنن، ئەمەش بە ئەرکی خۆمان دەزانین و دەبێت کارێک بکەین لە داھاتوودا ئەوانەشی وازیان ھێناوە بگەڕێنەوە پڕۆسەی خوێندن، بۆیە بە دڵنایییەوە لە داھاتوودا ئەنجامی کارەکانمان دەبینین.
شکۆی کوردستان: بۆچی پێشنیاری پڕۆژە یاسای پەروەردەو فێرکردن دواکەوتووە؟
وەزیری پەروەردە: پڕۆژە یاسای پەروەردەو فێرکردن ئێمە ئامادەمان کردووەو نێردراوە بۆ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆئەوەی ئەوانیش بۆچوونی خۆیان لەسەر پڕۆژەکە بدەن.
لێژنەیەک لە وەزارەتی پەروەردە بە ھاوکاری کەسانی شارەزاوە ئامادەسازیمان کردووە. لە پڕۆژەکەدا ئاماژەمان بە پاراستنی مافەکانی مامۆستایان کراوە، ھەروەھا نابێت مامۆستایان لەکاتی مومارەسەی پیشەکەیدا بەھیچ جۆرێک رووبەڕووی دادگاو سزا ببێتەوە، ئەمانەو چەندین ماف و ئیمیتازی دیکە کە لە پڕۆژەکەدا بۆ مامۆستایان دەستەبەرکراوە.
شکۆی کوردستان: سەبارەت بە تەواوکردنی ئەو ١٤ باڵەخانەی پەروەردە کە زیاتر لە ١٣٩ ملیار دیناری پێویستە بۆ تەواوکردنی، ئایا ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخانکراوە؟
وەزیری پەروەردە: بۆردی پڕۆژەکان کە لەلایەن رێزدار کاک مسرور بارزانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پێکھێندراوە، پێشنیارکراوە ٤٦ قوتابخانە لەمساڵدا لە سەرجەم کوردستاندا تەواو بکرێن، ئەولەویەت دراوە بە گرنگی بابەتەو پێداویستییەکان بۆئەوەی ئەو قوتابخانانە لەمساڵدا تەواو بکرێن.
شکۆی کوردستان: سەرەڕای ئەوەی بەڕێزتان مۆڵەتی کردنەوەی قوتابخانەی ئەھلیتان راگرتووە، بەڵام رەخنە لە ئاستی زانستی قوتابخانەو پەیمانگە ئەھلییەکان دەگیرێت، چیدەکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیان؟
وەزیری پەروەردە: پێموانییە ئاستەکە بەوشێوەیە بێت کە بەڕێزت ئاماژەی پێدەکەی، ئاستێکی خراپ بێت یاخود زۆر جێگەی رەخنە بێت، چونکە قوتابخانە و پەیمانگە ئەھلییەکانیش رۆڵی خۆیان ھەیە لە پڕۆسەی پەروەردە، بەڵام ئێمە لێژنەیەکی باڵامان لە وەزارەتی پەروەردە ھەیە کە کەموکوڕییەکان لەبواری ئیداری و پەروەردەیی دیاریدەکەین و لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرپەرشتیارییەوە بەدواداچوون دەکەین بۆئەوەی ئەو بزاندرێت ئەو کەموکوڕیان چارەسەر کراون یاخود نا؟ ھەروەھا لەوەش گرنگتر ئێمە پڕۆژەیەکمان لەبەردەستە کە پڕۆژەی ھەڵسەنگاندنی قوتابخانە ناحکومییەکانە، ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین بزانین ئاستەکانیان چۆنە؟ ئەمەش لە داھاتوودا رادەگەیەندرێت.
شکۆی کوردستان: بۆ رێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە پشووی قوتابخانەکان درێژدەکرێتەوە؟
وەزیری پەروەردە: لەڕاستیدا بڕیاری درێژکردنەوەی پشوو بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆئەوەی پشووەکانی مانگی ئازار درێژبکرێتەوە، بەڵام تائێستا ھیچ بڕیارێک نەدراوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close