نێودەوڵەتی

له‌به‌ریتانیا ژماره‌ی پێوانه‌یی توشبوون به‌كۆرۆنا تۆماركرا

شكۆی كوردستان-

ئامارێکی حکومەتی بەڕیتانیا دەریدەخات ڕۆژی چوارشەممە 183,037 حاڵەتی توشبوونی نوێی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە و 53,000 حاڵەت زیاترە لەو ژمارەیەی کە ڕۆژێک پێشتر تۆمارکراوە.

هۆکاری سەرەکی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنایە کە بەخێرایی دەگوازرێتەوە، هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ زیادبوونی نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا.

سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەکان، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی ڕێوشوێنی نوێی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە لەم ساڵدا ناگرێتەبەر، بەپێی بەرپرسانی تەندروستی بەڕیتانیا، لە ئێستادا ئۆمیکرۆن بەرپرسە لە توشبوونی لە سەدا 90 ی حاڵەتەکان.

بۆریس جۆنسن وتی زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان وەرگرتووە، کە دەکاتە لە سەدا 58 ی دانیشتوانی وڵاتەکە، مانای ئەوەیە کە پێویست بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیکە ناکات بەر لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.

وتی ” بە ئاگاییەوە سەری ساڵ بەخۆشی بەسەر بەرن، بەدڵنیاییەوە حاڵەتەکان زیاتر بوون، ژمارەیەکی زۆر لە حاڵەتی ئۆمیکرۆنمان هەیە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەپێی زانیارییەکان دەزانین کە نیشانەکانی ئۆمیکرۆن مەترسیدار نین.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close