کوردستانی

بۆچی بە کەمی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی جێبەجێدەکرێت؟

شکۆی کوردستان – سلێمانی


ماوەی رابردوو زۆرجار ھاوڵاتیان خۆپیشاندان و گردبوونەیان کردووە بۆ داواکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و باشترکردنیان، ئاماژەیان بەوەداوە حزبە باڵادەستەکانی ناو پارێزگای سلێمانی خزمەتی پارێزگاکە ناکەن، بەڵام پەرلەمانتارانی یەکێتی و گۆڕان بۆچوونی جیاوازیان ھەیە.
پەرلەمانتارێکی یەکێتی، پێیوایە سیاسەتی مەرکەزیەت وایکردووە بۆ ھەموو بڕیارە ستراتیژیسەکان کە رەھەندێکی ئابووریان ھەیە و راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە پێویست بکات بگەڕێینەوە و بۆ ھەولێر.
سەرکۆ ئازاد، پەرلەمانتاری یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ (شکۆی کوردستان) گوتی: “ئەوەی لەبنەڕەتدا جیاوازی خزمەتگوزاری دروستکردووە لەنێوان پارێزگاکاندا، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی سلێمانی زۆر زیاترە و رووبەرەکەشی زیاترە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سیاسەتی مەرکەزییەی لە ھەولێرەوە ھەیە و ھەموو بڕیارەکان و بریاری کاری ستراتیژی کە پەیوەستە بە ژیانی ھاووڵاتیانەوە ھەر لەبواری بیناسازی تا وەبەرھێنان کە بڕە پارەیەکی زۆرتری دەوێت، دەگەڕێتەوە بۆ مەرکەزیەتی ھەولێر”.
ئەم پەرلەمانتارە جەختی لەوەشکردەوە: دەسەڵاتدارانی حکومەتی پێشوو، بەتایبەت پارتی بڕیارە ستراتیژییەکان لەلایەن ئەوانە دەردەچووەو یەکێتی و گۆران لەساڵانی ڕابردوو ئەوەندەی تەرکیزیان لەسەر لاوازکردنی یەکتری و کەمکردنەوەی رۆڵی یەکتر ھەبووە ئەوەندە بیریان لەوە نەکردۆتەوە شتیکی باشتر و خزمەتگوزاری باشتر بۆ ھاووڵاتیان و بەتایبەت شاری سلێمانی جێبەجێکەن.
سەرکۆ ئازاد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: ھیوادارین ئەم کابینەیە کابینەی بەرپرسیارێتی بێت و پەرلەمانتارانیش رۆڵی جددی خۆیان ببین بۆ ئەوەی ئەو غەدرەی پێشووتر لەپارێزگای سلێمانی کراوە، دووبارە نەبێتەوە.
بەپێچەوانەوەی پەرلەمانتارەکەی یەکێتی، پەرلەمانتارێکی گۆران ئاماژە بەوە دەدات جیاوازییەکە ئەوەندە زۆر نییە و پێیوایە حکومەت کەمتەرخەمە بەرامبەر دابینکردنی ھەموو خزمەتگوزارییەکان و مافەکانی ھاووڵاتیان.
جەلال محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان بە (شکۆی کورستان)ی گوت: “پێم وابێت ڕەنگە شتێک زیاتر و کەمتر ھەبێت، بۆ سلیمانی کرابیت و یان بۆ ھەولێر، یان سلیمانی لە بابەتیکدا باشتر بێت بەڵام بەگشتی حکومەت لەئاستی خواستی داواکاری خەڵکدا نەبووە”.
ئەم پەرلەمانتارە ئەوەشی رونکردەوە: خزمەتگوزاری ئەوانەیە کە لەسەروو پێداویستییە حەتمیەکانی مرۆڤەوەیە و پێداویستییەکان وەک ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان پێداویستی حەتمین بۆیە دەبێت حکومەت بتوانێت دابینی بکات، ئەگەر دابینی نەکات حکومەت دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە”.
جەلال محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکر ئەوان وەک گۆڕان، بۆ ئەم کابینە تازەیە فشاریان کردووە و چەند پڕۆژەیەکیان پیشکەشکردووە، لەوبارەیەوە گوتی:”لەگەڵ یەکێتی و پارتی چەند پڕۆژەیەکمان پێشکەش کردووە بۆئەوەی حزبە باڵادەستەکانی پێشووتر بەشێک ھەڵەکان چاکبکاتەوە و نەک تۆخکردنەوەی ناوچەگەرایەتی و لەنێوان سلێمانی و ھەولێر و بەشێوەیەکی گشتی، کە لە رابردوودا ئێمە وەک بزوتنەوەی گۆران لێی رازین نەبووین”.
ئەو پەرلەمانتارە، داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد واز لە بیری ناوچەگەرێتی بێنن و جیاوازی لەنێوان شارەکاندا نەکەن “چونکە ھەموو ھاولواَتیەک شایەنی ئەوەیە کە مافە شایستەکانی ژیانی بۆ دابینبکرێت و سودمەند بێت نەک جیاوازی بکرێت، بەڵکو ھەولێریش پێویستی بە خزمەتی زیاترە و چونکە خەڵک ھەموو کوردستانە جا لە ھەولێر بێت یان ھەر شوێنێکی کوردستان”.
محەمەد شێخ وەھاب، بڕیاردەری لیژنەی شارەوانییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ (شکۆی کوردستان) راگەیاند: بەھۆی قەیرانی داراییەوە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان لەسنووری پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک راگیراوە، بەڵام لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ھەولێر بەدیدەکرێت لە سلێمانی وەک پێویست نییە.
باسی لەوەشکرد: حکومەت لەئێستادا ھەوڵیداوە و دەستیکردوە بە دابینکردنی مینحە بۆ ئەو رێگاوبان و خزمەتگوزاریانەی کە شاری سلێمانی پێویستیەتی.
لەماوەی رابردوو ھەندێک بەڵێندەر ئامادەیان پیشانداوە بۆ بەردەوامی کارەکانیان لە ھەولێر کە بەشێوەی قیست پڕۆژە جێبەجێ بکەن تەنانەت ھەردوو پڕۆژەی ١٢٠ مەترو ١٥٠ مەتری ھەولێر بە قیست لەلایەن کۆمپانیایەکی خۆماڵی جێبەجێکراوە، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی کارگێڕی سلێمانی، بەڵێندەران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئامادەنەبوون لە سلێمانی پڕۆژەکانیان بە قیست جێبەجێ بکەن..
محەمەد شێخ وەھاب، گوتیشی: “لەسنووری پارێزگای ھەولێردا کۆمەڵیک بەڵیندەر خۆیان پڕۆژەیان بە قیست جێبەجێکردووە، بەڵام لە سلێمانی بەڵێندەری وا بارز نەبووە کە کارەکان بکات و پڕۆژەکان ڕانەگیرێت”.
جەختی لەوەشکردەوە کە لەئێستادا، ھەر پڕۆژەیەک کە پێشتر راگیراون و ئەوانەی لەسەدا ٨٠%یان تەواو بووە لەئێستادا دەستکراوەتەوە بەکارکردن تیایدا وەک رێگەی سلێمانی – رانیە و سلێمانی – کەلار ە و سلێمانی- ھەڵەبجە.
بڕیاردەری لیژنەی شارەوانییەکان ئەوەشی خستەڕوو، کە گەرمیان زۆر پێویستی بە بەرەو پێشبردنی کەرتی تەندروستی ھەیە و بەگشتیش پارێزگای سلێمانی پێویستی بە رێگاوبان و خزمەتگوزاری تەندروستی و پەروەردەوە ھەیە.
ئەو بەرپرسەی پارێزگای سلێمانی داوای لە حزبەکانیش کرد ھەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و بەبێ جیاوازی کار بۆ پارێزگاکانی ھەرێم بکەن “داوا لە یەکێتی و گۆڕان دەکەم زیاتر چاودێر بن بۆ خزمەتگوزاریبەکان و خزمەتککردنی خەڵکی ناوچەکە، وابکەن ئەو جیاکاریەی نەمێنێت و چونکە خەڵک ژیانی دەوێت ناکرێت لە ٢٠٢٠دا بژین، کەچی کێشەی ئاو و کارەبات بمێنێت و حزبێکی باڵادەست بیت و خزمەتی ناوچەکانی خۆی نەکات، چونکە وابڕوات ھاووڵاتی لەکاتی ھەڵبژاردنی سزای حزبەکان دەدەن”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close