دیمانە و ڕاپۆرت

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەدیدارێكی تایبەتی شكۆی كوردستاندا

هه‌ست ده‌كه‌ین حكومه‌تى هه‌رێم رێگرى ده‌كات له‌ چالاكبوونى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان
سروشتی كارەكەمان وایە پەیوەندیمان نەك هەر لەگەڵ پارێزگار، بەڵكو لەگەڵ هیچ بەڕێوەبەرێكی گشتیش باش نەبێت

شكۆى كوردستان – سلێمانى
بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، سروشتی كارەكەیان وایە كە پەیوەندییان نەك هەر لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، بەڵكو لەگەڵ هیچ بەڕێوەبەرێكی گشتیش باش نەبێت، ئاماژەی بەوەشكرد، هەست دەكەن شێوە رێگرییەك بەكاری ئەنجومەنەكان دیارە.

بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (شكۆی كوردستان) باسی كارەكانی ئەنجومەنەكەیان دەكات.

شكۆی كوردستان: بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەپارێزگای سلێمانی، بەگشتی وەك ئەنجومەن رەوشەكە چۆن دەبینن؟
بەرزان شێخ محەمەد: لەڕاستیدا ئەو رێكارانەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی بۆ خۆپارێزی لەنەخۆشی كۆرۆنا گیراونەتەبەر زۆر باشن، ئەو توانایەی لەبەردەستدایە هەر لەئەنجومەنی باڵای بەرگری لەو پەتایە و تەندروستی و هێزی ناوخۆ و ئاسایش، تاڕادەیەكی باش دانیشتوانیش زۆر باشن.

شكۆی كوردستان: ئێوە لەمانگی شوبات بڕیاری وەستانی خوێندنتان دەركرد و دواتر حكومەتی هەرێمیش هەمان بڕیاری دەركرد، دەوترێت ئێوە زیاد لەدەسەڵاتی خۆتان بەكارهێنا؟
بەرزان شێخ محەمەد: لەكۆتایی مانگی كانونی دووەم سەرۆكی لیژنەی تەندروستی یاداشتێكی بۆ سەرۆكایەتی بەرز كردەوە، بەدواداچوونی كردبوو كە ئەو پەتایەی لە چین بڵاوبۆتەوە پێویستی بە ڕێككارە، ئێمەش لەبەرئەوەی نوێنەری خەڵكین، بەهەقی خۆمان زانی نوێنەرایەتی خەڵك بكەین، لەماددەی شەشی یاساكە بۆمان هەیە بڕیار و رێنمایی تایبەت بەپارێزگاكەی خۆمان دەربكەین و داوای راگرتنی دەواممان لەسنوری ئەنجومەنەكەمان كردبوو، ئێمە بۆچوونمان وابوو لەبەرئەوەی نوێنەری خەَكین یاساكە رێی پێداوین، بۆیە كارێكی خراپمان نەكرد، سلێمانی بەدرێژایی 525 كیلۆمەتر لەگەڵ ئێرانە و خۆتان دەزانن ئەو كاتەش نزیكەی 15 هەزار هاوڵاتی لەڕێگەی مەرزی باشماخ لەئێران بوون، خۆتان دەزانن ئەو نەخۆشییە لەئێرانیش چەند بەر بڵاوبووەوە، بۆیە هەستمان بەو ترسە كرد پاشان بڕیارماندا و دواتر حكومەتی هەرێمیش بڕیارەكەی گشتگیر كرد.

شكۆی كوردستان: بڕیاربوو هەفتەیەك كۆبوونەوەی ئەنجومەن بكەن بەمیوانداری پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، بەڵام ئەوان نەهاتن و سەرۆكی ئەنجومەنیش رایگەیاند: كە پارێزگاری سلێمانی بەمەرج ئامادەبوو بێتە كۆبوونەوە، دواتریش پارێزگار داوای روونكردنەوەی لێكردن، ئەو كێشەیە گەیشتە كوێ؟
بەرزان شێخ محەمەد: لەڕاستیدا پارێزگاری سلێمانی ئەو كێشەیەی لەئەنجومەن دەركردووە و ئەو نووسراوەی باسی دەكەیت بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی ناردووە، سەرەتا ئەو نووسراوە لەڕووی كارگێڕییەوە هەڵەیە، چونكە سەرۆكی ئەنجومەن راستە سەرۆكە، بەڵام ئەنجومەن دامەزراوەیەكە بەكۆی گشتی نوێنەرایەتی خەڵك دەكات، ئێمە رۆژێك پێشتر پەیوەندیمان بەو بەرپرسانەوە كرد بۆ كۆبوونەوەكە و هەموویان ئامادەییان دەربڕی، بەڵام دوای ئەوەی لەحكومەتی ناوەندەوە لەشاری هەولێر و لەڕێگەی وەزیری ناوخۆوە پێیان وتبوون نابێت بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەن، ئیتر هەریەكەیان بەجۆرێك ئامادەنەبوون.
بەنیسبەت پارێزگاری سلێمانیش، سەرۆكی ئەنجومەن پێی راگەیاندم د.هەڤاڵ وتویەتی دێم بۆ كۆبوونەوەكە، بەڵام نابێت باسی راگرتنی دەوام بكەن، لەكۆبوونەوەشدا هەموو ئەندامان بۆیان هەیە پێشنیار بكەن و ئێمە نەماندەتوانی كە رێگری لەپێشنیاری ئەندامان بكەین، بۆیە پێمان باشبوو ئەو كۆبوونەوەیە نەكرێت.

شكۆی كوردستان: وەك ئاگادار بن سەرۆكی ئەنجومەن وەڵامی نامەكەی پارێزگاری دایەوە یان نا؟
بەرزان شێخ محەمەد: پارێزگاری سلێمانی نووسراوەكەی ئاڕاستەی سەرۆكی ئەنجومەن كردووە كە ئەوە لەڕووی كارگێڕییەوە نەگونجاوە، دووەمیش پارێزگار رێنمایی دەركردووە كە خۆی باش دەزانێت ناتوانێت رێنمایی بۆ ئەنجومەن دەربكات، بەڵام ئێمە لەبەر دۆخەكە ئەو مەسەلەیەمان زۆر لا گرنگ نییە، بەڵكو چارەسەری پەتای كۆرۆنا گرنگترە.

شكۆی كوردستان: هەست ناكەن كێشە لەنێوان پارێزگاری سلێمانی و ئەنجومەن هەبێت، بەو پێیەی كەمترین كات لەئەنجومەن ئامادەبووە لەكاتێكدا هەڵبژێردراوی ئەنجومەنە؟
بەرزان شێخ محەمەد: با ئەوە روون بكەمەوە ئێمە دامەزراوەیەكین حكومەتی خۆجێی سلێمانی بەپێی یاسا لەهەناوی ئێمە هاتۆتە دەرەوە، بەڵام سروشتی كارەكەمان وایە كە ئێمە پەیوەندیمان نەك هەر لەگەڵ پارێزگار، بەڵكو لەگەڵ هیچ بەڕێوەبەرێكی گشتیش باش نەبێت، چونكە ئێمە چاودێرین بەسەریانەوە و كە چاودێریش بووین دیارە هەریەكەمان بۆچوونی خۆمان لا دروست دەبێت، كێشەكە ئەوەیە پارێزگاری سلێمانی فەرمانبەرێكی باڵایە بە پلەی بریكاری وەزیر لەوەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنیش خۆی بەوە دادەنێت كە پارێزگاری هەڵبژاردووە و دەبێت لەژێر چاودێری ئەنجومەندا بێت، پارێزگار ناچار كراوە پابەند بێت بە بەرنامەكەی وەزارەتی ناوخۆوە، ئەنجومەنیش لەهەندێجاردا بەرنامەكەی لەبەرنامەی وەزارەتی ناوخۆ جیاوازە، بۆیە ئەو شتانەش ئاساییە، بۆیە ئەگەر پەیوەندیشمان لەگەڵیان ئاسایی نەبێت، پەیوەندییەكە كۆمەڵایەتی نییە، بەڵكو پەیوەندی بەئیش و یاساوە هەیە.

شكۆی كوردستان: ئەوەندەی تێبینی دەكرێت ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەراورد بەئەنجومەنەكانی هەولێر و دهۆك چالاكترە و لەكۆبوونەوەكان گفتوگۆی گەرمی تێدایە؟
بەرزان شێخ محەمەد: خۆتان دەزانن سلێمانی هەر خۆی شارێكی ئەكتیڤە و ئەنجومەنەكەشی دەبێت وا بێت، سروشتی ئەنجومەنیش وایە تێكەڵە لەلایەنەكان و بۆچوونی جیاوازی تێدایە، بەڵام لەشارەكانی هەولێر و دهۆك براوەی یەكەم پارتی دیموكراتی كوردستانە و كەمە نەتەوەییەكانیش تەقریبەن سێبەریانن، حكومەتی خۆجێی هەولێر و دهۆكیش هەر پارتین.

شكۆی كوردستان: دوای نزیكەی شەش ساڵ كاركردنتان، خۆتان لەئەدای پارێزگار، بەڕێوەبەرە گشتییەكان تا چەندێك رازین؟
بەرزان شێخ محەمەد: لەپارێزگای سلێمانی لەچەند قەیرانێكداین، بۆ نموونە لەڕووی ئابوورییەوە ژێرخانی نییە و كۆمەڵێك بودجەی كە ساڵانی 2013 و 2014 بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و پترۆ دۆلاری هەبوو، ئێستا ئەوانە هیچیان نین، بۆیە كە ئەوانە نەبوون ئیشەكە بەجوانی ناكرێت، ئەنجومەنی پارێزگا دەبوایە بودجەیەكی پێویستمان لەبەردەستدا بوایە و بەپێی پێویستی ناوچەكان بیری لە پڕۆژە بكردایەتەوە، بەڵام ئێمە هیچ پارەیەكمان لەبەردەستدا نییە و كێشەی هاووڵاتی دێتە لامان و دواتریش كە بەدواداچوونی بۆ دەكەین كێشەكە لەشاری هەولێر چارەسەر دەكرێت، نە دەسەڵاتی حكومەتی خۆجێی و نە دەسەڵاتی پارێزگارە.

شكۆی كوردستان: هەست دەكەن حكومەتی هەرێم بەمەبەست بیەوێت ئەنجومەنی پارێزگاكان لاواز بكات؟
بەرزان شێخ محەمەد: هەندێجار هەست دەكەین شێوە رێگرییەكمان پێوە دیارە، پاشان دەسەڵاتەكانیش لەیاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 بۆ نوێنەرایەتی، یاسایەكی كرچ و كاڵە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close