Uncategorized

راگەیەنراوێك لەبارەی سەردانی شاندی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەغداد

شكۆی كوردستان-

نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دواین سەردانی شاندی سەرۆكایەتی بۆ بەغداد و كۆبونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی كۆمار و سەرۆك وەزیران راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تى و سه‌ركرده‌ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان، كێشه‌ و به‌رپرسيارييه‌تييه‌كانى به‌ هاوبه‌ش بۆ هه‌مو عێراقييان له‌ قه‌ڵه‌مدا و رایگەیاند “هه‌مومان يه‌ك چاره‌نوسمان هه‌يه‌ و كێشه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كێشه‌ى هه‌مو عێراقييه‌كانه‌، دوپاتيشى كرده‌وه‌ دواى ئه‌زمونى تاڵى چه‌ندين ساڵى گرفت و كێشه‌ى نێوان هه‌ردولا، ئيتر ده‌بێ نه‌چينه‌وه‌ سه‌ر ڕابردو، به‌ڵكو ئێستا كاتى ئه‌وه‌يه‌ بگه‌ينه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش و به‌ ڕێككه‌وتنێكى گشتگيرى جێى ڕه‌زامه‌نديى هه‌ردولا كه‌ ئارامى و سه‌قامگيرى، دادپه‌روه‌رى و پێشكه‌وتن بۆ ئێستا و داهاتوى هاوبه‌شمان دابين بكات، كێشه‌كان به‌ يه‌كجارى چاره‌سه‌ر بكه‌ين”.

ئاماژەی بەوەشكردوە، “ده‌كرێت قه‌يرانه‌كان بكرێنه‌ ده‌رفه‌ت بۆ هاوكارى و پێكه‌وه‌كاركردن، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى سه‌ختى و قه‌يرانه‌كانى ئێستاى وڵاتيش به‌رپرسياريه‌تيى هاوبه‌شى هه‌موانه‌ و به‌رده‌واميى كێشه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌نديى هيچ لايه‌نێكدا نييه‌، هه‌مومان پێكه‌وه‌ به‌ هاوكارى، ده‌توانين بگه‌ينه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش له‌سه‌ر‌ شێوازێكى به‌ڕێوه‌بردنى باشترى وڵات تا خزمه‌ت به‌ هه‌مو هاوڵاتيان بكرێت”.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە نێچیرڤان بارزانی، جه‌ختيشى له‌وەش‌ كرد‌وەتەوە،‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌ ته‌واوى كێشه و دۆسيه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور و به‌ ڕه‌چاوكردنى سيستمى فيدراڵى و ماف و ئه‌ركه‌كان و ئه‌وله‌وييه‌تى بارى هه‌نوكه‌ييى ژيان و بژێوى هاوڵاتيان چاره‌سه‌ر بكات، ڕۆڵى سه‌ركرده‌ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى عێراقيشى بۆ پشتگيرى له‌ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ر و گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن به‌ گرنگ و پێويست و ئه‌ركى هه‌موان زانى.

راگەیەنراوەكە ئاماژە بەوەش كردوە، سه‌ركرده‌ و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان‌ وێڕای پشتگیرییان له‌ بۆچونه‌کانی سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانی، سه‌ردانه‌که‌یان له‌م كات و دۆخه‌دا به‌ په‌يامێكى ئه‌رێنى و هه‌نگاوێگى دروستى هه‌رێمى كوردستان به‌رامبه‌ر به‌غدا و په‌رۆشی و جددیه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ قه‌ڵه‌م دا و خۆشحاڵييان به‌ ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستان بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان و گه‌يشتن به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵ ده‌ربڕى.

دوێنێ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەگەل هەریەك لە سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كۆبوەوە و ئەمڕۆش لە بەردەوامیی سەردانەكەیدا لەگەڵ سەرۆك و بەرپرسانی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان كۆبوەوە.

بەغدا – AA سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی کە بە سەردانێک لە بەغدایە، لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبووەوە. بارزانی لە میانی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ کازمی تاوتوێی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە دەکات. ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یەکەم سەردانی بۆ بەغدا دادەنرێت لەدوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق. هەریەک لە جێگرانی سەرۆکی هەرێم، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا یاوەری نێچیرڤان بارزانی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا. ( KRP – ئاژانسی ئانادۆڵو )
بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close