کوردستانی

یەكێتی مامۆستایان لەبارەی كەمكردنەوەی موچە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

شكۆی كوردستان-

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی كەمكردنەوەی موچە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ئەمڕۆ مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە كۆبوەوە و داوایكرد، ئەو دواكەتنە “تاقەت پروكێنە”ی دابەشكردنی موچە كۆتایی پێبهێنرێت و كه‌مكردنه‌وه‌ی موچهش‌ ته‌نها بۆ مانگێک بێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوا دەکەن هەمو 30 رۆژ جارێك موچه‌ دابه‌ش بكرێت.

ئه‌مڕۆ یەکشەممە مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان لە هەولێر كۆبوه‌وه‌ و له‌باره‌ی پرسی موچه‌، پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌، تۆپباران و له‌شكركێشی توركیا و ئێران بۆ سه‌ر سنورەکانی هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە.

عه‌بدولواحید محه‌مه‌د، سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دواكەوتنی موچە نیگەرانی مامۆستایانی لێكەوتوەتەوە، لەوبارەیەوە یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پشتگیری ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە دەكات، هەروەها شێوازی دابەشكردنی موچە دەبێت كاتی و تەنها بۆ ئەم مانگە بێت و کاریگەری لەسەر موچەخۆرانی شایستە نەبێت.

وتیشی، پێویستە ئەو دواكەتنە “تاقەت پروكێنە”ی دابەشكردنی موچە كۆتایی پێبهێنرێت و بە پێی بەڵێنەكان هەر 30 رۆژ جارێك موچە بدرێت، لەبەر ئەوەی درێژەكێشانی ئەم دۆخە، كاردانەوەی نەرێنی لە لایەن مامۆستایانەوە لێدەكەوێتەوە.

لەبارەی بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکانیش باس لەوەکراوە، یەکێتى مامۆستایان ئیدانەی بۆردومانی سنورەکان لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەکات و لەو بڕوایە دایە شەڕ چارەسەری هیچ كێشەیەك ناكات تەنها زیان بە هاوڵاتیانی سڤیل و ماڵ و موڵكی گشتی دەگەیەنێت.

لای خۆیەوە ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی، جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایان له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌ رایگه‌یاند، لەبارەی دواكەوتنی هەڵبژاردنی یەكێتی مامۆستایانەوە، مەكتەبی سكرتاریەت رونكردنەوە بۆ مامۆستایان و رای گشتی بە پێویست دەزانێت پرۆسەی نوێكردنەوەی ئەندامیەتی تەواو كرابو، لیستەكانی هەڵبژاردن پەسند كرابون، كاروبارە تەكنیەكیەكان ئامادەكاری پێویستی بۆ كرابو كەوا لە كۆتایی مانگی نیسان یان سەرەتای مانگی ئایار پرۆسەكە بەڕێوەبچێت، بەڵام بە هۆی هاتنی پەتای كۆرۆنا كۆڤید-19 و كەرەنتینكردن هەمو كاروبارەكان وەستێنران.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەست خۆشی لە هەردو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ده‌كه‌ن لەبەر ئەوەی پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ ساڵی خوێندن و كۆششی قوتابیان و خوێندكاران كرد، یەكێتی مامۆستایان بۆ كەمكردنەوەی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە ئایندە هاوكاری هەمو لایەنەكان بە گرنگ دەزانێت، بە تایبەت هەردو وەزارەت و یەكێتی مامۆستایان.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close