کوردستانی

حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ رێككەوتنی گشتگیر لەگەڵ بەغداد راگەیاند

شكۆی كوردستان-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕی بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان و رێككەوتنێكی گشتگیر لەگەڵ حکومەتی عێراق، سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغداد.

ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و ئەندامانی شاندی دانوستان بەشداربوون، گفتوگۆ دەربارەی دەرئەنجامی دانوستاندن و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوورکرا بۆ گەیشتن بە ئەنجام و رێککەوتن بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی خۆمان بەرامبەر بە دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانمان بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێکی گشتگیر کە تێیدا ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی هەر لایەک دیار بێت و جێی ڕەزامەندی هەردوولا بێت.

ئاماژەشی بەوەدا کە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لە بەرژەوەندی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقدایە و فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ هێنانەدی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت سبەی سێشەممە 2020/6/23 سەردانی بەغدا بکات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close