کوردستانی

لە هەڵەبجە پشکنینی کۆرۆنا راگیرا

شكۆی كوردستان-

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، ئامێری پشكنین(کیتی پزیشکییان بۆ پشکنینی کۆرۆنا)یان نەماوە و لە ئەمڕۆوە پشکنین رادەگرن، ئەوەش بە مەترسی بۆ سەر پارێزگاکە و زیاتر تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە دەزانێت.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە راگەیاند، ئەمڕۆ بەهۆی نەبوونی کیتی پزیشکییەوە بڕیاری راگرتنی پشکنینی کۆرۆنایان داوە و هەر کاتێک پێیان گەیشت دەست بە پشکنینەکان دەکەنەوە. داواشیان لە وەزارەتی تەندروستی و تەندروستیی سلێمانی کردووە کە کیتی پزیشکییان بۆ بنێرن، بەڵام وەک د. ئازاد دەڵێت، “گوتوویانە نیمانە بتاندەینێ، بەهۆی پچڕانی گەشتەکانیش لەنێوان وڵاتان ناتوانرێت کیتی پزیشکی هاوردە بکرێت”.

کێشەی نەبوونی کیتی پزیشکی تەنیا لە هەڵەبجە نییە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەدات، “لە هەولێر، سلێمانی و دهۆکیش هەمان کێشە هەیە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەو پارێزگایانەش نەمێنێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە”.

لەبارەی ژمارەی تووشبووانیش لە هەڵەبجە، د. ئازاد مستەفا دەڵێت، “ئێستا 50 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە ماون و چوار لەو تووشبووانەش تەندروستییان ناجێگیرە”.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ئاشکرای کرد، “بەداخەوە ژمارەی تووشبووان لە هەڵکشاندایە و ژمارەی ئەوانەیش بە سەختی دەیگرن زیاتر دەبێت. بەوەیش ژمارەی مردن زیاد دەبێت و ئەو خزمەتگوزارییە نموونەییەی پێویستە کارمەندانی تەندروستی پێشکەشی هاونیشتمانییانی بکەن، فەراهەم نابێت”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close