کوردستانی

وەزیری رۆشنبیری پەیامێك ئاراستەی میدیاكاران دەكات

شكۆی كوردستان-

وەزیری رۆشنبیری و لاوان پەیامێكی ئاراستەی میدیاكارانی كوردستان كرد و تێیدا داوایان لێدەكات بەوپەڕی ویژدان و ئەخلاقیاتی بەرزەوە راستی دۆخی كۆرۆنا و مەترسییەكانی بگوازنەوە.

حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان لەپەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردوە، ” بەداخەوە لەم پانتاییەدا ھەندێک جار دەنگی نەشازو ناکۆک لەئاستی مەترسیەکاندا دەبیسترێ و دەبینرێ، بەو ھیوایەی ئەم کەس و لایەنانە بەویژدانەوە ئاوڕ لەئامارەکانی مردن و توشبوون بدەنەوەو لەسۆنگەی ھەستکردن بەبەرپرسیارێتی ئەخلاقییەوە بەڕێنماییە تەندروستیەکان پابەندبن، خۆیان بەدوور بگرن لە یاریکردن بەبەکارھێنانی گیان و تەندروستی ھاووڵاتیان لە ململانێی سیاسیەکان و بەرژەوەندییە شەخسیەکان.”

ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەی وەزیری رۆشنبیری و لاوانە:

پەیامێک لەوەزیری رۆشنبیری و لاوانەوە بۆ کەناڵەکانی میدیا و میدیاکارانی بەرێز
بەڕێزان…. ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرئاستی جیھانیدا دۆخێکی دروست کردووە کەمیدیاو میدیاکارانیش بەشێک بن لەو جەنگەدا لەپێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان.
لەم روانگەیەوە میدیاکاران ئەرکێکی ئەخلاقی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ ھاندان و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی تەندروستی و خۆپارێزی.
لەکوردستانیشدا خۆشبەختانە و بەسوپاسەوە میدیاو میدیاکاران، بەھەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە ڕۆڵی بەرچاو و گەورەیان ھەبوو لەکەمپینی خۆپارێزی و وڵاتپارێزیدا، بەڵام بەداخەوە لەم پانتاییەدا ھەندێک جار دەنگی نەشازو ناکۆک لەئاستی مەترسیەکاندا دەبیسترێ و دەبینرێ، بەو ھیوایەی ئەم کەس و لایەنانە بەویژدانەوە ئاوڕ لەئامارەکانی مردن و توشبوون بدەنەوەو لەسۆنگەی ھەستکردن بەبەرپرسیارێتی ئەخلاقییەوە بەڕێنماییە تەندروستیەکان پابەندبن، خۆیان بەدوور بگرن لە یاریکردن بەبەکارھێنانی گیان و تەندروستی ھاووڵاتیان لە ململانێی سیاسیەکان و بەرژەوەندییە شەخسیەکان. بۆ ئەم مەبەستە جارێکیتر داواکارین لەو کەس و لایەنانە بەگیانی نیشتتمانیی و بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدابکەن، چونکە میدیاو میدیاکاری بەرلەوەی یاسا سنورەکانی دیاری بکات، دەبێ پرنسیپە ئەخلاقییە کۆمەڵایەتیەکان بەڕێوەی ببەن. ئەگەرنا ئەوە ناچاردەبین لەپێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، پەنا بۆ یاسا لەم بوارەدا ببەین.
بەھیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ ھەموولایەک.
حەمەی حەمە سەعید
وەزیری رۆشنبیری و لاوان
24/06/2020

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close