کوردستانی

بۆ دابینكردنى مووچه‌ عێراق چه‌ند هه‌نگاوێك ده‌نێت

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق ژمارەیەک پێشنیازی نوێی حکومەتیان لەبارەی توانای حکومەت بۆ دابیکردنی مووچە، کورتهێنانی بودجە و سەرچاوەکانی داهات وەرگرتووە.

قەرزی ناوخۆ و دەرەکی وه‌ك چارەسەرێکی کاتی

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، قەرزی ناوخۆ و دەرەکی کە حکومەتی عێراق بەنیازە ئەنجامی بدات چارەسەرێکی کاتییە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.

به‌ بڕواى لێژنه‌كه‌، ئەگەر قەرز بکرێت، دەبێت لە 60 رۆژدا حکومەت پڕۆژەیەک لەبارەی چاکسازی لە دارایی و ئابوری پێشکەش بکات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، لەکاتی پەسەندکردنی بڕیاری وەرگرتنی قەرز لەلایەن لیژنەی دارایی و پەرلەمانی عێراق لەسەر حکومەت دەکرێت بە پێشمەرج کە پڕۆژەیەک لەبارەی چاکسازی لە دارایی و ئابووری لە ماوەیەکدا کە لە 60 رۆژ تێپەڕنەکات، ڕەوانەی پەرلەمان بکات.

حکومەت داوای لە پەرلەمان کردووە ڕێگەی پێبدرێت قەرزی دەرەکی بە بەهای 7 ملیار دۆلار و بە بەهای 40 ترلیۆن دینار بکات.

هەرچەندە تائێستا ئەندامانی لیژنەی دارایی بە تەواوی نازانن حکومەت لە شەش مانگی کۆتایی ئەمساڵدا بە بەراورد بە داهاتەکانی چەند روبەروی کورتهێنان دەبێتەوە؟ بەڵام بە گوێرەی زانیارییەکان لەبەر دوو هۆکار وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکە کە داوا دەکات ڕێگە بە حکومەت بدرێت قەرزی دەرەکی بە بەهای 7 ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆیش بە بەهای 40 ترلیۆن دینار بکات بە مەبەستی دابینکردنی مووچە.

بوونی فشار لەسەر نەبڕینی دوو مووچە


بە گوێرەی زانیارییەکان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لێبڕینی 10%ی مووچەی خانەنشینان و بوونی فشارێکی فراوان لەسەر حکومەت بۆ دەستکارینەکردنی مووچەی ئەو عێراقیانەی لە سعودیە بە “رفحا‌ئ”-کان ناسراون و لەگەڵ ئەوانەی خاوەنی دوو مووچەن و ئەوانەی مووچەی “ئۆپۆزسیۆنی بەعس” وەردەگرن، بارگرانی لەسەر شانی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دروستکردووە و حکومەت لە نێوان بەرداشی دەستپێکردنەوەی ناڕەزاییەکان و بوونی ئاستەنگی لە ئەنجامدانی چاکسازی، دەستی بۆ بژاردەیی زیادکردنی قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بردوە بە ئامانجی دابینکردنی مووچە.

دامەزراندنی سندقی وەبەرهێنان

دوێنێش مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی وەزارەتی نەوتی کرد و لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بە گرنگی دەزانن داهاتی نەوت لە فراوانکردنی پڕۆژەی گەشەپێداندا بەکاربهێندرێت، هەروەها کار دەکەن بۆ دامەزراندنی سندقی وەبەرهێنان بۆ نەوەکانی داهاتووە.

تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵات

ئەوەشی خستوەتەڕ، کەرتی نەوت لە عێراقدا کەرتێکی دێرینە و ئەوان کار بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوە و فراوانکردنی دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا پشت بەستن بە نەوت وەکو تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵات بەڕێژەی 95%، نیشانەی شکستی سیاسەتەکانی پێشوترە.

پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ له‌ چاکسازی دارایی و ئابووری

سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد، هەرچەندە فشاریان لەسەرە بۆ دروستکردنی ئاستەنگی و ڕێگری لە سەرکەوتنی هەنگاوەکانی حکومەت، بەڵام ئەوان لە ئەنجامدانی چاکسازی دارایی و ئابووری پاشگەزنابنەوە “کە دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو هەڵانەی لە پێشووتردا کراون”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close