ڕۆژنامەکوردستانی

وەزارەتی شارەوانی هه‌رێم ئەنجومەنی شارەوانییەكان پێكدەهێنێتەوە

سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بەڕێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

سه‌ربه‌ست عه‌لى – هه‌ولێر/ تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارى هه‌رێم لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازیدا و بۆ باشتر راییكردنی كاروباری شارەوانییەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، ئەنجوومەنی شارەوانییەكان لە پارێزگە و قەزا و ناحیەكان بەشێوەیەكی تر و سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە.

پێهێناوه‌ى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌كان بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 تایبەت بە پەیڕەوی پێكهێنانی ئەنجومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان و بەبڕیاری ژمارە (32) كە لە كۆبوونەوەی ژمارە (12)ی ئەنجوومەنی وەزیران لە 30/10/2019 پەسەند كرا، هەروەها لە ژمارەی 246 لە 27/1/2020 لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان و بڵاوكراوەتەوە، تێیدا ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان دیاریكراون.

به‌پێى راگه‌یاندراوێكى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى هه‌رێم، ئەنجومەنی شارەوانییەكان ماوەی 20 ساڵ بوو گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتبوو، لەكاتێكدا دەبوو هەر چوار ساڵ جارێك لە خولی نوێدا ئەو ئەنجوومەنانە بەڕێوە ببرێن، ئەمەش ببووە هۆی گلەیی هاووڵاتییان لە سستی كارەكانیان و ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای كاركردنیان دروستكردبوو، لە قۆناغی ئێستادا، واتە دووبارە پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بەرزترین ئاستی دەسەڵاتییان لە بەڕێوەبردنی شارەكاندا دەبێت و كاریگەری لەسەر باشی كاركردنیان و لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییاندا دەبێت، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەژێر رۆشنایی پڕۆسەی چاكسازی حكومەت، ئەو ئەنجوومەنانە بە دەسەڵاتی تەواوەوە پێكدەهێنێتەوە.

لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 184 شارەوانی هەن، وەزارەتی شارەوانی ئەنجوومەنەكانیان سەرلەنوێ پێكدەهێنێتەوە و بەگوێرەی ماددەی دووەمیش لە پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ئەنجومەنی پارێزگەکان ڕادەسپێردرێن بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدەکان کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دیاریدەکرێن، سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بەڕێژەی 75% لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان دەبێت و 25%یش لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

به‌پێى راگه‌یاندراوه‌كه‌، یەکەم جارە لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێکخراوەکان ڕاستەوخۆ بەشدارن لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن.

دیاریكردنی نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان وەرچەرخانێکی گرنگە لە بەشداریپێکردنی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوەکان لە بڕیاردان، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێکخراوەکان ڕاستەوخۆ بەشدار دەبن لە بڕیاردان لە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لە بەڕێوەبردنی شارەوانییەکاندا دەدرێن. هەروەها بوونی ژمارەیەکی زۆریش لە بەڕێوەبەری گشتی یا بەڕێوەبەری وەزارەتەکانی تر لەو ئەنجوومەنە وا دەکات کاروباری هاووڵاتییان لە شارەوانی کە پەیوەندیان بە وەزارەتەکانی ترەوە هەیە، خێراتر بەڕێوە بچێت، چونکە زۆربەی دامودەزگەکان بەشێکن لە بڕیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە، بۆیە وێڕای نوێبوونەوە، ئەو گۆڕانکارییە هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و بنبڕکردنی گەندەڵی.

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە (2)ی ساڵی 2019 ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكانی شارەوانی لە هەرێمی كوردستان، بەو شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراون:

یەكەم:

بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە (٦) ساڵی (١٩٩٣)ی هەموارکراو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر (پلەی تایبەت) و ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێریش 17 ئەندام دەبن، ڕێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان دەبێت كە دەكاتە 13 كەس و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت كە دەكاتە 4 ئەندام. بەمشێوەیە: سەرۆكی شارەوانیی هەولێر سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی شارەوانی دەكات، ئەندامەكانی تر لە سەرۆكی فەرمانگەكان و نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبن.

دووەم:

سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، كەلار، رانیە و چەمچەماڵ (پلەی نایابن) و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنەوە 13 كەس دەبن، بە هەمان شێوە رێژەی 75% بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان كە دەكاتە 10 ئەندام و 25%یش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكانە دەكاتە 3 ئەندام و ئەنجوومەنەكە، سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

سێیەم:

شارەوانییەكانی (پلە 1) لە قەزاكان لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 14 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 11 ئەندام. ئەوانیش 8 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 3 ئەندام لە نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانیی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

چوارەم:

شارەوانییەكانی (پلە 2) لە ناحیەكان لە سەرتاسەری كوردستان ژمارەیان 33 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكان بە سەرۆكی شارەوانییەوە دەكاتە 9 ئەندام ، 7 ئەندام بۆ سەرۆكی فەرمانگەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەییەكان. بەهەمان شێوە سەرۆكی شارەوانی پەیوەندیدار دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە.

پێنجەم:

شارەوانییەكانی (پلە 3) ژمارەیان 35 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 7 ئەندامن، لەو حەوت كەسە، 5 ئەندامیان بۆ سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش بۆ نوێنەری رێكخراوە پیشەیی و ناحكومییەكان دەبێت.

شەشەم:

شارەوانییەكانی (پلە 4) ژمارەیان 95 شارەوانییە و كۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانیش بە سەرۆكی شارەوانییەوە 5 ئەندامن، 3 ئەندام لە سەرۆكی فەرمانگە حكومییەكان و 2 ئەندامیش لە نوێنەری رێكخراوەكان دەبێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close