کوردستانی

بەرپرسێكی وزەی ئێران: حكومەتی هەرێم 50 ملیۆن دۆلاری ئێمە قەرزارە

شكۆی كوردستان-

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە رایگەیاند: حکومەتی هەرێمی کوردستان 50 ملیۆن دۆلار قەرزداری وەزارەتی وزەی ئێرانە، ئەمەش هەناردەی کارەبای بۆ هەرێمی کوردستان هەندێک ئەستەم کردووە. 

هیوا لهۆنیان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای سنە رایگەیاند: داهاتی کۆمپانیای کارەبا لە هەناردەی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان تاڕادەیەکی زۆر دابەزیوە، بەڵام سەرەڕای هەموو کێشەکان هەناردەی کارەبا بەردەوامە و وتیشی: “حکومەتی هەرێم داوای کردووە کارەبایان بۆ هەناردە بکەین، بەتایبەت بۆ بازاڕچە سنوورییەکان”. 

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ‏رایگەیاند، راستە بڕێك پارەی كارەبای ئێران قەرزدارن كە كەمترە لە ‏‏50 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەو قەرز كۆنە‌”. ئومێد ئەحمەد رەتیکردەوە کارەبا لە ئێران و پێنجوین بکڕن و وتی: “ماوەی چەند ساڵێكە خۆمان ‏كارەبا بۆ پێنجوێن ‌و حاجی ئۆمەران دابین دەكەین”.‏ بەگوتەی لهۆنیان، بە کەمبوونەوەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا، هەندێ سەردان دەکرێن و هەندێک رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لەم بوارەدا واژۆ دەکرێ. بەڕێوەبەری کۆمپانیای کارەبای پارێزگای سنە، رۆژی 6ی تەممووزی ئەمساڵ گوتی: “ئەو کۆمپانیایەی دەتوانێت 300 مێگاوات کارەبا بە پارێزگای سلێمانی بفرۆشێت و لە درێژماوەشدا دەتوانێت ئەمە بگەیەنێتە 900 میگاوات”، بەڵام دەڵێت ئەمە پێویستیی بە رەزامەندیی بەرپرسانی باڵا هەیە. 

ئێران لەڕێی پارێزگاکانی سنە و ورمێوە کارەبای ناوچەکانی پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر دابین دەکات. هوشەنگ بازوەند، پارێزگاری کرماشان، کە رۆژی 11ی حوزەیرانی 2020 سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد، گوتی: “ئامادەن کارەبا بۆ ئەو پارێزگایە دابین بکەن و لە دروستکردن و تەواوکردنی ژێرخانەکانی کارەبادا هاوکاری پارێزگای هەڵەبجە بکەن”. بەگوتەی ئومید مەرئاتی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای پارێزگای کرماشان، نیوەی  کارەبای ئێران بۆ عێراق لەڕێی پارێزگای کرماشانەوە دەدرێت. ئێران بڕێکی زۆر کارەبا بە عێراق دەفرۆشێت، بەڵام عێراق لە هەوڵدایە هاوبەشی دیکە بۆ دابینکردنی پێویستیی کارەبای خۆی بدۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەی وابەستەی خۆی بە وزەی ئێران. 

گەمارۆکانی ئەمریکا کێشەیەکی سەرەکی هەناردەی وزەی ئێران بۆ عێراقە، بەڵام لەبەر پێویستیی زۆری عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەمریکا چاوپۆشی لە عێراق کردووە و بەدەری کردووە لەو وڵاتانەی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەن.

 ئێرانیش بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای خۆی پێویستیی بەم هەناردەیە هەیە هیوا لهۆنیان دەڵێت: لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کێشە ئابوورییەکانەوە، رێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیادی نەکردووە، لەم ماوەیەدا هەناردەی کارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێ بەردەوام بووە، بۆ ئەوەی بتوانین خەرجییەکانی کۆمپانیای کارەبا دابین بکەین و بتوانین کارەبا بە خەڵک بدەین.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close