ڕۆژنامەکوردستانی

ئەگەرەكانی دوای 320 ملیار دینارەكە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

بەغدا رازی بوو هەرێم نەوتەكەی خۆی بفرۆشێت و نیوەی داهاتی دەروازەكانی بۆ بەغدا رەوانە بكات. ئەویش گوایە 320 ملیار دینار بۆ هەرێم رەوانە بكات. ئەگەر سەرنج بدەن بەغدا داوای پارەی فرۆشی نەوتی لەهەرێم نەكردووە، چونكە هەموو زانیاریی و ژمارەكانی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێی چەند سەرچاوەیەك لەتوركیا وەردەگرێت، بەڵام داوایكردووە داهاتی گومرگی دەروازەكانی هەرێم بزانێت و نیوەی بدرێت بەبەغدا.

بەغدا لەو رێككەوتنەی لەگەڵ هەرێم زۆر پێداگری لەسەر شەفافییەت و زانیاریی لەبارەی داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم دەكات، لەكاتێكدا بەپێی دەستور نەك دەروازەكان بەڵكو پارەی فرۆشی نەوتیش سامانی هەموو عیراقە دەبێ‌ بێتەوە یەك كیسە، كەچی بەغدا بێدەنگی لێكردووە!

ئەوەی دەبینرێت ئەو داوایەی بەغدا سەبارەی بەگومرگی سنورەكان پەیوەندی بەبودجەی ساڵی داهاتوو (2021)وە هەیە. كازمیی دەیەوێت تا كۆتایی ئەمساڵ ساڵ ژمارەیەكی خەمڵێنراوی داهاتی سنورەكانی هەرێمی دەستكەوێت، لەكاتێكدا 30 ساڵە لەدەست بەغدا نییەو داهاتی راستەقینەی ئەو دەروازانە نازانێت.

یەكێك لەكێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا پرسی میكانزمی بەڕێوەبردن و دڵنیابونە لەشەفافبونی داهاتی گومرگی ئەو سنورانە. ئەگەر بتوانن ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوەو بەغدا داهاتی خەمڵێنراوی ئەو سنورانەی لەماوەی 5 مانگی داهاتوو دەستكەوێت، ئەوا بۆ ساڵی نوێ‌ لەسەربنەمای كۆكردنەوەی داهاتی ناوخۆو نەوت و سنورەكان، داهاتی گشتیی هەرێم دەستنیشان دەكرێت.

 دوای دەستنیشانكردنی پشكی هەرێم لەبودجەی گشتیی عیراق، مانگانە بڕی داهاتی گشتیی هەرێم لەبەشە بودجەی هەرێم كەمدەكرێتەوەو ئەو بڕە پارەیەی دەمێنێتەوە رەوانەی دەكەن. بۆنمونە ئەگەر بەشی هەرێم لە بودجەی گشتیی عیراق 800 ملیار بێت و داهاتی خەمڵێنراوی هەرێم 500 ملیار بێت، ئەوا بڕی ماوە كە 300 ملیارە بۆ هەرێمی رەوانە دەكەن.

ئەگەر ئەو پێشبینیە راست بێت، مستەفا كازمیی دوو ئامانجی گرنگ دەپێكێت. یەكەمیان داهاتی گومرگی سنورەكانی هەرێم بەنزیكەیی دەزانێت و دەیكاتە دەستكەوت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەو پرسە بۆ بانگەشەی خۆی لەشەقامی عیراقیی بەكاریدێنێت. دووەمیشیان یەكێك لەئەگەرەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو كازمی لەگەڵ لیستێك یان كەسایەتییەكی كوردستان هاوپەیمانی بكات و پرسی ناردنی پارەو موچەی مانگانە بۆ هەرێم بكەنە دەستكەوت وەك چارەسەری كێشەو گرفتی نەبوونی موچەی فەرمانبەران بانگەشەی بۆ بكەن، بەوهۆیەوە كاریگەری لەسەر دەنگدانی هەرێم دروستبكەن و موزایەدەی سیاسی پێبكەن و دەنگی پێ‌ كۆبكەنەوە.

بۆ هاوڵاتییەك لەكوردستان گرنگ موچەكە بدرێت، ئەو بەشێك نییە لەو ململانێ و یارییە سیاسییە، كە دەرەنجامەكانی راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ئەودا دروستكردووە. هەر پاشەكشەیەكیش لەماف و بەركەوتەی كورد لەبەغدا بەهۆی ئەو دۆخەوە دروستبێت، لێپرسراوانی كورد لێی بەرپرسن نەك هاوڵاتی لەكوردستان.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close