شكۆی كوردستان-
لەمیانەی مەراسیمی واژۆکردنی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرەیندا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە واشنتن، چالاکەوانە فەڵەستینیەکان دوو موشەکییان لە غەززەوە بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵدا و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی کەرتی غەززە بەرپرسیارێتی هەڵدانی موشەکەکانیان ڕانەگەیاندووە، بەڵام غەززە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە و لەلای خۆیەوە حەماسیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.
فەڵەستینیەکان کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکەن لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە، پێیان وایە ڕێکەوتنەکەی ئیسڕائیل لەگەڵ هەریەک لە ئیماڕات و بەحرەین ناپاکیکردن بێت لە پرسەکەیان.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین ناتانیاهو و سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لەگەڵ هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئیماڕات و بەحرەین لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هەریەک لە شارەکانی عەسقەلان و ئاشدودی ئیسڕائیل لێدرا.
خزمەتگوزاری فریاکەوتنی خێرای ئیسڕائیل وتی تیمەکانیان چارەسەرییان بۆ دوو بریندارەکە کردووە و چوار کەسی دیکە توشی شۆک بوون.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل وتی دوو موشەک لە غەززەوە هەڵدراون و سیستمی بەرگری موشەکی ئیسڕائیل بەرپەرچی یەکێک لە موشەکەکانی داوەتەوە.
لە غەززەش کە ئیسڕائیل بەهۆی هۆکاری ئەمنیەوە گەمارۆی داوە، دەیان فەڵەستینی لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گردبوونەوە و سەرکۆنەی ڕێکەوتنەکەی نێوان ئیسڕائیل و ئیماڕات و بەحرەینیان کرد، ئەمەش ماوەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی واژۆکردنەکە. خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد ” فەڵەستین بۆ فرۆشتن نیە.”
لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی حەماس سامی ئەبو زەهری وتی ئەو دوو ڕێکەوتنەی ئیسڕائیل لەگەڵ ئیماڕات و بەحرەیندا واژۆی کردووە هیچ ئاشتیەک بۆ ئیسڕائیل لە ناوچەکەدا ناهێنێت.
ئەبو زەهری لە تورکیاوە بە ڕۆیتەرزی وت ” گەلانی ناوچەکە بەردەوام دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم داگیرکەرەدا وەکو دوژمنێکی ڕاستەقینەیان.”