ڕۆژنامەکوردستانی

پەیوەندی حكومەتەكەی كازمی و گروپە میلیشیاكان خراپتر، پێشبینی ئاڵۆزتربونی دۆخەكە دەكرێت

شكۆی كوردستان-

بارودۆخی عێراق تا دێت ئاڵۆزدەبێت، بەرپرسانی عێراق پێشبینی دەکەن چەند مانگی داهاتوو، پڕبێت لە کێشمەکێش و ئاڵۆزی، بەهۆی ململانێی نێوان حکومەت و هێزە شیعیەکان لەلایەک، تێکەڵبوونی ئەجێندای نێودەوڵەتی و ئیقلیمی لەلاکەی تر.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوتووەتە دۆخێکەوە، یان دەبێت بەربەرەکانێی گروپە چەکدارە شیعەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت بکات، یاخود خۆی ڕادەستی ئەجێندا و خواستەکانیان بکات، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن کازمی بکەوێتە ململانێی قوڵ لەگەڵیان.

چەند مانگی داهاتوو تەنها لەڕووی ئەمنی و سیاسی یەوە بۆ حکومەتەکەی کازمی قورس و یەکلایی کەرەوە نابێت، بەڵکو لەڕووی ئابووریشەوە، عێراق لە لێواری قەیرانێکی قوڵدایە، چاوەڕوان دەکرێت کەمی داهات و زۆری خەرجی، حکومەتەکەی کازمی توشی گرفتی گەورە بکات.

لەوبارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەشكۆی كوردستانی وت”پێدراوە سیاسی و ئابووریەکان، دەرخەری ئەوەن قۆناغی داهاتوو بۆ عێراق ئاسان نابێت، بەتایبەت لەڕووی ئابووریەوە، عێراق لە دۆخێکی ئیحراجیدایە، بەردەوام پارەی یەدەگ ڕادەکێشێت، قەرزدەکات و داهاتی نیە، ئەمە عێراق بەرەو داڕووخان دەبات.”

وتیشی”لەڕووی ئەمنیشەوە، عێراق ناتوانێ کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکان بکات و دەستەپارچەیە، بەتایبەت نزیکین لە وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دۆخەکە پڕ لەمللانێ دەبێت.”

لەپاڵ خراپی دۆخی ئابووری عێراق دا، گروپە چەکدارەکان لەڕێگەی بەردەوامیدان بە تیرۆری سیاسی و موشەک بارانکردنی باڵیۆزخانە و ناوەندە دبلۆماسیەکان، حکومەتی عێراقیان بەشێوەیەک سەرقاڵ کردووە، بە ئاسانی نەتوانێت ڕووبەڕووی ئەو هەموو قەیران و کێشەیە ببێتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە بەغدا کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت”جگە لە ئەمەریکا، وڵاتانی ئەوروپاش هاتوونەتە سەر هێڵ و پشتیوانی کازمیان کردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی جم و جۆڵی گروپەکان و لێپێچینەوەی یاسایی.”

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، دۆخی عێراق لەبەردەم ئاڵۆزیەکی گەورەدایە، چونکە گروپە چەکدارەکان دەستبەرداری چەک نابن و ڕێگەش نادەن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت، گەر چەکیشیان لێوەرنەگیرێت، هیچ گەرەنتیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد نیە، کەخواستی عێراقیەکانە.

سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە، کازمی دەبێت لە چەند مانگی داهاتوودا، کێشەی ئەو گروپانە یەکلایی بکاتەوە، ئەمەش عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەبات، وتی”گەر ئەمەریکا لە عێراق بڕواتە دەرەوە، عێراق توشی قەیرانی گەورە دەبێت، چونکە نیازی لێدانی هەیە لێیان، لەو حاڵەتەدا ئەمانیش بەرامبەر حکومەتەکەی کازمی دەستەوەستان نابن.”

جەختیشیکردەوە”هێرشەکەی سەر هەولێریش پەیام بوو، بەوەی گەر ئەمەریکا دوای بەغدا بڕواتە هەولێر، لەوێش بەرامبەریان دەستەوەستان نابن.”

جم و جۆڵی گروپە چەکدارەکان، لەکاتێکدایە ئێرانیش بەرامبەر بە دۆخی ئێستای عێراق بێ دەنگ نابێت، بەو پێیەی عێراق بە هێڵی پێشەوەی بەرگری لە وڵاتەکەی تەماشا دەکات.

سالار مەحمود ڕاوێژکاری پێشووی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، پێیوایە ململانێیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەسەر ئەرزی عێراق درێژەی دەبێت، بەتایبەت لە ئێستادا ململانێکانی یەمەن و سوریا و لوبنانیش بۆ عێراق گواستراونەتەوە، وتی”کازمی لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدایە، یان دەبێت ملکەچ بێت بۆ پشک پشکێنەی حیزبی و تایەفی، یاخود توشی گرفتی گەورە دەبێت.”

بەبڕوای سالار مەحمود، ئاڵۆزیەکانی عێراق ناگەنە ئاستی تەقینەوە، بەتایبەت قوڵبوونەوەی کێشەکان لە مکاتەدا لەعێراق پەیوەندیان بە هەڵبژاردنی ئەمەریکاو جیاوازی تێڕوانینی ناو ئێرانەوە هەیە بۆ چۆنیەتی بەرگرتن بە هەیمەنەی ئەمەریکاییەکان.

ململانێیی نێوان کازمی و هێزە شیعیەکان، لەچەند مانگی داهاتوودا قوڵتر دەبنەوە، گەر کازمی هەوڵی لەقاڵبدانی ئەو گروپانە و لاوازکردنیان بدات لە هەڵبژاردندا، لەکاتێکدا گەر ئەو گروپانە هەڵبژاردنی داهاتووش بەرنەوە، ئەوا دۆخی عێراق بۆ پێش سەردەمی کازمی دەگەڕێتە دواوە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close