ڕۆژنامەکوردستانی

به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌عس و سه‌دام، گه‌ڕێنرانه‌وه‌‌ به‌غدا

رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

دواى (15) ساڵ بەڵگەنامەکانى سەرکردایەتى حیزبى بەعسى عەرەبیى هەڵوەشاوە- بەشى عێراق، لە واشنتنەوە گەڕێنرانەوە بەغدا، ئەوانە کە پڕن لە بەڵگەنامەى مێژویی، ئاماژەن بۆ سەردەمێکى تاریک و توندوتیژ و بەسەربازگەکردنى کۆمەڵگاى عێراقیی.

بەڵگەنامەکان مشتێکن لە خەروارى سەردەمى دیکتاتۆریەت، لە دەسەڵاتى یەکەم دامەزرێنەرى حیزبى بەعس (میشیەل عەفلەق) تا دوا دیکتاتۆرى ئەو قۆناغە (سەدام حسێن مەجید)، کە بەشێک لە بەڵگەنامەکان پەیوەندیان بە کورد و پڕۆسەکانى ئەنفال و کیمیاوى هەڵەبجەوە هەیە، بەڵگەن لەسەر تاوانەکانى بەعس دەرحەق بە کورد، کە ساڵى (1994) رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ بەشێک لەو بەڵگەنامانەى خستەڕو.

هیومان رایتس ۆچ، ئەو بەڵگەنامانەى سەردەمى بەعس کە پەیوەندى بە کورد و پڕۆسەکانى ئەنفال و روداو و تاوانەکانى دەرحەق بە کورد لە کوردستانى عێراق هەیە، وەک بە شێک لە “مەتەڵێکى گەورە” وەسفدەکات و ئاماژە دەکات بەوەى کە “ئەمە بەشێکە لە ئەرشیفى حیزبى بەعس”.

لە دواى ساڵى (2003) و داگیرکردنى بەغدا لە لایەن هێزەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانان و روخاندنى رژێمى بەعس و دروستبونى خرۆشانى جەماوەریی لەبەغدا، یەکێک لەو بابەتانەى هەڕەشەى لەناوچونى لەسەر بو بەڵگەنامەکان بون، لەوانەش بەڵگەنامەکانى سەردەمى بەعس، بەشێکى زۆر لەو بەڵگەنامانە کەوتونەتە دەستى هێزە سیاسیە عێراقیەکان بە کورد و عەرەبەوە. بەشێکیشیان لەلایەن دەزگاى یادەوەریی عێراقی پارێزران و پاش ئەوەش لەناو ناکۆکى و مشتومڕێکى زۆر برانە دەرەوە، جارێکى دیکە گەڕێنرانەوە.

 (دەزگاى یادەوەریی عێراقی) کە دەزگایەک بو لە دواى روخانى رژێمى بەعس بە مەبەستى پاراستنى مێژوى بەعس لە عێراقدا و هەلگرتن و دیکۆمێنت کردنى بەڵگەنامەکان دروستبو، ئەرکى پاراستنى ئەو بەڵگەنامانەى گرتە ئەستۆ.

کەنعان مەکییە نوسەر و سیاسیی عێراقیی، سەرۆکى ئەو دەزگایەیە و دەڵێت: بیرمان لەپاراستنى ئەو دیکۆمێنتانە کردەوە بۆ ئەوەى نەوەکانى داهاتو ئاگادارى ئەو مێژوە “توندو تیژە” بن کە عێراق پێیدا گوزەرى کردوە، بۆ ئەوەى کاتێک نەوەى داهاتو پەیکەرى میشیەل عەفلەق و هەمو ئەو دیکۆمێنتانەى دیکە دەبینن کە دەزگاى یادەوەریى عێراقیی پاراستونى، بیر لەوە بکەنەوە جارێکى تر ئەو توندو تیژییە دوبارە نەکەنەوە.

مەکیە ئاماژە بەوە دەکات؛ لە رێى دیکۆمێنت و نوسینەکانەوە هەروەها لەرێى ئەو تێبینیانەى میشیەل عەفلەق لەسەر پەڕاوەکان نوسیوینى دەتوانین لە شێوەى بیرکردنەوەى ئەو سەرکردەیەى بەعس تێبگەین.

“ئەشکەوتەکەى عەلادین” چۆن دۆزرایەوە؟

 لە یەکێک لە بەیانیەکانى حوزەیرانى دواى روخانى سەددام، دەنگۆى پەلاماردانى پەیکەرى میشیەل عەفلەق و سوتاندنى کتێبخانەکەى لەلایەن جەماوەرى توڕەوە بڵاوبوەوە، دەنگۆکە گەیشتە گوێى کەنعان مەکیە بەڕێوبەرى دەزگاى یاداوەرى عێراقى و مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى ئێستاى عێراق کە ئەو کات لەگەڵ مەکییە لە دەزگاى یاداوەریی کارى دەکرد.

  ناوبراو بەپەلە لەگەڵ مستەفا کازمى بەرە و شوێنى دیاریکراو رۆیشتن، بەڵام بە گەیەشتنیان بە شوێنى کتێبخانەکەى عەفلەق، تێگەیشتن ئەوەى بیستویانە تەنها دەنگۆیەک بوە، نەسوتاندن و نە پەلامار و نە جەماوەرى توڕە، هەموشت ئارامە و چەند سەربازێکى ئەمەریکی و ئەفسەرێک پاسەوانیی شوێنەکە دەکەن.

پرسیاریان لە ئەفسەرە ئەمەریکیەکە کرد، ئایا خەڵک یان هیچ گروپێکى عێراقیى هاتونەتە ئەم شوێنە، ئەفسەرەکە وەڵامى دایەوە، نەخێر، لەهەمانکاتدا پرسیارى لەناسنامەکانیان کرد، مەکییە بە زمانە ئینگلیزیەکەى ئەفسەرەکەى تێگەیاند، ئەوان کێن و لە کوێ کار دەکەن.

لێرەوە ئەو شتە رویدا کە بە خەیاڵى کەنعان مەکییەدا نەهاتبو، ئەفسەرە ئەمەریکیەکە هەڵگرى بروانامە بەکالۆریۆس بو لە مێژو، بڕێکى زۆر لە دۆسیە و کاغەزى بینى بو لە بەشى خوارەوەى ئەو باڵەخانەیە  فڕێدرابون کە دەچێتەوە سەر باڵەخانەى سەرکردایەتى حزبى بەعس و تەنها (100) مەتر لە یەک دوربون، بەڵگە نامەکان سەرنجى ئەفسەرەکەیان راکێشابو، بەڵام نەیزانیبو چین، دواى ئەوەى لە ناسنامەیان دڵنیا بویەوە پێى وتن کاغەزو دۆسیەى زۆر لە بەشى خوارەوەى ئەم باڵەخانەیە هەن.

هەرسێکیان پێکەوە رۆیشتن بەرە و ژێرزەمینێکى تاریک بە لایت بەردەم خۆیانیان روناک دەکردەوە، بۆنى تەڕى و شێ (تەرەشوع)ى لێدەهات لەوێ بەهەزاران تەن لە مەلەف و کاغەزى نوسراو فڕێدرابون، مەکییە و کازمى هەریەک لە سوچێک کەوتنە گەڕان بەناوکاغەزەکاندا و شتى زۆر تایبەتیان بینى، تێگەیشتن ئەم کاغەزە فرێدراوانە سامانێکى نیشتیمانین، بەشێکن لە مێژوى عێراق و بەڵگەنامەکانى سەردەمى حزبى بەعسن، ئەفسەرەکەش هەر زو زو دەیپرسی هیچتان دۆزیەوە ئەم کاغەزانەچین، گرنگن؟ مەکییە دواى پەشۆکانێک هاتەوە سەرخۆى و وتى: ” بەڵێ، بەڵێ، ئێرە ئەشکەوتەکەى عەلادینە” بەڵگەنامەکانى حیزبى بەعسمان دۆزیەوە.

 ئەنفال لە بەڵگەنامەکاندا

 لە راپۆرتێکى تایبەتدا لە شوباتى 1994 رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ کە رێکخراوێکى نێودەوڵەتیى تایبەتە بە مافەکانى مرۆڤ، بەپشتبەستن بەو بەڵگەنامانە کە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا تا ئەمرۆ هەڵگیرابون، لە ژێر ناوى ئەرشیفى بەڵگەنامە کوردیەکان و ئەوەى پەیوەندى بە روداوەکانى ئەنفال و روداوى دیکەوە هەیە، باس لە پرۆسەکانى ئەنفال دەکات و بە “بەشێکى بچوک لە مەتەڵێکى گەورە” وەسفى دەکات. لە ئیستاشدا بە گەڕانەوەى ئەو ئەرشیفە بۆ بەغدا نوسەر و توێژەرانى کورد دەتوانن بە دیکۆمێنت لە بارەى ئەنفالەوە زانیارى وەرگرن، هەروەها ئەم بەڵگەنامانە بۆ کەسو کارى بێسەروشوێنانی ئەنفالیش سودى خۆى هەیە.

مێژویەک بەزمانى بەڵگە

 هەرچەندە ئەو بەڵگەنامانەى ئەمڕۆ گەرێنراونەتەوە بۆ عێراق گرنگى تایبەتیان هەیە بۆ تێگەیشتن لەو مێژوە و هێشتنەوەى هەمو تاوان و تاوانبارەکان بە زیندویی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەنامەکان تەنها بەشێکى ئەو مێژوەن، چونکە ئەو مێژوە هەموى بە دیکۆمێنتنە کراوە، جگە لەوەى بەشێکیشى فەوتاوە و سوتاوە، جا یان بە ئەنقەست، یان بە نەزانیی.

جگە لەوەى دیکۆمێنت نەکردنى هەموئەوەى رودەدات، یەکێکە لە خەسڵەتەکانى ئەو رژێمە دیکتاتۆرو گەندەڵانەى کە وڵاتەکانیان بە ئاگرو ئاسن حوکم دەکەن، لەم جۆرە رژێمانەدا زۆربەى تاوان و بڕیارەکان تەنها بەزارەکى و بێ هیچ نوسراوێک ئەنجام دەدرێن بۆئەوەى نەبنە بەڵگەى مێژویی و یاسایی.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەى دەستکەوتوە لە بەڵگەنامە و ئەرشیفى حیزبى بەعس بەسە بۆ ئەوەى لە تاریکى و ستەمى ئەو سەردەمە تێبگەین، ئەو لایەنە روناکە مشتێکە لە خەروارێکى گەورەتر لە ستەم و دیکتاتۆریەت و توندو تیژیی و حوکمى پۆلیسى لەسەردەمى رژێمى بەعس کە لە ساڵى (2003) بەیەکجاریی لەناوبرا .

ئیستاش گرنگیی ئەم ئەرشیف و بەڵگەنامەیە لەوەدایە، کە مێژو بەزمانى خۆى، خۆى دەگێڕێتەوە، بە بەڵگە و نوسراو و دیکۆمێنت.

کەنعان مەکیە کە خۆى و دەزگاکەى شانازیی پاراستنى ئەو بەڵگەنامانە و ئەرشیفکردنیان و پاشان گەڕاندنەوەیان هەیە، دەڵێت: ” خەونى من ئەوەبو بەئاگاداربون لە ئەرشیفى سەدام حسێن رێڕەوى لێکۆڵینەوەکان لە بارەى عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە بگۆڕدرێن، خەونم ئەوەبو هەر خێزانێکى عێراقیى کە کەسێکى بوەتە قوربانیی دەستى ئەو رژێمە یان چارەنوسى نادیارە ، تەنها بە دەستدان لە دوگمەیەک، چارەنوسى خۆشەویست و ونبوەکەى خۆى بزانێت”  .

لەبارەى گەڕاندنەوەى بەڵگەنامەکانیش بۆ عێراق، مەکییە دەڵێت: “پاش پانزەساڵ کارکردن لە پاراستنى ئەو بەڵگەو دیکۆمێنتانە وا ئەمڕۆ جارێکى تر دەیانگەڕێنینەوە بۆ نیشتیمان کە ئەوە شوێنى سروشتیی و ئاسایی ئەو بەڵگەنامانەیە و چى تر نابێت لەدەرەوە بن”.

چاودێران پێیانوایە گەڕاندنەوەى ئەو بەڵگەنامانە لەلایەن واشنتنەوە بۆ عێراق لەم کاتەدا، بەشێکى دیکەى پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکایە بە حکومەتى مستەفا کازمی.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close