سه‌ربه‌ست عه‌لى – هه‌ولێر
له‌سه‌ر داواكاى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان، دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم لێكۆڵینه‌وه له “دیارنه‌مانى 63 ملیار دینار” ده‌كات، كه نزیكه‌ى شه‌ش ساڵ پێش ئێستا بڕیارى خه‌رجكردنى درا، به‌ڵام پاره‌كه به چه‌ند وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌یه‌ك نه‌گه‌یشتووه.
له كۆتایى مانگى ئازارى 2013 حكومه‌تى هه‌رێم بڕى 106 ملیار دینارى له بودجه‌ى به كاربردنى دامه‌زراوه‌كانى (سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، په‌رله‌مان، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى، ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، ده‌زگاى ئاسایش و یه‌ده‌گى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوروى هه‌رێم)ى بڕى، دواتر وه‌زاره‌تى دارایى به بڕیارى ژماره (4642) له هه‌مان ساڵدا بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى جێبه‌جێكرد
به‌پێى بڕیاره‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، ده‌بوو پاره‌كه بڕى 40 ملیار دینارى بدرێت به وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به مه‌به‌ستى به‌خشینى به‌و پێشمه‌رگانه‌ى كه مووچه‌كانیان له 600 هه‌زار دینار كه‌متره، 10 ملیار دینار بۆ پاڵپشتى مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كه مووچه‌ى ئه‌وانیش له 600 هه‌زار دینار كه‌متره، هه‌روه‌ها 10 ملیار دینار بۆ دروستكردنى خانوو بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان و 20 ملیار دیناریش بۆ پایته‌ختى رۆشنبیرى و 10 ملیار دینارى دیكه بۆ كۆمه‌كى سندوقى تووشبووانى شێرپه‌نجه، پێنج ملیار بۆ ئه‌و كه‌مئه‌ندامانه‌ى كه رێژه‌ى كه‌مئه‌ندامیان له 49%ه، پێنج ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى خوێندنگه‌كان، سێ ملیار دینار بۆ ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافه‌كانى مرۆڤ و دوو ملیاریش بۆ ده‌سته‌ى ژینگه‌و ملیارێكیش بۆ ئه‌نجومه‌نى خانمان.
دواى به‌دواداچوونى په‌رله‌مانتاران، ده‌ركه‌وتووه له كۆى 106 ملیاره‌كه‌دا، بڕى 63 ملیار دینار دیارنه‌ماوه.
وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له كۆتایى مانگى كانوونى یه‌كه‌مى 2014 وه‌ڵامى په‌رله‌مانتاران داوه‌ته‌وه كه 40 ملیار دیناره‌كه‌یان پاره‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى كار به ره‌سمى له مانگى ئابى 2014 رایانگه‌یاندووه كه ئه‌و پێنج ملیار دیناره‌یان وه‌رنه‌گرتووه.، جگه له‌وه ئه‌و 10 ملیار دیناره‌شى كه بۆ دروستكردنى خانوو بۆ كه‌سوكارى شه‌هیدان بڕیارى لێ درابوو، به وه‌زاره‌ته‌كه نه‌دراوه.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش به نووسراوى ژماره (395) له 25ى ئایارى 2015 راگه‌یاندووه: پێنج ملیاره‌كه‌یان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، هه‌روه‌ها ده‌سته‌ى ژنیگه‌ش به نووسراوى ژماره (526) له 2ى نیسانى 2015 كه بۆیان دانرابوو، جێبه‌جێنه‌كراوه، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئه‌نجومه‌نى كاروبارى خانمانیش ره‌تیانكردۆته‌وه كه پاره‌كه‌یان وه‌رگرتبێت.
له ماوه‌ى ئه‌و شه‌ش ساڵه، چه‌ند جارێك دیارنه‌مانى ئه‌و پاره‌یه ده‌كه‌وێته‌به‌ر باس، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت به‌ره‌سمى هۆكارى “دیارنه‌مانى” ئه‌و 63 ملیار دیناره‌ى ئاشكرانه‌كردووه.
له خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان جارێكى دیكه، بڕیاریدا كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه بكرێته‌وه، بۆیه له سه‌ره‌تاى ئه‌یلولى ساڵى پار داواى له‌ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌كات داوا له لێژنه‌ى ده‌سپاكى و كاروبارى په‌رمان و سكاڵا بكرێت بۆ به‌دواداچوون بكرێت بۆ دیارنه‌مانى 63 ملیار دیناره‌كه، بۆیه سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و له 5ى تشرینى دووه‌مى 2019، دۆسیه‌ى دیارنه‌مانى پاره‌كان بۆ چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرێت و تیادا داوا له دیوانى چاودێرى هه‌رێم ده‌كات به‌دواداچوون بكات بۆئه‌وه‌ى هۆكارى “به‌هه‌ده‌ردان و دیارنه‌مان”ى پاره‌كه‌ى دیارى بكرێت؟.
له وه‌ڵامى داواكارییه‌كه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان، دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێمى كوردستان به نووسراوى ژماره (601) له 19ى تشرینى دووه‌مى 2019 بڕیاریداوه به پێكهێنانى پێنج كه‌س له (كه‌سانى پسپۆڕ‌و شاره‌زا) لێژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه له دیارنه‌مانى 63 ملیار دیناره‌كه.
دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه كه دواى ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كه، سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى لێ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له دیوانى چاودێرى دارایى هه‌رێم راگه‌یاند: كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه ده‌كه‌ن و تاوه‌كو ئه‌نجامى راست و دروستى دیارنه‌مانى ئه‌و 63 ملیار دیناره‌كه ئاشكرانه‌كه‌ن واز له‌و دۆسیه‌یه ناهێنن”.