هەمەڕەنگنێودەوڵەتیڕۆژنامە

جەنگی جیهانی دراوەکان سەرهەڵدەدات

رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

بەهۆی ئەو زەبرە بەهێزەی کە بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە ئابوری جیهانیدا، سیاسەتی دارایی و ئاڵوگۆڕی پارەی نەختینەیی لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر هات، هەر بەهۆی ئەو کاریگەریانەوە ناکۆکی نێودەوڵەتییەکانی چەند ساڵی رابردو فراوانتر بو، کە دیاترینیان هەوڵی لەقکردنی پێگەی دۆلاری ئەمریکی بو وەک دراوی یەدەگی جیهانی، بەوەش شەڕی دراوەکان لە نێوان گەورەترین زلھزەکانی جیهان لە روی ئابورییەوە سەریهەڵدا.

ئەو هۆکارانەی کە بونەتە هۆی سەرهەڵدانی مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی دراوە جیهانییەکان بریتین لەو سیاسەتانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ بوژانەوەی ئابوری وڵاتەکەی گرتویەتییەبەر، هەروەها شکانی بەردەوامی بەهای دۆلار بە هۆکارێکی دیکەی هەڵگیرسانی ئەو شەڕە دادەنرێت.

ترەمپ لە پاش ئەوەی لەساڵی 2017 پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکای وەرگرت، چەندین جار ئەوەی راگەیاندوە، کە دەیەوێت ئابوری وڵاتەکەی لەژێر دەستی چینییەکاندا دەربکات، لەکاتێکدا چین بە گەورەترین کڕیاری بەرهەمەکانی ئەمریکا دادەنرێت و زۆرترین پشکی بانکەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای هەیە.

پاش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دژایەتییەکانی واشنتن بەرامبەر پەکین گەیشتە لوتکە، ئەو ناکۆکیانە ئاماژەن بۆ بەردەوامی جەنگە بازرگانییەکانی نێوانیان، ئیدارەی ترەمپ لە مانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵدا پلانێکی سندوقی خانەنشینی فیدڕاڵی وڵاتەکەی رەتکردەوە، کە تیایدا چین بە بڕی 4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە وڵاتەکەیدا دەکرد، ئەوەش هێندەی دیکە ناکۆکییەکانی نێوانیانی قوڵترکردەوە.

بە بڕوای ئابوریناسان، ئاڵۆزتربونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لە قۆناغی داهاتودا تەنها بە زیادکردنی باجە گومرکییەکانی نێوانیان ناوەستێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی “شەڕی دراوەکان” لە نێوان دۆلاری ئەمریکی و یوانی چینی.

ساڵی رابردو 2019 ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا چینی بەوە تۆمەتبارکرد، کە یاری بە دراوە جیهانییەکان دەکات، لەبەرامبەردا جین یوان، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی چین رایگەیاند، “ئەو دەستەواژەیەی ئەمریکا بە واتای ئەوە دێت ململانێ بازرگانییەکانی نێوان چین و ئەمریکا ئاڕاستەیەکی دیکەی وەرگرتوە، چوەتە قۆناغی “شەڕی دارایی و دراوەکان”، پێویستە سیاسییەکانی وڵاتەکەی خۆیان بۆ ئەو شەڕە درێژ مەودایە ئامادەبکەن.

سیاسەتی خۆپارێزی

نادر حەداد، راوێژکاری دارایی لە بانکی سویستییە ژەنەڕاڵ-ی فڕەنسی رایگەیاند، “ترەمپ لە دوای ساڵی 2017ەوە سیاسەتی خۆپارێزی ئابوری لە وڵاتەکەی پەیڕو دەکات، لە ئێستادا ناتوانێت بە تەواوەتی پەیوەندییە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ چیندا بپچڕێنێت، چونکە ئەوکاتە چین دەست دەکات بە فرۆشتنی قەباڵە بانکییەکانی خۆی لە ئەمریکا، بەو هۆیەشەوە شەڕی دراوەکان لە جیهاندا سەرهەڵدەدات”.

گۆڕانکارییە گەورەکان

بە بڕوای نورەدین محەمەد، سەرۆکی کۆمپانیای تارجێت بۆ وەبەرهێنان، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نەتوانێت لە رێگەی سیاسەتی ئابوری و پارەی نەختینەیی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی کەمبکاتەوە، ئەوا گۆڕانکاری بنەڕەتی بە بەهای دۆلار بەرامبەر سەرجەم شمەکەکانی بازارە ئابورییەکان بەگشتی و نەوت بەتایبەتی  رودەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە چەند مانگی مانگی رابردودا کە کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبوەوە، هەر وڵاتێک لەلایەن خۆیەوە هەوڵی پاراستنی دراوەکانی وڵاتەکەی دەدا، بە پاراستنی ئاستی هەناردەی وڵات و بەرزکردنەوە قەبارەی بەرهەمهێنان، ئەوەش هەنگاوێکە کە جیهان بەرەو جۆرە شەڕێک دەبات کە پێشتر هاوشێوەی نەبوە، ئەویش “شەڕی دراوەکان”ە.

بەڵگە رونەکان

وائیل مەهدی، بەڕێوەبەری بەشی ئاڵوگۆڕی دراو لە کۆمپانیای گەرەنتی دارایی دەڵێت، “ترەمپ جیهانی کردە ناو جەنگێکی بازرگانییەوە، لەهەمان کاتیشدا چەندین نیشانەی رون دەرکەوتون، کە ئاماژە بە خۆئامادەکردن بۆ لێدانی زەنگی هەڵگیرسانی شەڕی دراوەکان دەکەن”.

مەهدی باسی لەوەشکرد، پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین جار بەشێوەیەکی کورتخایەن شەڕی دراوەکان لەنێوان چین و ئەمریکا رویداوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە، بەهۆی کۆرۆناوە گۆڕەپانی هەڵگیرسانی ئەو جەنگە فراوانتر بوە، لە ئێستادا چەندین وڵاتای جیهان لەو شەڕەوە تێوەگلاون.

هەنگاوە خێراکان

محەمەد شەربینی، بەڕێوەبەری بەشی وەبەرهێنان لە کۆمپانیای ئێن ئەی کەپیتاڵ رایگەیاند، بەهۆی ئەو قەیرانە تەندروستییەی کە جیهانی گرتوەتەوە، زۆرینەی وڵاتانی جیهان پەنایان بە چەند هەنگاوێکی خێرا بۆ پاراستنی ئابوری وڵاتەکەیان بردوە، یەکێک لە هەنگاوەکانیش بەرزکردنەوەی سودی بانکی بو لەسەر دراوی وڵاتەکەیان، تا بتوانن بەهۆیەوە ئابوری وڵاتەکە بە پتەوی بهێڵنەوە لەکاتی تێپەڕاندنی قەیرانەکە، بانکی ناوەندی یەکێتی ئەوروپاش هەمان رێگای بەکارهێنا لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنادا.

بەپێی وتەی شەربینی، جگە لە سیاسەتەکانی ترەمپ، چەندین هۆکاری دیکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی دراوەکان هەن، لەوانەش بەرزبونەوەی ئاستی بێکاری لە جیهان، کەمبونەوەی جوڵە بازرگانییەکان، بەردەوامی ململانێ بازرگانییەکان لە نێوان هەردو جەمسەرە ئابورییەکەی جیهان.

بەبڕوای شەربینی، ئەگەر دەوڵەتانی جیهان بڕیاری خێرا بۆ چارەسەری کاریگەرییەکانی کۆرۆنا بکرێت، دەکرێت خۆمان لە سەرهەڵدانی شەڕی دراوەکان لابدەین، چونکە جگە لە روسیا و چین تا ئێستا وڵاتانی جیهان پشتگیری لە بەکارهێنانی دۆلار وەک دراوی یەدەگ و هۆکارێک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهان دەکەن.

بەگشتی سیاسەکانی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی زیانی لە زۆر لە وڵاتانی جیهان گەیاندوە، بۆ نمونە ئەو وڵاتانەی کە داهاتەکانیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەفرۆشێت، بەهۆی شکانی بەهای دۆلاری ئەمریکی روبەڕوی کوتهێنانی بوجە بونەتەوە، ئەوەش وادەکات ئەو وڵاتانە بۆ خۆلادان لە زیانەکانی شکانی بەهای دۆلار لە جەنگی دراوەکانەوە تێوەبگلێن، تا پارێزگاری لە کەرتی ئابوری وڵاتەکەیان بکەن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close