سندوقی وەرزشی/ رۆژنامەی شكۆی كوردستان
دوایی ناردنی نامە لەلایەن میسییەوە بۆ كارگێڕی بەرشلۆنە وەك بۆمبێك وابوو بەڕوو جیهانی تۆپی پێ تەقییەوە، چونكه تەنها نوسیبوی (دەمەوێت بڕۆم) ئەمەش كاردانەوەیەكی یەكجار زۆری بەدوایی خۆی داهێنا و بووە مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئهوڕوپا بەتایبەتی و جیهان بەگشتی.
زۆربەی ڕۆژنامەكانیش كۆك بوون لەسەر ئەوەی میسی پاش گەزنابێتەوە و بڕیاری كۆتایی داوه، ناوی میسی بەیانەكانی مانجستەر ستی و پاریس سانجێرمان و ئەنتەر میلان بەسترا بووهوه، بەڵام بەهۆی بەهێزی پەیوەندەییەكانی لەگەڵ پیپ گواردیۆڵا ئەگەری كۆچكردنی بۆ ئەم یانە زۆرتر بوو، بەڵام كارگێڕانی بەرشلۆنە سوور بوون لەسەر مانەوهی میسی.
جەنگەكە چەند ڕۆژێك بەردەوامبوو؛ میسی بایكۆتی پشكنینە پزیشكەكان و مەشقەكانیش كرد بۆ ئەوەی ڕێگەی ڕۆیشتنی بدەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوو چونكە بەرشلۆنە تەنها بەوە ڕازی بوو هەر یانەیەك بیەوێت میسی بكڕێت، دەبێت ٧٠٠ ملیۆن یۆرۆی كاش بدات، ئەمەش ئەركی ئەو یانانەی یەكجار قورس كرد بوو، هەرچەندە بەندێك هەبوو كەوا ڕێگە بە میسی دەدات لە هاوینی ئەمساڵ دەتوانێت بڕوا. كارگێڕانی بەرشلۆنە وتیان ئەم بەندە كۆتایی هاتووە تەنانەت سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپاناش هاتە سەرخەت بۆ ڕێگریكردن لەسەر ڕۆیشتنی میسی، چونكە پێیوابوو میسی بڕوات زیانێكی زۆر بەر لالیگا دەكەوێت، ئەمەش زیاتر كارەكانی بۆ ڕۆیشتنی میسی قوڕستر كرد.
میسی نەیدەویست لە ڕێگهی دادگاشهوه كارەكە یەك لابكاتەوە چونكە ڕووبەڕووبوونەوەی لە دادگا لەگەَڵ بەرشلۆنە بە تاوان دەزانی، ناچار نامەیەكی دڵخۆشكەری بڵاوكردەوە و مانەوەی خۆی بۆ وەرزێكی تر ڕاگەیاند.
میسی ئەم وەرزەش بەردەوامدەبێت لە كاپنوو، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا میسی لەدوایی ئەم هەموو مقۆ مقۆیە دەتوانێت ئەو ئاستەی جاران پێشكەش بكات؟ داهاتوو وهڵاممان دەداتەوە كە میسی بە جهستە لە بەرشلۆنەیە یان به دڵ؟