ڕۆژنامەکوردستانی

وتاری عارف قوربانی لەبارەی كتێبەكەی مەلا بەختیار

عارف قوربانى

هەرچەندە بەشێك لەو راستیانەی مەلا بەختیار لە دیدارە تەلەڤزیۆنییەكەی لەگەڵ رووداو و لە كتێبەكەی (لەبری بیرەوەری) بڵاویكردوونەتەوە، پێشتر كەسانی تریش لە گێڕانەوەی یاداشت و بیرەوەرییەكانیان تۆماریان كردوون و چاپ و بڵاوكراونەتەوە. بەڵام رەنگە وەكو پێویست بەردەستی خوێنەران نەكەوتبن، ئەگینا هەندێك لەو رووداوانە لە كتێبی بیرەوەرییەكانی سەید كاكە و محەممەدی حاجی مەحموود و هەڤاڵ كوێستانی و … چەندین كتێبی دیکەشدا بە وردەكاریی زیاترەوە باسكراون. بەڵام ئەوەی وایكرد قسەكانی مەلا بەختیار وەك شڵەقاندنی گۆمێكی مەنگ بكەوێتەوە، پەیوەندی بە هۆكارەكانی ئێستای گەیاندن و كاریگەرییەكانی كەناڵی نێردەرەوە هەیە. بۆیە بۆ بەشێكی زۆری خەڵك قسەی نەبیستراون.

مەلا بەختیار وەك خۆی لە دیدارە تەلەڤزیۆنییەكەش باسیكرد ئەمە بیرەوەری نییە، بەڵكو وەڵامی بەشێك لەو ناڕەوایەتییانەیە بەرامبەری كراون. كاتێك كتێبەكەش دەخوێنیتەوە لاپەڕە به لاپەڕەی روونكردنەوەی بەشێك لەو رووداوانەی ئەو رۆژگارانەیە كە مەلا بەختیار پێیوایە زوڵمی دەرهەق كراوە، كە لە راستیشدا ئەگەر خۆشی ئەم كتێبەی نەنووسیبا زۆربوون ئەوانەی كە دەزانن ئەوەی لە رابردوودا بەرامبەری كراوە زوڵمی گەورە بووە و تاوەکو ئێستاش ئەو زوڵمە لەسەری بەردەوامە.

رەنگە بڵاوكردنەوەی كتێبەكە ئەو بەرەیە فراوانتر بكاتەوە كە دەزانن مەلا بەختیار و هاوڕێكانی ستەملێكراون. هەرچەندە لە ئێستاشدا سەنگەری دژ بە مەلا بەختیاریش فراوانتر دەبێتەوه، لانیكەم تاوەکو ئەوكاتەی خەڵكانی دیکەش دێن و دەبنە گەواهیدەری راستییەكان.

بێگومان مەلا بەختیار بە حوكمی پێگەكەی لەناو كۆمەڵە و یەكێتی ئاگاداری زۆر رووداوی دیکەیە، هیوادارم ئەو سەنگەربەندییەی ئێستا لەدژی دروستبووە، هەروەها ئەو هەڵمەتانەی دەكرێنەسەری، ببێتە وزەی هاندانی بۆ نووسینەوەی تەواوی بیرەوەرییەكانی. چونكە تاوەکو كارەكتەرە سەرەكییەكانی ناو بزاوتە چەكدارییەكە یەكە یەكە خۆیان راستییەكان نەنووسنەوە، وێنایەكی دروست دروستنابێت. لە هەلومەرجێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی وەك كوردستانیشدا كارەكتەرەكان تەنیا ئەوكاتانە ناچارن هەموو راستییەكان بڵێن كە وەك پێویستییەك بۆ راستكردنەوەی شێواویی رووداوەكان یان بۆ وەڵامی تۆمەتی ناڕەوا بەرامبەر بەخۆیان پێویستیان بە وتنی بێت. بەڵام راستی ئەو رووداوانە وەك پێویستییەك بۆ تەواوكردنی نووسینەوەی دیوە شاراوەكانی مێژووی میللەتێك پێویستییەكی حەتمیە.

گەرچی كتێبی لەبری بیرەوەری زۆر راستی شاراوە لە هەڵوێست و بیركردنەوەو بڕیار و رەفتاری كارەكتەرەكانمان بۆ ئاشكرا دەكات، كە بەجۆرێكن مێژوونووسان دەخاتە بەردەم هەڵوەستەی سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژوو یاخود پێویستی پێناسەكردنەوەی شۆڕش، بەڵام سەرنجی بۆ شتێكی دیکە راكێشاوم و لام بووەتە پرسیار. ئایا لە سەری سەرەوە لە ناوەندی بڕیار و لەناو گرووپێكی خوێندەوار و خاوەن فكر و دونیادیدە، به ئەزموون و قاڵبووی ناو شۆڕش و ئاگادار لە رووداوە جیهانییەكان ئەوانە روویاندابێ كە مەلا بەختیار و خەڵكانی دیکە باسیان كردووەو له داهاتووشدا لاپەڕەی زیاتر هەڵدەدرێنەوە كە چی گوزەراوە. دەبێت لە ئاستەكانی خوارەوە لەناو ئەو شیو و دۆڵ و كوێرە گوندانە چی روویدابێت بەناوی شۆڕش و كوردایەتییەوە؟ كە تاوانی ناڕەوای كوشتنی خەڵكی بێتاوان و گومانلێكراو بەبێ دادگا لە ئاستەكانی سەرەوەو بە بەرچاوی بڕیاربەدەستان و خاوەن فكر و پڕوپاگەندەكارانی دیموكراسی و رزگاری مرۆڤایەتییەوە بەو ئاسانییە و بەو جۆرە چووبێتە سەر، ئەی دەبێت لە ناوچەیەكی دابڕاو و دوورەدەست لە سەركردایەتی و لەژێر قەڵەمڕەوی كەسانێكی دیکەی دابڕاو لە شارستانیەت و سەرچاوەكانی پەروەردەیی و زانیاری، دوور له چاودێریی و بێ ترس لە لێپرسینەوە، دەبێت چی گوزەرابێت.

ئێستا دەبێت لەوە تێبگەین بۆچی دە ساڵ لەمەوبەر پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی دەركرد كە نابێت له دادگاكان و لە رووی یاساییەوە لە هیچكام لەو كوشتن و غەدرانە بكۆڵرێتەوە كە لە 1961 تاوەکو ساڵی 1992 لەژێردەستی (شۆڕش)دا، روویانداوە.

 دەبێت ئێستا باش لەو پەندە كوردییە تێبگەین كە دەڵێت (چی بچێنیت ئەوە دەدوورییەوە). راستە مرۆڤ بە گەشەكردنی عەقڵ و ئەزموون و پەیداكردنی هۆشیاریی زیاتر، رەفتار و بیركردنەوەی گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بەڵام ئەم راستییە هیچ لەوەش كەمناكاتەوە كە پەروەردەكردن و دروستكردنی كەسێتی مرۆڤ لە سەرەتاكانی تەمەنییەوە دەبێتە كرۆكی ئاراستەكردنی كەسەكان تاوەکو مردن پێیەوە پابەند دەبن. بۆیە لە خۆڕا نییە ئێستا دۆخی كوردستان بەو جۆرەیە، گەندەڵی و نادادی و زوڵم و چەوساندنەوە، تاڵان و تاڵانكاریی و راوڕووتی، ئەوەی ئێستا وەك ئەنجام لە حوكمڕانی و دەسەڵاتی حیزبی كوردی دەیبینین، دەبێت تێبگەین سەرچاوەی لەچییەوە گرتووە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close