ڕۆژنامەکوردستانی

یوسرا رەجەب: هیچ خولێكی پەرلەمانی بەقەت ئەم خولە گرفتی بۆ دروستنەبوە

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان هاوبیر هیوا -سلێمانى

یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێڕاق ڕایدەگەیەنێت، هیچ خولێكی پەرلەمانی عێڕاق بەقەت ئەم خولە گرفتی بۆ دروستنەبووە، چونكه‌ نەیانتوانیوە وەك پێویست یاسا دابنێن و چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكەن، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد كە هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی حكومەتەكەی مستەفا كازمی.

یوسرا ڕەجەب لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (شكۆی كوردستان) دەڵێت: “بەپێی ئەو ئاماژانەی لەبەردەستدان زۆر زەحمەتە هەڵبژاردنی پێشوەخت لەعێراقدا بكرێت”.

شكۆی كوردستان: ئێوە سەرەتا وەك كاندیدی تەڤگەری ئازادی لەنێو لیستی نەوەی نوێ بوونە پەرلەمانتار، به‌ڵام ئێستا نوێنەرایەتی تەڤگەر دەكەن، ئەوە ڕاستە كە پەیوەندیتان بە نەوەی نوێ نەماوە؟

یوسرا ڕەجەب: بەڵێ، ئێستا من بەتەنها نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان و تەڤگەری ئازادی دەكەم، بەڵام نەك بەناوی فراكسیۆنی تەڤگەر، بۆ وازهێنانیشم لە نەوەی نوێ، دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو هێزەكە بۆ كۆتایهێنان بە هاوپەیمانییەكە بەشێوەیەكی ئاشتیانە، ئەگینا هیچ گرفتێك نەبووە، بەرژەوەندی هەردوولا وای دەخواست كۆتایی بەو هاوپەیمانییە بهێنن.

شكۆی كوردستان: ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق ماوەی دوو ساڵ و نیوە بەردەوامە لە وڵاتێكدا وەك دەوترێت نوقمی گەندەڵی بووە، تا چەند هەست دەكەن ئەم خولە لە دژایەتیكردنی گەندەڵی سه‌ركه‌وتوو بووه‌؟

یوسرا ڕەجەب: هیچ خولێكی پەرلەمانی بەقەت ئەم خولە گرفتی بۆ دروستنەبووە هەر لەسەرەتاوە خۆپیشاندان دەستیپێكرد و دەرفەتێكی ئەوتۆیان پێنەداین سەرقاڵی چاودێریكردنی دەسەڵات جێبەجێكردن بین، ئەوەندەی سەرقاڵی داواكاری خۆپیشاندەران بووین ئەوەندە چاودێرییەكی باشی حكومەتمان نەكرد، ئێمە پێكهێنانی دوو حكومەتمان بینی كە تائێستا لەهیچ خولێكدا ڕووینەدا بوو، هەتا توانیمان چاودێری حكومەتەكەی عادل عەبدلمەهدی بین، بەڵام ئەوان دەستیان لەكاركێشایەوە و حكومەتی مستەفا كازمی دروستبووەوە، پاشان سەریهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەوانە هۆكاری لاوەكییەكان بوون، بەڵام هۆكاری سەرەكی مەسەلەی وەزیرەكان كە تەكنۆكرات بن هەمووی زارەكییە، بەڵكو هەموویان سەر بەهێزێكن، ئەوەش وایكردووە هێزەكان چاودێری وەزیرە لایەنەكانی دیكە دەكەن، بۆیە بەداخەوە ئەم خولەی پەرلەمان لەئاستی پێویست بەئەركەكانی خۆی هەڵنەستاوە، هەم لەڕووی یاسادانان و چاودێریكردنیش.

شكۆی كوردستان: وەك دەزانین مانگی 6ی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریكراوە، بەخوێندنەوەتان بۆ دۆخی عێراق پێشبینی دەكەن ئەو هەڵبژاردنە بكرێت؟

یوسرا ڕەجەب: بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دۆخی عێراق زۆر ئاڵۆزە و هیچ كات ئەو دۆخە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت گونجاو نییە، ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختین، چونكە داوایەكی ڕەوایە، بۆیە پێمانباشە هەڵبژاردن بكرێت دوور لەساختەكاری، بەڵام بەداخەوە هەلومەرجی عێراق رێگە بەوە نادات و گرفتی زۆر هەیە، هەر لەمەسەلەی فرە بازنەیی و كۆتای ژنان كێشەن، مەسەلەی بایۆمەتری گرنگە و لەهەندێك شوێن نەكراوە، بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن بێ بایۆمەتری بكرێت قیمەتێكی ئەوتۆی نابێت و ساختەكاری دەمێنێتەوە، هەژماركردنی دەنگەكانیش بەشێوەی ئەلكترۆنی بێ گەڕانەوە بۆ جیاكردنەوەی دەستی گرفتی دیكەن، بۆیە پێویستە ئەو  گرفتانە یەكلایی بكرێتەوە پاشان ئامادە بین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتانەوە بەدووری دەزانم لەو كاتەدا هەڵبژاردن بكرێت.

شكۆی كوردستان: ئەگەر هەڵبژاردن بە یاسای نوێ بكرێت دەوترێت زەرەری بۆ لیست و حیزبە بچووكەكان هەیە؟

یوسرا ڕەجەب: لە ڕاستیدا ئەم یاسا نوێیە نەك هەر بۆ هێزە بچووكەكان زیانی هەیە، تەنانەت بۆ كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنیش زەرەری هەیە، بەحوكمی ئەوەی ئەم یاسایە لەداهاتوودا پەرلەمانتاری عەشیرەتمان بۆ دروست دەبێت، ئێمە پشتمان لەعەشیرەت و هۆز نەكردووە، بەڵام هەندێك شوێن لەناوەڕاست و باشور هەن كە عەشیرەتێك ئەو ناوچەیەی كۆنتڕۆڵ كردووە، ئەو كاتە ئەو پەرلەمانتارە  كاندیدی ئەو شوێنەیە و خۆی بەنوێنەری ئەو عەشیرەتە دەزانێت نەك گەلانی عێراق.

شكۆی كوردستان: ئێوە ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤن، دۆخی مافی گرتووخانەكانی عێراق چۆنە، هەروەها تا چەند بەدواداچوونتان بۆ كوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەرانی ماوەی رابردوو كردووە؟

یوسرا ڕەجەب: ئێمە لەو لێژنەیە حەوت ئەندامین و نۆ دۆسیە هەیە بۆیە ئەركەكانمان دابەشكردووە، خۆم دۆسیەی كەمئەندامان و ژن و منداڵانم لایە، لەعێراق زیاتر لە چوار ملیۆن كەمئەندام هەیە و لەهەرێمیش سەرووی 108 هەزارن، كێشەی ژن و منداڵانیش پێشێلكاری زۆر هەیە.

شكۆی كوردستان: چوار مانگ بەسەر حكومەتەكەی مستەفا كازمی تێپەڕیوە و لەڕووی میدیاییەوە كارەكانی بە “باش” دەردەكەون، هەست دەكەن لەم ماوە كەمەی تەمەنی تا هەڵبژاردن بتوانێت لەم بەرنامەیەی بەردەوام بێت و بتوانێت دژایەتی گەندەڵی بكات؟

یوسرا ڕەجەب: كازمی كۆمەڵێك ئیشی كردووە، بەڵام بەپێی كارنامەكەی و بەپێی پێویست نەبووە، مەسەلەی رادەستكردن و دەستگیركردنی ئەو كەسانەی خۆپیشاندەرانیان كوشتووە داواكارییەكی گرنگی خۆپیشاندەرانە و جێبەجێنەكراوە. لە دۆسیەی گەندەڵی دەستی بۆ هەندێك دۆسیە بردووە و هەندێك كەسی ڕادەستی لێژنەی نەزاهە كردووە ئەوە هەنگاوێكی بوێرانەیە، بەڵام نابێت دۆسیەی گەندەڵی تەنها چەند كەسێك بگرێتەوە، بەڵكو دەبێت لوتكەی گەندەڵكارانیش بگرێتەوە، بۆیە ناتوانین  لەئێستاوە هەڵسەنگاندن بۆ كازمی بكەین بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی.

شكۆی كوردستان: وەك دەزانین ئەمساڵ حكومەتی توركیا بە بەردەوام ناوچەكانی عێراق بەتایبەتیش هەرێمی كوردستان تۆپباران دەكات و چەندین شەهید و برینداری لێكەوتۆتەوە، بە گشتی هەڵوێستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقت بۆ وەڵامدانەوەی توركیا بەرامبەر ئەو تۆپبارانانە پێ چۆنە؟

یوسرا ڕەجەب: بەداخەوە هەڵوێستی سێ سەرۆكایەتییە لە ئاستی پێویستدا نەبووە، ئەوان بیانووی ئەوەیان هێناوەتەوە بەوەی ڕێككەوتنێك هەیە لەنێوان عێراق و توركیادا بەوەی توركیا بتوانێت بێتە نێو خاكی عێراقەوە و بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەوانەی چەكدارن و بەرهەڵستی حكومەتی توركیا دەكەن، بەداخەوە ئەوەش لەبنەمادا وجودی نییە، پرسیارمان لەنوێنەری حكومەتی عێراق لە پەرلەمان كردووە هەروەها پرسیارمان لە حكومەتی عێڕاقیش كردووە كە ڕێككەوتنێكی ئەمنی بەمشێوەیە هەیە ڕێگە بدرێت بە توركیا بێتە خاكی هەرێمی كوردستانەوە؟ لەوەڵامدا دەڵێن شتێكی وامان نییە و تەنها ڕێككەوتنێكی هەكەزاییە و توركیا خۆی زیادەڕۆیی كردووە.

لەلایەكی دیكەوە حكومەتی هەرێمیش پابەندی كۆمەڵێك یاسای گشتی نابێت كە لە حكومەتی ئیتیحادییەوە دەردەچێت و بەمیزاجی خۆی پابەندی یاسا گشتییەكانی عێڕاق دەبێت، بۆ نموونە لەم ماوەیەدا یاسای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی هێرشەكانی جەنگ و هەڵەی سەربازی دەركرا، لەو یاسایەدا بەندێك هەیە دەبێت لەهەر پارێزگایەك لێژنە پێكبێت، ئیشیان ئەوەیە دۆسیەی قوربانیان وەربگرێت و زیانەكان بخەمڵێنێت بۆ قەرەبووكردنەوە، بەداخەوە حكومەتی هەرێم بڕیار نادات بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانە و بەشەهید هەژمار بكرێن، بۆیە داوامان لەسەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بەنووسراو داوا لەحكومەتی هەرێم بكەن كە بۆچی ئەو كەسانە بەشەهید و كەمئەندام هەژمار ناكرێن.  

بینینی زیاتر
Back to top button
Close