ڕۆژنامەکوردستانی

لە سلێمانییەوە وادەی خۆپیشاندانێكی نوێ دانرا

شكۆی كوردستان-

وێڕای قەدەغەکردنی خۆپیشاندان لەلایەن لیژنەی باڵای ئەمنییەوە، کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان رایگەیاند، بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە گەنج و لاوان و چین و توێژەکان کەماوەی چەندین رۆژە لەسەر شەقامن، کاتژمێر 1:30 خولەکی سبەی هەینی لەشاری سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دیکە خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن، داواش لەهاوڵاتیان دەکەن لەرێگەی خەباتی ناتوندوتیژی لەئاست مافەکانیان بێ دەنگ نەبن.

 ئەم دەسەڵاتە ئومێدی بەخۆداچونەوەی لێ ناکرێت

عەبدوڵای مەلا نوری، نوێنەری کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، چەند رۆژێکە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان “زاڵمانە” هەڵمەتی دەستگیرکردنی چالاکوانان و ئەوکەسانەیان دەستپێکردوە کەدەنگی ناڕازی ناوچەکانیانن و “ئەوەش مانای وایە ئەم دەسەڵاتە ئومێدی بەخۆداچونەوەی لێ ناکرێت”.

یەکگرتو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ بەشداری خۆپیشاندانەکەی سبەینێ بن

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خاوەندارییەتی لەخۆپیشاندەران بکەن کەماوەی چەندین رۆژە بەشێوەیەکی توندوتیژ وەڵامی داواکارییەکانیان دەدرێتەوە، بۆیە بڕیاریانداوە سبەینێ هەینی خۆپیشاندانی ناتوندوتیژی لەسلێمانی و سەرجەم شار و شارۆچکەکان ئەنجام بدەن، داواش لە یەکگرتو، کۆمەڵ، نەوەی نوێ و خەڵكانی بەویژدانی ناو دەسەڵات دەکەن پشتیوان و بەشداری خۆپیشاندانەکەی سبەینێ بن.

 لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین 

نوێنەری کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان ئەوەشی خستەڕو، کاتژمێر 1:30 خولەکی سبەینێ هەینی لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و ئەگەر خۆپیشاندانی ناتوندوتیژ ئەنجامی نەبو بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان، ئەو کات پلانی دیکەی جێگرەوە رادەگەیەنن.

وەک لیژنەی باڵای ئەمنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت رێگەپێدراو نیە 

بانگەواز بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناتوندوتیژی لەکاتێکدایە، ماوەی چەندین رۆژە خۆپیشاندانەکان کەلە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچن چەندین روداوی گیانلەدەستدان، برینداربون و توندوتیژیان لێکەوتوەتەوە و لیژنەی باڵای ئەمنیش رایگەیاندوە، ‎بەمەبەستی زیاتر پاراستنی ئەمنیەت و خولقاندنی كەشێكی ئارام بڕیاردراوە قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌نێوان شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین بەردەوام بێت و لەم کاتەدا خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت رێگەپێدراو نیە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close