نێودەوڵەتی

كۆتا دیبەیتی نێوان ترەمپ و بایدن بە كۆمەڵێك رێنمایی نوێوە ئەنجامدەدرێت

شكۆی كوردستان-

دوەم و کۆتا دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا كاتژمێر 6:00-ی ئێوارە لەزانكۆی بێلمۆنت بەكاتی ئەمریكا و بە چەند ڕێسایەکی نوێوە، بۆ ڕێگەگرتن لەوەی هەردو کاندید قسە بە یەکتر بەبڕن، بەڕێوە دەچێت.

دۆناڵد ترەمپ بێزاری خۆی لە کۆی ئەو شێوازە دەربڕی

بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بێزاری خۆی لە کۆی ئەو شێوازە دەربڕی و ڕۆژی دوشەممە بە پەیامنێرانی راگەیاند هەرچەندە پێیوایە ” زۆر ناڕەوایە” بەڵام بەشداری لەو دیبەیتەی ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری ناشڤڵی ویلایەتی تێنسی دەکات.

ترەمپ وتیشی ” بەشداری دەکەم بەڵام زۆر ناڕەوایە کە بابەتەکانیان گۆڕی و زۆر نارەواشە جارێکی تر پێشکەشکارێک دەبێت کە زۆر لایەنگری دەکات.”

کریستن وێلکەر پەیامنێری بە ئەزمونی کەناڵی تەلەفیزیۆنی NBC لە کۆشکی سپی،  دیبەیتەکە بەڕێوەدەبات و بڕیاریداوە پرسیار لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کۆڤد-19، خێزانەکانی ئەمەریکا، بابەتی نەژادی لە ئەمەریکا، گۆڕانکاری کەشو هەوا، ئاسایشی نیشتمانی و ڕێبەرایەتیکردن لە هەردو بەربژێری سەرۆکایەتی ترەمپ و بایدن بکات.

هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ ڕایانگەیاند پێویستە لە دیبەیتەکەدا تیشک بخرێتە سەر بابەتە نێودەوڵەتییەکان

سەرلەبەیانی ڕۆژی دوشەممە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ ڕایانگەیاند پێویستە لە دیبەیتەکەدا تیشک بخرێتە سەر بابەتە نێودەوڵەتییەکان.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدنیش ڕایگەیاند ترەمپ هەوڵدەدات مشتومڕ لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکەی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا نەکرێت و هەردولا کۆک بون لەسەر ئەوەی بەڕێوەبەری دیبەیتەکە بابەتەکانی دیبەیتەکە هەڵبژێرێت.

لەوبارەیەوە، وتەبێژی بایدن تی جەی دەکلۆ وتی ” وەکو هەمیشە سەرۆک (ترەمپ) زیاتر نیگەرانی ڕێساکانی دیبەیتەکەیە لەوەی کە ئەو یارمەتییانەی پێوستە لە کاتی قەیراندا بدرێت بە وڵاتیان.”

شێوازی دیبیتەکە هەر تەوەرەی 15 خولەکی بۆ تەرخان دەکرێت کە تیایدا هەر یەک لە کاندیدەکان دو خولەکیان پێدەدریت بۆچونەکانی خۆیانی لەسەر بڵێن و پاشان مشتومڕەکە لەسەر تەوەرەکە کراوە دەبێت.

لە یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی کە لە کۆتایی مانگی 9 بەڕێوەچو، ترەمپ چەند جارێک قسەی بە بایدن بڕی جارێکیشیان بایدن پێیوت ” دەکرێت دەمت داخەیت”.

تەنها مایکی ئەوەیان دەکرێتەوە کە قسە دەکات

کۆمسیۆنی بەڕێوەچونی دیبەیتەکان پەیمانیدا گۆڕانکاری بکات بە مەبەستی بەرهەمهێنانی دیبەیتێکی باشتر، و لە ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاند لەو دو خولەکەی کە بۆیان تەرخان دەکرێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان تەنها مایکی ئەوەیان دەکرێتەوە کە قسە دەکات.

کۆمسیۆنەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ” هەردو هەڵمەتەکان لەم هەفتەیەدا ڕەزامەندی خۆیان بۆ ئەو ڕێسا نوێیە پشتڕاست کردەوە”. و ڕۆژی سێشەممەش ڕایگەیاند ” بۆ بەجێگەیاندنی ئەو ڕێسا نوێیە تەنها ئەو کاندیدەی کە وەڵام دەداتەوە لەو دو خولەکەدا مایکرۆفۆنەکەی کراوە دەبێت.”

کۆمسیۆنەکە دەشڵێت هیچ کام لە هەڵمەتەکان ئەم ڕێسا نوێیانەیان بە تەواوەتی لا پەسەند نییە، بەڵام بڕوا دەکرێت ئەم کردارانە وا دەکات کە ئەمەریکاییەکان باشتر بابەتەکان هەڵبسەنگێنن.

یەکەم دیبەیتی سەرۆکایەتی لە کۆتایی مانگی نۆ ئەنجام درا و بڕیاربو لە سەرەتای ئەم مانگە دیبەیتێکی تر هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ترەمپ توشی کۆرۆنا بو و کۆمسیۆنی بێلایەنی دیبەیتەکانی سەرۆکایەتی بڕیاریدا دیبەیتەکە بە ڕێگای ئۆنلاین بکرێت، ترەمپ ئامادە نەبو بەشداریبکات.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close