کوردستانی

لە نیسانی ئەمساڵدا پڕۆژەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک لە تانجەڕۆ دەکرێتەوە و کێشەی پیسبوونی ژینگە لە تەواوی سلێمانیدا چارەسەردەبێت

ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بۆ (شکۆی کوردستان):
لە نیسانی ئەمساڵدا پڕۆژەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک لە تانجەڕۆ دەکرێتەوە و کێشەی پیسبوونی ژینگە لە تەواوی سلێمانیدا چارەسەردەبێت

نەم نزیکانە دەستدەکرێت بە دروستکرنی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی

دۆخی پەروەردەو تەندروستی بە کەرتی گشتی و تایبەتییەوە لە سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە و پێشەنگە لە لەسەر ئاستی عێراق نەک تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگاکان

ئەمساڵ تەنیا ٢٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە سلێمانی دابەشکراوە

شکۆی کوردستان- سلێمانی
ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ (شکۆی کوردستان) رایگەیاند: بەم نزیکانە دروستکردنی شەقامی سەد مەتری سلێمانی دەکەوێتە بواری جێبەجێکردەوە.
لەبارەی دۆخی پەروەردەیی و تەندروستی سنوورەکە، ھەڤاڵ ئەبوبکر رایگەیاند: دۆخی پەروەردەو تەندروستی بە کەرتی گشتی و تایبەتییەوە لە سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە و پێشەنگە لە لەسەر ئاستی عێراق نەک تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگاکان.
شکۆی کوردستان: ئێستا ژمارەی ئاوارەکانی نیشەجێی سنووری سلێمانی چەندە؟ دۆخی ژیانیان چۆنە؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: تائێستا نزیکەی سی و دوو ھەزار پەناھەندە و نزیکەی ٢٥٠ ھەزار ئاوارە لە سنوری سلێمانیدان، ھەموو ئاوارەکان بارو گوزەرانیان لە ئاستێکی باشدایە و ھەموو پێداویستیەکیان بۆ دابینکراوەو ھەرچیەکیشیان پێویست بێت ھەوڵ دەدرێت بۆیان دابینبکرێت، ئەگەر لە توانای ئێمەدا بێت.
شکۆی کوردستان: لە کۆتایی سەرماو سۆڵە نزیک دەبینەوە، بەڵام ھێشتا زۆر شوێن نەوتی ئەمساڵی وەرنەگرتووە. تائێستا چەند نەوت بۆ سنووری سلێمانی نێردراوەو چۆن دابەشکراوە؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: ساڵی پار نزیکەی ٨٠ ملیۆن لیتر نەوت ھاتووە وەک بەشی پارێزگاری سلێمانی و دابەشمانکردووە بەسەر ھاووڵاتیاندا، ئەمساڵیش تەنھا (٢٠) ملیۆن لیتر نەوت ھاتووەو دابەشمان کردووە، بەگشتی پارێزگای سلێمانی بۆئەوەی یەک بەرمیل نەوت بۆ ھەر خێزانێک دابین بکەین (١٠٨) ملیۆن لیتری پێویستە، بەڵام بەداخەوە بەھۆی ناردنی کەمی نەوتەوە لەلایەن بەغداوە نەتواندراوە نەوتی سپی بە سەرجەم ھاووڵاتیان بدرێت.
شکۆی کوردستان: لەرووی خزمەتگوزارییەوە، ھاووڵاتیانی سلێمانی گلەییتان لێ دەکەن کە نەتانتوانیوە وەکو ھەولێر پڕۆژە بۆ شارەکە دابینبکەن. ئەو گلەییان لەجێگەی خۆیدان؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: دەبێت جۆری پڕۆژەکان دیاریبکرێن لەچیدا گلەیان ھەیە؟، چونکە لە زۆر بواردا پڕۆژەی ناوازەو ستراتیژیی لە سلێمانی ھەیە.
شکۆی کوردستان: پڕۆژەی شەقامی ١٢٠ سلێمانی بە کوێ گەیشت؟ کەی دەست بە جێەجێکردنی دەکرێت؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: شەقامی سەد مەتری بەمنزیکانە دەستپێدەکات، چونکە لەبەر وەزری باران بارین و کەش و ھەوای سارد ناتوانرێت لەئێستادا کارەکانی دەست پێبکرێت.
شکۆی کوردستان: ھەفتەی رابردوو وەزیری پلاندان ھاتە سلێمانی بڕیاردرا بڕی ١٨٠ ملیار بۆ سلێمانی تەرخانبکرێت. ئەو پارەیە بۆ چ بوارێک خەرجدەکرێت؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: راستە بڕی ١٨٠ملیار دیاریکراوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەموو کوردستانە، ئەو پارەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی ساڵەکانی نێوان ٢٠١٣ تاوەکو ٢٠١٩ یە.
شکۆی کوردستان: ھەفتەی رابردوو رێژەی بێکاری و ھەژاری پارێزگاکانی عێراق بڵاوکراوەو سلێمانی لەھەر رووەوە باشتر بوو.لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئێوە دۆخی بێکاری و ھەژاری لەو سنوورە چۆن بووە؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: سلێمانی کەمترین ڕێژەی ھەژاری لەئاستی ھەرێم و عێراقدا ھەیە، بەڵام ئەم ڕێژەیەش کەم نییە، ئێمە ھەوڵمانداوە کەمتری بکەینەوە و لەھەوڵی بەردەوامداین و شانازیی دەکەین، کە بە ھیمەتی ھەموو لایەک ئەم ڕێژەیەمان کەمکردۆتەوە.
شکۆی کوردستان: راستە لە بارودۆخێکی تایبەت دەستبەکاربوون، بەڵام ئەگەر بپرسین لەسەردەمی ئێوە چی بۆ سلێمانی کراوە کە جیاوازبێت لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: چەسپاندنی ئارامیی، دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان خەڵک و دەزگا حکومییەکاندا، حکومەتی ھاووڵاتی دروستبووە، کارمان کردووە بۆ چەسپاندنی یاسا، دەستکردنەوە بە چەندین پڕۆژە کە پێشتر نەکراوە یان ڕاگیراون، جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی نوێ، بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، پاراستنی کوالیتی سوتەمەنی و دابەزاندنی نرخ، بایەخدان بە وزە نوێکان، گەشەکردنی پەروەردەو تەندروستی و ژینگەو سەوزایی…تاد
شکۆی کوردستان: بەو پێیەی تۆ کەسی یەکەمی شارەکەی، دۆخی تەندروستی و پەروەردەیی لەو سنوورە چۆنە؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: دۆخی پەروەردەو تەندروستی بە کەرتی گشتی و تایبەتیەوە لە سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە و پێشەنگە لە لەسەر ئاستی عێراق نەک تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگاکان.
شکۆی کوردستان: کێشەی زبڵ و خاشاکی شارەکە کێشەیەکی کۆنی سلێمانییە.کەی و چۆن چارەسەر دەکرێت؟ چەندی پێویستە تاوەکو ریسایکلی بۆ دابمەزرێندرێت؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: وا بڕیارە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا پڕۆژەی چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک لە تانجەرۆ بکرێتەوەو کێشەی خۆڵ و خاشاک و پیسبوونی ژینگە لەو ناچەیە و لە تەواوی سلێمانیدا چارەسەر بکات.
شکۆی کوردستان: کێشەی دەستێوەردانی حزبی لە کاروباری ئیداری سلێمانی ھەیە، چ لەلای گۆڕان یاخود یەکێتییەوە؟
ھەڤاڵ ئەبوبەکر: پەیوەست بە پارێزگای سلێمانی ھیچ دەستێوەردانێکی حیزبی لەلایەن ھیچ لایەنێکی سیاسیەوە نییە، ھیچ کات نەبووە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close