هەمەڕەنگنێودەوڵەتی

مەرجەكانی بون بە سەرۆكی ئەمریكا

شكۆی كوردستان-

ژمارەیەک مەرج هەن دەبێت لەو کەسانەدا هەبن کە دەخوازن بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بکەن، لەوانە؛ دەبێت لەدایکبووی ئەمریکا بێت، بەلانیکەم دەبێت تەمەنی کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا 35 ساڵ بێت یان زیاتر، هەروەهاش پێویستە 14 ساڵ لەناو ئەمریکادا ژیابێت. هەروەها ژمارەیەک ڕێوشوێنیش هەن کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمریکا.

زۆر کەس ئارەزوو دەکەن ببنە سەرۆکی ئەمریکا، هەر یەکەشیان خاوەنی بیرۆکەی تایبەتە بە شێوازی فەرمانڕەوایەتیکردن و بەڕێوەبردنی ئەمریکا.

خاوەنی بیرۆکە هاوبەشەکان سەر بە یەک لایەنی سیاسین و لێرەوە ڕۆڵی هەڵبژاردنە بەراییەکان دەستپێدەکات.

ئەوانەی لە یەکێک لە لایەنەکاندا دەیانەوێت ببنە کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لەناو لایەنەکەی خۆیدا دەستدەکات بە خستنە ڕووی بەرنامە و بیرۆکەکانی تابتوانێت پشتیوانی ئەندامانی لایەنە سیاسییەکەی بەدەست بێنێت.

پاش ئەو هەوڵانە، کۆنگرەکانی لایەنە سیاسییەکان دەستپێدەکات و لە کۆنگرەدا هەر لایەنێک دوا بڕیاری خۆی دەدات لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

هەر لە کۆنگرەدا کاندیدی دەستنیشان کراو، ناوی جێگرەکەی ڕادەگەیەنێت تا پێکەوە بچنە هەڵبژاردنەوە.

کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە هەموو ستانەکانی وڵاتەکەدا هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکات تا بتوانێت دەنگدەران بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

دەنگدەران لە ئەمریکا دەنگ دەدەن بە کاندیدی سەرۆکایەتی و جێگرەکەی، واتە تەنها دەنگ بە کاندیدی لایەنێک دەدرێت.

دەنگدەران لە ئەمریکا ناڕاستەوخۆ دەنگ بە سەرۆکی ئەمریکا دەدەن، واتە دەنگدانەکە بۆ هەڵبژاردنی دەستەی نوێنەرانە (ئێلێکترەڵ کۆلیج)، دەستەی نوێنەران لە538 ئەندام یان نوێنەر پێکدێت و ئەم دەستەیە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاردەکات.

هەر یەکێک لە ستانەکانی ئەمریکا ژمارەیەک دەنگی نوێنەرانی خۆیان هەیە کە لەسەر بنچینەی ژمارەی نوێنەرانی ئەو ستانەیە لە هەردوو خانەی کۆنگرێسی ئەمریکادا (سینات و ئەنجومەنی نوێنەران).

هەر یەکێک لە ئەندامانی ئەو دەستەی نوێنەرانەی ستانەکان خاوەنی یەک دەنگە لە هەڵبژاردنی گشتیدا و دەبێت کاندیدی سەرکەوتوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا بتوانێت 270 دەنگی نوێنەران بەدەست بێنێت.

کام یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا زۆرینەی دەنگی گشتی ستانەکەی بەدەستهێنا، ئەوا تەواوی دەنگی نوێنەرانی ئەو ستانە دەچێت بۆ ئەو کاندیدە، تەنها لە دوو ستانی مەین و نیبراسکا جیاوازە و لەم دوو ستانەدا دەنگەکانی نوێنەران دابەش دەکرێن.

لە هەموو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتیدا، ئەو ستانانەی کە خۆیان یەکلانەکردۆتەوە، ئایا دیموکراتە یان کۆماری، ناو دەنرێن ستانە سەرەکییەکان وەک ستانی فلۆریدا و ستانی ئۆهایۆ.

ڕۆژی 20ی مانگی یەک، بە دیاریکراویش نێوەڕۆی ئەو ڕۆژە، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسدا سوێندی یاسایی دەخوات و دواترسەرۆک و جێگرەکەی لە هەمان ڕۆژدا دەستبەکاردەبن لە کۆشکی سپی.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە یەکەم ڕۆژی سێشەممەی مانگی یازدەدا دەکرێت و ئەمساڵیش (2020) ڕۆژی 3 ی مانگی یازدەیە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close