نێودەوڵەتیڕۆژنامە

کێ براوەیە؛ ترەمپ یان بایدن؟

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

تیشکێک بۆ سەر سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا

ئارام ره‌فعه‌ت

هەردوو کاندیدەکە تەنها ١١ ڕۆژییان لەبەردەمدا ماوە تا متمانەی دەنگدەری ئەمریکی بەدەست بێنن. کێ شانسی بردنەوەی متمانەی ئەمریکییەکانی هەیە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە لەبەر هۆکارێکی سەرەکی: ئاڵۆزی پڕۆسەی (سیستەم)ی هەڵبژاردن لە ئەمریکا.

بۆ تێگەییشتن لە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا با لە ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ دەستپێ بکەین. لەو هەڵبژاردنەدا هیلاری کلینتۆن دوو ملیۆن دەنگی لە ترەمپ زیاتر هێنا، بەڵام ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا.

هۆکارەکەی چییە؟

?سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکی نە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرۆکی وڵاتە لەلایەن دەنگدەرانەوە و نە هەڵبژاردنیشییەتی لە لایەن کۆنگرێسەوە، پڕۆسەیەکە لەنێوان هەردووکیدان.

ئەمریکییەکان ڕاستەوخۆ دەنگ بە سەرۆک نادەن، دەنگ بە نوێنەرەکانییان دەدەن کە بە هەیئەتی هەڵبژێرەکان دەناسرێن.

?هەیئەتی هەڵبژێرەکان چییە؟

ئەم هەئیەتە لە ٥٣٨ کەس پێکدێت کە نوێنەرایەتی ترەمپ و بایدن دەکەن. ئەندامانی ئەم هەیئەتە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا هەڵدەبژێردرێن و ئەوانیش سەرۆک هەڵدەبژێرن، بۆیە ئەم ئەندامانە بە هەڵبژێر ناسراون. دەنگدەرانی ترەمپ دەنگ بە نوێنەرەکانی ترەمپ دەدەن و هی بایدنیش بە بایدن. هەر کامێک لەو دوو کاندیدە ٢٧٠ هەڵبژێری لەلایەن دەنگدەرەوە هەڵبژێردرێت ئەو کاندیدە براوەی پۆستی سەرۆکایەتییە.

? هەر ویلایەتێك هەڵبژێری خۆی هەیە

هەر ویلایەتێک ژمارەیەکی دیاریکراوی هەڵبژێری هەیە کە یەکسانە بە ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەو ویلایەتە.

کالیفۆرنیا ٥٥ هەڵبژێری هەیە و تەکساس ٣٨ و هەریەک لە نیویۆرک و فلۆریداش ٢٩ ئەندام. لەبەرامبەرد ٧ ویلایەت، کە بریتین لە ئالاسکا، دەلاوەیر، مۆنتانا، داکۆتای باکور و داکۆتای باشور، وێرمەنت و ویۆمینگ، یەکی تەنها سێ هەڵبژێری هەیە.

?ئاڵۆزییەکە لێرە دایە!

بێننە پێشچاو، کۆی ژمارەی هەڵبژێر لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، تەکساس، نیویۆرک و فلۆریدا ١٥١ هەڵبژێرە و کۆی هەڵبژێرەکانی حه‌وت ویلایەتەکەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدان تەنها ٢١ هەڵبژێرە.

گریمان تەنها ٤٠٪ی دەنگدەرانی چوار ویلایەتی یەکەم بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و هەڵبژێرەکانی کاندیدی (ێ) لەو چوار ویلایەتەدا ٦٠٪ی دەنگەکانییان هێنا. لەو حاڵەتەدا، ئەو کاندیدە ٩١ هەڵبژێر، واتە (٩١) دەنگی مسۆگەرە. بەهەمان شێوە، گریمان لە ٧ ویلایەتەکەی تریشدا ٨٠٪ی دەنگدەر بەشدارە و کاندیدی (ب)ش ٦٠٪ی دەنگەکانی هێنا کۆی ژمارەی هەڵبژێری ئەم کاندیدە تەنها ١٢ هەڵبژێرە. بەمجۆرە، نایەکسانییەک لە نێوان کۆی ژمارەی هەڵبژێر و کۆی ژمارەی دەنگدەرانی هەردوو کاندیدەکە دروستدەبێت.

? ویلایەتە کلیلییەکان

ئەو ویلایەتانەن کە بالانسی هەڵبژێر دەگۆڕن. نهێنی بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦، سەرەڕای ئەوەی دوو ملیۆن دەنگی کەمتر لە کلینتۆن هێنابوو، ئەو ویلایەتانە بوو.

?بایدن حاڵی خراپ نییە

لەئێستادا و بەگوێرەی دوا ڕاپرسییەکان، بایدن لە شه‌ش لەو ویلایەتە کلیلیانەدا لە پێشدایە کە لە ٢٠١٦ دا بوونە هۆی بردنەوەی ترەمپ، ئەوانیش 

هەریەک لە ئاریزۆنا بە ڕێژەی لە (٦٪)، فلۆریدا (٥٪)، میشیگان (٧٪)، کارۆلینا (٣٪) و پەنسلڤانیا (٢٪) و ویسکەنسن (٨٪) بایدن لەپێشەوەیە.

هەرچەند ئەم ڕێژانەی سەرەوە جێگیر نییە، بەڵام ئاماژەی باشن بۆ بایدن. خاڵێکی تر لەبەرژەوەندی بایدندایە ئەوەیە ئێستا زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەس لەڕێگه‌ی پۆستەوە دەنگیان داوە. چاوەڕوان دەکرێت لەسەرووی ٦٠٪ دەنگیان بۆ بایدن دابێت. عادەتەن، لە دواڕۆژەکاندا، جیاوازی دەنگدەران لەنێوان هەردوو کاندیدا تەسک دەبێتەوە. ئەگەر ئەمە ڕووبدات و دەنگدەر ڕای خۆیان لە بەرژەوەندی ترەمپدا بگۆڕن، بایدن هێشتا ئومێدی ئەو ٤٥ ملیۆن کەسەی هەیە کە دەنگیان داوە.

?هێشتا ترەمپ ئەگەری سەرکەوتنی هەیە

ترەمپ لە ٢٠١٦دا و دواڕۆژەکانی هەڵبژاردندا کارتی ئیمەیلە تایبەتییەکانی هیلاری بەکارهێنا و کاریگەری هەبوو. چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵیش دەست بۆ کارتی لەو جۆرە دژی بایدن بەرێت. خاڵێکی تر لەبەرژەوەندی ترەمپدا ئەوەیە کە لە هەفتەی ڕابردوودا توانی کەلێنی دەنگدەر لەنێوان خۆی و بایدن کەمبکاتەوە، جگە لەوە، سیستەمی هەڵبژێر لە ساڵی ٢٠١٦ لەبەرژەوەندی ترەمپ دابوو، ئێستاش هەمان ئەگەر کراوەیە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close