ڕۆژنامەکوردستانی

سەرۆكی هەرێم: لەپەرلەمانی كوردستان هەمو راستییەكان باسدەكەین

شكۆی كوردستان-

سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی هەڵوێستیان بەرامبەر عێراق و تێپەڕاندنی یاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە بودجەی عێراق بەبێ جێکردنەوەی خواستەکانی کورد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتە سەر مێزی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی و گوتی “لە حکومەتی عێراق و بەشێکی لایەنە سیاسییەکان نیگەرانین، ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق دەریانکرد، بەتەواوی دژی خەڵکی هەرێمی کوردستانە”.

“ئەوەی روویدا بە پێشهاتێکی مەترسیداری دەزانین” 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرلەوەی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان بداتەوە، خۆی پێشەکییەکی لەبارەی کۆبوونەوەکە و بڕیاری پەرلەمانی عێراق باسکرد. گوتی “ئەو یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە جێی نیگەرانیی هەرێمی کوردستانە و شێوەی دەربڕینی ئەم یاسایە شێوەی سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و بە نیگەرانییەوە لێی دەڕوانین و بە پێشهاتێکی مەترسیدار لە عێراق پێناسەی دەکەین”.

 شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی عێراق کۆبووەوە، بەڵام لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە پرۆژەیاساکە وەکو کورتکتراوەیەکی یاسای بودجە، بەبێ جێکردنەوەی خواستەکانی کورد پەسندکرا و بەزۆرینە تێپەڕێندرا. نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەو بابەتە و تێپەڕاندنی یاساکە رایگەیاند،  “پرسیاری گرنگ لە هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە؛ ئەرێ هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق یان نا، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە مووچەخۆرانی عێراق یان نا، خۆ ئەگەر ئەم پرسیارە لە لایەنە عێراقییەکان بکەیت دەڵێن بەڵێ، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کراوە پێچەوانەی هەموو ئەو پرەنسیپانەیە کە عێراقمان لەسەر بونیاد نایەوە دوای 2003، بڕیارەکە تەواو دژی پرەنسیپی تەوازن، تەوافوق و شەراکەتە، کە بنەمای ئەساسی بوون”. 

“دەرکردنی ئەو یاسایە گەورەترین شکستە بۆ عێراق”

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر بە ئاماژەدان بە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە گوتی “کێشەکانی عێراق بەوە چارەسەر نابن، چونکە لایەنێک یان چەند لایەنێکیان کە هێزیان هەیە و بیانەوێت خۆیان بسەپێنن، کێشەکان زۆر لەوە قووڵترن، نازانم هێزە عێراقییەکان چۆن تەماشای ئەوە دەکەن سەرکەوتوو بوون، بەو یاسایە گەورەترین شکستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵات بە پشتگوێخستنی پێگەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەکانی عێراق، کە کوردستانیانی هەرێمی کوردستانن، بە کوردو تورکمان و مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکەوە، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق کرا، هەروەها پشتگوێخستنی ئەو هەموو پرەنسیپانە بوو، بۆیە ئێمە زۆر نیگەرانین لە هێزە سیاسییەکان و پێمانوایە گەورەترین شکستی هێزە عێراقییەکان و بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەیە کە پێی دەڵێین عێراق”. 

“رێککەوتنمان لەگەڵ عێراق هەبوو، بۆیە ئەوەی روویدا موفاجەئە بوو”

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەر لە پێشەکی قسەکانیدا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە، کە خۆی دەڵێت “زۆر دەکرێت”؛ ئایا ئەم یاسایە بەهۆی ئەوەیە هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتووە لەگەڵ بەغدا؟. هەر خۆی وەڵامی دایەوە و گوتی “کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێمەش هەموومان لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەختمان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەتەواوی رێکبکەوێت لەسەر دۆسێی نەوت، چەندین جاریش ئەوەمان بە عێراق گوتووە ئامادەین رێکبکەوین”. باسی رێککەوتنی 320 ملیار دینارەکەشی کرد و گوتی “حکومەتی عێراق خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتوون کە 320 ملیار دینار بنێرن تاوەکو کۆتایی ساڵ، ئێمەش لە کۆتایی ساڵ و لە یاسای بودجەی 2021 سەبارەت بە هەموو شایستە داراییەکان ئامادەی رێککەوتن بووین و ئەوەی روویدا بۆ ئێمە موفاجەئەیەکی زۆر گەورە بوو”.

 “لە پەرلەمانی کوردستان هەموو راستییەکان باسدەکەین”

 پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێشەممە کۆدەبێتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی پەیوەندیدار و ئەو شاندانەی پێشتر بۆ رێککەوتن لەگەڵ عێراق چوونەتە بەغدا بەشدار دەبن. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بە ئاماژەدان بەو کۆبوونەوەیە کە “لە دوو، سێ رۆژی داهاتوودا دەکرێت” گوتی “بە دەستپێشخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان هەموو راستییەکان و رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق باسدەکەین و دەخەینەڕوو”. 

“داواکارین نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی هەبێت”

 نێچیرڤان بارزانی، پەیامی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی هێزە سیاسییەکانی عێراق کرد و گوتی “هەرێمی کوردستان ئامادەیە رێککەوتن لەگەڵ عێراق بکات لەسەر هەموو کێشەکان، چونکە پێمانوایە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە عێراق ناتوانێن سەقامگیریی خۆی ببینێت، داواش دەکەین نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵیان هەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا”. جەختیشیکردەوە کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانیەتی. سوپاس و پێزانینی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕی “بۆ خۆڕاگری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە لێمان تێدەگەن و دەزانن ئەوەی هەیە کێشەیە”. دڵنیاییشی دایە مووچەخۆران “ئەو كێشانەی هەن چارەسەر دەکەین و ئومێدیشمان بە چارەسەری کێشەکان هەیە بە دیالۆگ”. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند، کە شاندێک دەچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆ، گوتیشی، هیچ لارییان نییە کێ بەشدار دەبێت لە گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا. داواشیکرد شاندەکان بگەنە رێککەوتن و بەغدا پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. “مەعقول نییە ئەگەر بەغدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بەشێک لەخۆی دەزانێت ئەو کێشانە چارەسەر نەکات”، بە ئاماژەدان بەوەی مووچەخۆرانی عێراق ئەم مانگە دوو مووچە وەردەگرن گوتی “دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن و هەرێمی کوردستانیش بتوانێت دەست بە چارەسەرکردنی مووچە بکات”. 

“رێککەوتنی شنگال ئەنجامی گفتوگۆ بوو، بۆ مووچەش ئەوە پێویستە”

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی رێککەوتنی شنگال کەلەنێوان بەغدا و هەولێر بۆ بەڕێوەبردن کراوە،  سوپاسی مستەفا کازمی، سەرکوەزیرانی عێراقی کردو بە “دەستپێشخەرییەکی باش” ناویبرد. ئەوەشی کردە نموونە بۆ ئەنجامی گفتوگۆ و گوتی “مەبدەئەکە وازحە، ئەگەر هەموومان مەبەستمان ئارامی بێت لە عێراق، دەبێت بێین و هەموو ئەو کێشانە چارەسەربکەین، وەک چۆن رێکەوتنی شنگال لە نەتیجەی دیالۆگی هەولێر و بەغدا بوو، کە پێمانوایە رێککەوتنێکی زۆر باشە، پێداگریشین کە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت. ئەمەش شۆڕبێتەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانەی کێشەمان لەسەری هەیە و لەو ناوچانەش رێککەوتن بکرێت”. 

“لە بەغدا خۆیان گوتیان لەم قۆناخەدا نەوتی خۆتان بۆ خۆتان”

  سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا سێ پرسیاری لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد؛ –ئایا رێککەوتنەکان لەگەڵ تورکیا و رووزنەفت هۆکاری رێکنەکەوتنن لەگەڵ عێراق؟ – چ رێگەیەک هەیە بۆ چارەسەری کێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران؟ -ئایا هەوڵێک هەیە بۆئەوەی کۆبوونەوەی فراوانی لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتییەکان بکرێت؟ نێچیرڤان بارزانی بەمشێوەیە وەڵامی پرسیاری یەکەمی رووداوی دایەوە: “نە رێککەوتنی ئێمە لەگەڵ تورکیا و نە رێکەوتنمان لەگەڵ رووزنەفت رێگر نین لە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا. لەو رێککەوتنانەی بەغدا و هەولێر کردوویانن، بەغدا خۆی بە هەرێمی کوردستانی گوتووە لەم قۆناخەدا نەوتی خۆتان بۆ خۆتان و هەناردەی بکەن، بۆیە هیچ پەیوەندی بە رێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستانەوە نییە لەگەڵ تورکیا و رووزنەفت، لە یەکەم رۆژیشەوە ئێمە هەر ئامادەی رێککەوتن بووین لەگەڵ حکومەتی عێراق. ئێمە رێککەوتمان هەبووە، ئەوەی بابەتەکەی تێکدا یاسای قەرزەکە بوو، بەڵام ئەوە کرایە یاسای بودجە و هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان بە دەرفەتیان زانی ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان، کە ئەوە زیاتر ئێمەی نیگەران کردووە، کە بۆچی بەو زمانە تووندە باس لەوەدەکەن کە نابێت ئەم یاسایە هیچ شایستەیەکی دارایی بۆ هەریمی کوردستان دابینبکات، ئەم یاسایە دژی هیچ حیزبێکی سیاسیی نییە، رێک دژی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، عێراق بە هەموو پەرلەمان و حکومەتییەوە ئیلتیزامیان بەرامبەر ئەو بڕیارە هەیە. ئەگەر ئەمە بە سەرکەوتن دەزانن، وەڵڵاهی گەورەترین شکستیان تۆمارکرد”. سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری دووەمیش، کە چ رێگەیەک لەبەردەمە بۆ چارەسەری پرسی مووچە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، سیاسەتی نەختینە و  قەرزکردن پەیوەستە بە بەغداوە و هەرێمی کوردستان ناتوانێت قەرز بکات؛ “ئەگەر بمانتوانیایە، ئێمەش بۆ تەئمینی مووچە ئەوەمان دەکرد، بەڵام ئەوە یەکێکە لەو کێشانەی هەمانەو ناتوانین ئەو قەرزە بکەین، بەغداش هەست بە هیچ مەسولییەتێک ناکات”. 

“زۆریی ژمارەی مووچەخۆران کێشەیە” 

هەر سەبارەت بە پرسی مووچەخۆران ، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەست بە بەرپرسیارێتی خۆی دەکات بەرامبەر مووچەخۆران و “ئەوەمان نەشاردووەتەوە”. گوتیشی “کێشەیەکی ئەساسی هەیە لە هەرێمی کوردستان کە دەبێت هەستی پێبکەین، ئەویش ئەوەیە کە رێژەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زۆر لەسەرەوەیە و لە کابینەی دوومەوە وا هاتووە، دەبێت بەجیدیی چارەسەری بکەین”. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێویستی دەزانێت بەغدا هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بکات. گوتیشی “هیوادارم هیچ لایەنێک نەبێت دژایەتی هەرێمی کوردستان بکات، کە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە”. 

“پێزانینمان هەیە بۆ هەڵوێستی کازمی”

 رۆژنامەڤانان پرسیاریان لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای قەرز و هەڵوێستی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی “هەڵوێستی کازمی جێگەی تەقدیرە، ئەو بەوشێوەیە یاساکەی نەناردبووە پەرلەمان”.

 “هیچ کاتێک کێشەی رادەستکردنی نەوتمان نەبووە” 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە ، کە هەرێمی کوردستان ئێستا و رابردوو هیچ کێشەیەکی لە رادەستکردنی نەوت بە بەغدا نەبووە؛ “ئەوەشمان بە نووسراو داوەتە بەغدا، دەبێت هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەوە دڵنیابن و ئەوەی دەگوترێت نەوت رادەست ناکەین پێچەوانەکەی راستە”. دووبارە ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ گفتوگۆ لەپێناو رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ بەغدا لەسەر هەموو کێشەکانی بودجە، ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و پێشمەرگە دەربڕی و گوتی “بۆچوونمان وایە ئەگەر بمانەوێت لە عێراق سەقامگیریی هەبێت، دەبێت گفتوگۆ بکەین”.

 “عێراق بڕوای بە فیدراڵی نییە” 

نێچیرڤان بارزانی باسی لە کێشەیەکی جیدیی نێوان هەریمی کوردستان و عێراق کرد، ئەویش سیستەمی فیدراڵییە. لەو بارەیەوە دەڵێت “تاوەکو ئێستا بیرکردنەوەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان فیدراڵی نییە، کە جەوهەری کێشەکە ئەمەیە، مەرکەزیەتێکی بەهێزە کە دەیەوێت هەموو شتێک لە بەغداوە بێت. ئێمە بە رەغبەتی خۆمان بەشداریمان لە دروستکردنەوەی عێراق کردووە لەسەر بنەمای عێراقێکی نوێ، بەڵام ئەم هێزە سیاسییانە لە هەموو رێککەوتنێک پەشیمان بوونەتەوە. دەبێ ئەو بیرکردنەوەی مەرکەزیەتە لە عێراق بگۆڕدرێت”.

 “ئەگەر عێراق 900 ملیار دینار بدات، هەموو نەوتەکە بۆخۆی”

 لە دوا بەشی قسەکانیدا و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی رادەستکردنی نەوت، نێچێرڤان بارزانی گوتی “هەرێمی کوردستان هەموو پابەندبوونەکانی جێبەجێکردووە. ئەگەر عێراق ئامادەیە مانگانە 900 ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان، ئامادەین هەموو نەوتەکە رادەست بکەین، بەڵام ئەوەش پێویستی بە گفتوگۆو دانیشتنە، بەڵام بەغدا دەڵێ مافی ئێمە بدەن و مافی ئێوەش خوا کەریمە. بەڵام ئێمە بەدڵنیاییەوە ئامادەیی رێککەوتنمان هەیە”.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close