نێودەوڵەتی

حاکم رزگار باسی تایبەتمەندی ئەو قورئانە دەکات كە سەددام بەكاریدەهێنا

شكۆی كوردستان-

حاکم رزگار محەممەدئەمین، ئەو دادوەرەی دادگایی سەدام حوسێنی کرد باسی تایبەتمەندی ئەو قورئانە دەکات، کە بەردەوام بە دەستی سەددام حسێنی سەرۆكی پێشوتری عێراقەوە بووە لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی، باسی ئەوەش دەکات کە پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێت قورئانەکەی بە ئەمانەت بە کێ داوە و داوای کردووە قورئانەکەی بە کێ بدەن.

حاکم رزگار محەممەدئەمین دەڵێت: “ئەم قورئانە چیرۆکێکی دیکەی هەیە، گوایە لە بۆردوومانێکدا ئەو قورئانە ماوەتەوە و نە سووتاوە، ئەویش پارێزگاری لێکردووە، نەک وەک هەر قورئانێک، ئەو قورئانە تایبەتمەندییەکی هەبوو لای سەدام، تەنانەت ئەو رۆژەی لەسێدارەش درا قورئانەکەی هەر پێبووە”.

 بە گوتەی حاکم رزگار، ئەوانەی لە دەستەی پرۆسەی لە سێدارەدانەکە بوون بۆ ئەویان گێڕاوەتەوە: “دوایین شت قورئانەکەی بە ئەمانەت داوەتە کوڕەکەی عەواد بەندەر، کوڕەکە پارێزەری باوکی و هەندێک لە تۆمەتبارەکانی دیکە بوو، سەدام قورئانەکەی دابووە یەکێک لەوانەی لە دەستەی لە سێدارەدانەکە بوون، گوتبووی ئەم قورئانە بدەنەکە کوڕەکەی عەواد بەندەر ئەویش بینێرێتەوە بۆ ماڵەوەمان”. 

عەواد حەمد بەندەر سەعدون، سەرۆکی دادگای شۆرش بووە لەنێوان ساڵانی 1983 تاوەکو 1990، ئەو سەرۆکایەتیی دانیشتنی دادگایی کەیسی دوجێلی کرد و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ 143 هاووڵاتیی عێراقی دانیشتووی دوجێل دەرکرد، کە سەرجەمیان شیعەمەزهەب بوون، لەسەر رووداوی هەوڵی کوشتنی سەدام حوسێن، کاتێک کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەدام حوسێن لەو ناوچەیە تێپەڕ دەبێت، ژمارەیەک چەکدار دەستڕێژی گوللـە لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەدام حوسێن دەکەن، هەر لەسەر ئەو کەیسەش بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی سەدام حوسێن و عەواد بەندەر و بارزان تکریتی زڕ برای سەدام فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەرکرا و بەرەبەیانی رۆژی 30/12/2006 و لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان سەدام حوسێن، لە سێدارەدرا. 

 ئەو کات دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە عەواد بەندەر و بارزان تکریتیش لەگەڵ سەدام لەسێدارە درابن، بەڵام بەرپرسێکی عێراقی ئەوەی راگەیاند، کە سەپاندنی سزای لە سێدارەدانی ئەوان دواخراوە بۆ دوای جەژنی قوربان. 

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close