ڕۆژنامەکوردستانی

كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

شكۆی كوردستان-

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانى كوردستان رایگەیاند، بڕیاردراوە بە دواخستنی دانیشتنی ژماره‌ (10)ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی دوه‌م له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ كاتێكی تر، کە بڕیاربو سبەی سێشەممە بەڕێوەبچێت.

سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانى كوردستان لە ئاگاداریەکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریداوە به‌دواخستنی دانیشتنی ژماره‌ 10ی ئاسایی خولی پایزه‌ی ساڵی دوه‌م له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆ كاتێكی تر، كه‌بڕیاربو كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆى رۆژی سێشه‌ممه.

دوێنێ رێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان بانگهێشتی گشت ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کرد بۆ ئاماده‌بون لە کۆبونەوەی پەرلەمان، بۆ تاوتوێکردنی پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت.

بەرەبەیانی 12ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ كورد دەنگیدا و پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرزی تێپەڕاند، نوێنەرانی كورد لە بەغدا رایانگەیاند، شەڕێكی گەورەیانكرد لەسەر مافی هاوڵاتیانی هەرێم، بەڵام دواجار بەبێ دیارییكردنی مافی كورد پرۆژەكە پەسەندكرا.

بەگوێرەی ئەو یاسایە كە تایبەتە بە پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ سێ مانگی کۆتایی بودجەی ساڵی 2020، داهاتی ئەو سێ مانگە 10 ترلیۆن و 500 ملیار دینارە، كۆی گشتی خەرجی 22  ترلیۆن و 500 ملیار دینارە، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، دەبێت سود لە 12 ترلیۆنی قەرزی دەرەكی وەربگیرێت.

لە پرۆژە یاسا پەسەندكراوەكەدا بۆ پێدانی پشكی هەرێم پێویست دەكات حکومەتی هەرێم بڕێک نەوت کە کۆمپانیای سۆمۆ دیارییدەکات لەگەڵ داهاتی نانەوتی كە خۆی لە گومرگ و باجە ناوخۆییەكان دەبینێتەوە ڕادەستی بەغدا بکات، ئەگەر هەرێم ئەوە نەكات ئەو پشكەی بۆی دیارییكراوە لە یاسای وەرگرتنی قەرز كە 12.67%ی كۆی گشتی قەرزەكە دەبێت، پێی نادرێت.

پێدەچێت پەرلەمانی عێراق بە پەسەندكردنی ئەم یاسا، رێككەوتنی پێشتری هەرێمی كوردستانی لەگەڵ حكومەتی ناوەند بەتاڵكردبێتەوە، كە خۆی لە ناردنی 320 ملیار دینار دەبینیەوە بەرامبەر بە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50٪ی داهاتی خاڵە سنورییەكان.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close