شكۆی كوردستان-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی واژۆکردنی گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمپانیایەکی ئەڵمانی لە بواری سیستەمی هاتووچۆ، گوتارێکی پێشکەش کرد و، ئاشکرای کرد “له ساڵی داهاتووەوە ههر هاووڵاتییهكی ههرێمی كوردستان دهبێته خاوهنی ناسنامهی دیجیتاڵی”.
مەراسیمەکە بەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 25-11-2020) لە هەولێر سازکرا، مەسرور بارزانی هەم سەرپەرشتی مەراسیمەکەی دەکرد، هەم گوتاریکیشی پێشکەش کرد و تێیدا گرنگیی ئەو گرێبەستەی خستەڕوو.
لە بەشێکی گوتەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد “كاریگهرییهكانی ئهم پرۆژهیه له قازانجی كهرتی گشتیدا ئهوهیه: له ساڵی داهاتووەوە ههر هاووڵاتییهكی ههرێمی كوردستان دهبێته خاوهنی ناسنامهی دیجیتاڵی، ئهوهش یهكهم سیستهمی زانیاریی دانیشتوانمان بۆ دروست دهكات، كه پێشمهرجه بۆ گهیاندنی خزمهتگوزاری دیجیتاڵی، یهكهمیشیان خزمهتگوزاری شۆفێری و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل دهبێت، كه زیاتر له دوو ملیۆن هاووڵاتی سوودی لێ وهردهگرن”.
دەقی گوتەکانی سەرۆکی حکومەت:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بە یانیتان باش
بەخێرهاتنی بەڕێزان لە گرووپی میولباوەر و کونسوڵی گشتی ئەڵمانی لە هەولێر دەکەم .
بەڕێزان:
وەک لە وتاری دەستبەکاربوونم لە پەرلەمانی کوردستان و چەند بۆنەیەکی دیکەدا باسم کردووە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ بەمۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی تەکنەلۆجیمان و سەرەنجام وردە وردە هەنگاونان بەرەو ئەوەی واز لە مامەڵەی کاخەزی بهێنین، چونکە زەحمەتە هاووڵاتییانمان دەیان کاتژمێری کاتی خۆیان لە نۆرە وەستان و چاوەڕوانیی كردن بۆ ئەنجامدان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و کاروباریان بەسەر ببەن، لە کاتێکدا دەکرێ بە ماوەیەکی کەم و بە خێرایی و بە شێوەی ئۆنلاین، مامەڵەی هاووڵاتییان تەواو بکرێت.
کۆتایی هێنان بە پشت بەستنمان بە کاری کاغەزی و دابینکردنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی کارێکی ئارەزوومەندانە نییە ، بەڵکو ئەوە پێویستییەکە. ئێمە هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان لە بەردەم نییە، یان دەبێ لە گەڵ تەکنەلۆجیا پێشبکەوین و بەرەو پێشەوە بچین ، یان لە ڕابردوودا بمێنینەوە و گیر بخووین . بێگومان بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا نەک هەر تەنیا کارایی و شەفافییەت لە کاروباری حکومەتدا زیاد دەکات ، بەڵکو یارمەتیشمان دەدات بۆ بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی کوالێتی كە هاوشانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا بێت. کە لەم ڕێگەیەوە هاووڵاتیانی کوردستان و سەردانکەرانی دامودەزگاکان و خاوەنکاران و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ، دڵنیا دەبنەوە کە دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی دەستییان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بگات.
بۆیە خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە گرێبەستێک ئیمزا دەکەین لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و گرووپی میولباوەری ئەڵمانی ، لە بواری هاتووچۆ بۆ دەرهێنانی ساڵیانە و مۆڵەتی ئۆتۆمبێل و مۆڵەتی شۆفێریی و خزمەتگوزاریی تۆمارکردن.
ئەم گرێبەستە لەساڵی پارەوە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری تاوتووێ دەکرێت و بەهاوبەشییەوە و لە نزیکەوە کاری لەسەر دەکەن . لێرەدا دەمەوێت ستایشی وەزیری ناوخۆ کاک ڕێبەر ئەحمەد و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کاک هیوا ئەفەندی و تیمەکەی گرووپی میولباوەر و سەرجەم ستافەکانیان بکەم بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم کارە . ئاگادارم کە پسپۆڕانی بواری دارایی کە راوێژی بازرگانی پێشکەشی حکومەتەکەمان دەکەن ، ئەوانیش ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە، بۆیە سوپاسیان دەکەم. هەوڵی ئەم تیمە لەگەڵ گرووپی میولباوەر ئێستا مەودای پڕۆژەکەی فراوانتر کردووە بە شێوەیەک کە لە ئاست خواست و ڕوانینی ئەم کابینەیە و پێداویستی خەڵکی کوردستان بێت . کە جێی خۆشحاڵییە هەوڵەکانیان بووەتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان لە کەرتی گشتیدا بە ڕێژەی زیاتر لە 7 ملیۆن دۆلار .
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بۆتان روون بکەمەوە کە کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژەیە لە قازانجی کەرتی گشتیدا چین:
لە ساڵی داهاتووەوە هەر هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان ده بێت به خاوەنی ناسنامەی دیجیتاڵی. ئەمەش یەکەمین سیستەمی زانیاری دانیشتووانمان بۆ دروست دەکات ، کە پێشمەرجێکە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری دیجیتاڵی. یەکەم خزمەتگوزاریش کە پێشبینی دەکەین لە 12 مانگی داهاتوودا بێتە ئاراوە، خزمەتگوزاری شۆفێریی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل دەبێت، کە زیاتر لە 2 ملیۆن هاووڵاتی سوودی لێ وەردەگرن و هەموو شۆفێرێک کارتی زیرەکی دەبێت ، یەکەکانی پۆلیسی گەڕۆکیش، ئامێرێکیان دەبێت کە دەستبەجێ دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێل و شوفێرانە بە خێرایی کۆنترۆڵ بکەن .
هاوکات لە گەڵ ئەم خزمەتگوزارییەدا ، نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە نزیکەوە لەگەڵ تیمی جێگری سەرۆک وەزیران کاک قوباد تاڵەبانی کار دەکەن بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریەکان بە باشترین و ئاسانترین شێوە بگاتە هاووڵاتییان و ڕێوشوێنەکانی ڕاییکردنی مامەڵەش کەم بکرێنەوە و سەرەنجام داهات زیاد بکات . خۆشحاڵم کە لەم بوارەدا پێشکەوتنی باش و گرنگیان بە دەست هێناوە. کە دواتر دامودەزگاکانی دیکەی حکوومەت دەتوانن سوود لەم داتا و خزمەتگوزارییانە وەربگرن بۆ نموونە لە بوارەکانی پەروەردە ، کەرتی تەندروستی ، باج و دارایی . هیوادارم ئەمە هاندەرێک بێت بۆ یارمەتیدان و هاندانی گەنجەکانمان لە دروستکردنی دەرفەتی کار و بزنسی نوێ لە ڕێگەی هاوکاری و هاوبەشیکردنی کەرتی گشتی و تایبەتیدا.
ئیمزاکردنی ئەم گرێبەستە ، بەشێکی گرنگە لە هەنگاو و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم لە پێناو چاکسازی و مۆدیرنکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا. ئێمە دەمانەوێ ببیینە حکومەتێکی دیجیتاڵی ڕاستەقینە لە پێناو کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دروستکردنی
ڕوانینێک لەنێوان وەزارەتە جیاجیاکان کە سەرەنجام دەبێتە هۆی پێشخستنی شێوازی بڕیاردان و گەیاندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.
سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەم کارە پڕ زەحمەتەیان ئەنجام داوە. سوپاس بۆ گرووپی میولباوەر بۆ پشوودرێژی و نەرمی نواندنیان . هیوادارم ئەم پڕۆژەیە لە ئاست خواست و ئاواتی هاووڵاتیانماندا بێت.
دووبارە دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و گرووپی میولباوەر دەکەم .
هەر شاد و سەرکەوتووبن.