نێودەوڵەتیڕۆژنامە

زانایەكی گەورەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران تیرۆركرا

شكۆی كوردستان-

ئاژانسەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، موحسین فەخریزادە، زانا و بەرپرسی یەكەمی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە كردەوەیەكی تێرۆریستیدا لە دەماوەند تێرۆركرا.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان، فەخریزادە لە ناوچەی دەماوەند سەر بە تارانی پایتەختی ئێران تێرۆركراوە.

موحسین فەخریزادە، یەكێكە لەو كەسایەتییانەی ناوی لە لیستی سزادراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندایە.

هاوكات ئەو بەرپرسە باڵایە، لە پلەی یەكەمی زانا و شارەزاكانی بواری زانستی وزەی ئەتۆمیدایە لە ئێران.

تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران هەواڵەكەی بڵاوكردوەتەوە وردەكاری چۆنییەتی رودانی ئەو كردەوەیەی خستوەتەڕو، ئاماژەی بەوەكردوە سەرەتا ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هێرشیانكردوەتە سەر ئۆتۆمبێلەكەی، بەوهۆیەوە ئۆتۆمبێلەكەی تەقیوەتەوە.

ئاژانسی هەواڵیی میهر نیوز-ی نیمچەفەرمیش لەمیانی راگەیاندنی هەواڵەكەدا، ئیسرائیلی بەو هێرشە و كوژرانی فەخریزادە تۆمەتباركرد، بەوپێیەی پێشتر ئەو وڵاتە تۆمەتباریكردبو بە فەرمانڕەواییكردن و بەڕێوەبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی سەربازیی ئێران.

ئاژانسی هەواڵیی فارس نیوزیش وێنەی پاش روداوەكەی بڵاوكردوەتەوە و رایگەیاندوە، “پێشتریش ئیسرائیل و دارودەستەكانی و هەواڵگریی مۆساد چەندین جار هەوڵی تێرۆركردنی فەخریزادەیان داوە و سیخوڕیان بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامداوە”.

رونیشیكردوەتەوە، پێكدادان بە چەك لەنێوان ئەو چەكدارە نەناسراوانە و پاسەوانانی فەخریزادەدا دروستبوە و زانیارییە سەرەتاییەكان ئاماژە بە تێرۆركردنی چوار كەس لە هاوڕێیانی فەخریزادە مەهابادی دەكەن لە بەرامبەریشدا چوار لەو هێرشبەرانە كوژراون.

جەختیشیكردوەتەوە، سەرجەم زاناكانی تایبەت بە وزەی ئەتۆمی ئێران كە پێشتر تێرۆركراون، لەسەر دەستی سیخوڕەكانی مۆساد ئەنجامدراوە، فەخریزادەش لە لیستی ئەو كەسایەتیانەدا بوە كە مۆساد هەوڵی تێرۆركردنی دەدا.

سەرچاوەیەكیش لە زاری فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندوە، وەڵامی ئەو هێرشە تێرۆریستییە دەدەنەوە و بێدەنگ نامێننەوە.

موحسین فەخریزادە مەهابادی، تاكە زانای ئەتۆمیی ئێرانە كە راستەوخۆ لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە لەمیانی بەرنامەیەكی دو ساڵ لەمەوبەردا، باسی كراوە كە شارەزایەكی دیاری بواری چەكی ئەتۆمییە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close