ڕۆژنامەکوردستانی

خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی ناوچەكانی سلێمانی كوژراو و برینداری لێكەوتەوە

شكۆی كوردستان-

دوای گرژی و ئاڵۆزیەکانی دوێنێ دووشەممە جارێکی دیکە ئەمڕۆ سێ شەمە 8/12/2020 خۆپیشاندان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و قەزاکانی سەیدسادق و شارەزوور دەستیپێکردەوە و ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژران و بریندار بوون.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕادەگەیەنێت لە ناحیەی خوڕماڵی سەر بە پارێزگاکە هەریەکە لە بارەگاکانی یەکێتی، گۆڕان، پارتی، کۆمەڵ، یەگرتوو و بزووتنەوە سوتێندراون.

هاوکات هەریەک لەبەڕێوبەرایەتی ناحیە و بنکەی هاتووچۆی خوڕماڵ و بنکەی پاسەوانی سنوریش سوتێنران، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکەدا هیچ بریندارێکی لێ نەکەوتەوە، ژمارەیەک خۆپیشاندەر بەهۆی سووتاندنی بارەگای ناوچەی پارتی بێهۆش بوون، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕزگار کران.

لە قەزای سەید سادق جارێکی دیکە خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە،

تەها ئەحمەد لێپسراوی ڕاگەیاندنی قائیمقامیەتی سەید سادق لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند “لەماوی 24 کاتژمێری ڕابردوودا،خۆپیشاندەرێک کوژراوە کە تەمەنی 13ساڵە و 10خۆپیشاندەری دیکە برینداربوون، کە چواریان پۆلیسن و دوخی تەندرووستی خۆپیشاندەرێک کە بریندار بووە ناجێگیرە”.

ووتیشی لە “دوای نیوەڕۆدا جارێکی دیکەبینای قائیمقامیەت سوتێنراوە و هەوڵی سوتاندنی بەڕێوبەرایەتی پەروەردە و هاتووچۆ دراوە و هێزەکان ڕێگربوون، لەناو دام و دەزگاکانیشدا سەدان دۆکیۆمێنت و مامەڵەی هاووڵاتیان سوتێنراون”.

لە قەزای شارەزووریش جارێکی دیکە خۆپیشاندان دەستیپێکردوە ،کەمال ئەحمەد لێپسراوی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “خۆپیشاندەران بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی شارەزوور و بینایەکی هاتووچۆ و خانووی قائیمقامیان سووتاندووە هیچ بریندارێکیش نەگەیەنراوەتە نەخۆشخانەکەیان.”

بەپێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، بەشێک لەدام و دەزگا حکومیەکان بەڵگەو دۆکیومێنتەکانیان لەناودامەزراوەکاندا نەهێشتوون و براونەتە دەرەوەی دامەزراوەکان.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close