دیمانە و ڕاپۆرتڕۆژنامە

بەشێك لەخۆپیشاندەرانی دوێنێی سلێمانی ئازادكران-

شكۆی كوردستان-

بەشێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی سلێمانی ئازادکران، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بەتۆمەتی  رێکخستنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت دەستگیرکرابون.

ئەمڕۆ شەممە بەشێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی ئازادکراون

پەیمان عزەدین، یەکێک لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ بەتۆمەتی بەشداریکردن و رێکخستنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت لەشاری سلێمانی دەستگیرکران، ئەمڕۆ شەممە ئازادکراون.

مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵمان مامەڵەیەکی گونجاو بو

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لەگەڵ عەبدوڵای مەلا نوری و بەشێکی دیکە لەرێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێی سلێمانی لەو ماوەیەدا لەبنکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لەکانی گۆمە راگیراون و مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵیاندا مامەڵەیەکی گونجاو بوە.

ژمارەیەك هاوڕێمان ئێستا لە ماڵەوەین و ئازادی بۆ هاوڕێكانی تریشمان

هاوکات عوسمان گوڵپی، یەکێکی دیکە لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی سلێمانی لە نوسینێکدا بڵاویکردەوە، “سڵاو ڕێز بۆ ئەوانەی هەواڵیان پرسین و خەمی ئێمە و هاوڕێكانمانیان بو، ژمارەیەك هاوڕێمان ئێستا لە ماڵەوەین و ئازادی بۆ هاوڕێكانی تریشمان”.

دوێنێ هەینی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی هەریەک لە عەبدوڵای مەلا نوری، پەیمان عیزەدین و د.شێرکۆ حەمە ئەمین ئەندامانی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و بەشێكی دیکە لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی شاری سلێمانیان دەستگیرکرد، کە بڕیاربو دوانیوەڕۆی هەمان رۆژ “خۆپیشاندانێکی ناتوندوتیژ” ئەنجام بدەن.

لەم کاتەدا خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت رێگەپێدراو نیە

بانگەواز بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناتوندوتیژی لەکاتێکدایە، ماوەی چەندین رۆژە خۆپیشاندانەکان کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچن چەندین روداوی گیانلەدەستدان، برینداربون و توندوتیژیان لێکەوتوەتەوە و لیژنەی باڵای ئەمنیش رایگەیاندوە، ‎بەمەبەستی زیاتر پاراستنی ئەمنیەت و خولقاندنی كەشێكی ئارام بڕیاردراوە قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌نێوان شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین بەردەوام بێت و لەم کاتەدا خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت رێگەپێدراو نیە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close