ڕۆژنامەکوردستانی

وەزیری پێشمەرگە: حكومەتی فیدڕاڵ زوڵمێكی گەورە لەپێشمەرگە دەكات

وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دوای کۆبونەوەی لەگەڵ جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە یاسای بودجەی 2019دا پشکی پێشمەرگە دیاریکرابو، بەڵام زوڵمێکی گەورە لە تاک بە تاکی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، کە پارەکە رەوانە نەکرا، بەڵام “ئێمە بەچاوی گەشبینیەوە سەیری پڕۆژەی بودجەی 2021 دەکەین”.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “هەوڵەکانمان بۆ وەرگرتنی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بەردەوامە، راستە لە یاسای بودجەی 2019شدا کە پشکی پێشمەرگە دیاریکرابو، بەڵام زوڵمێکی گەورە لە تاک بە تاکی هێزەکانی پێشمەرگە کرا کە پارەکە رەوانە نەکرا، بەڵام ئێمە بەچاوی گەشبینیەوە سەیری پڕۆژەی بودجەی 2021 دەکەین”.

هێزەکانی پێشمەرگە چۆن روبەڕوی داعش بوەوە و ئەو فیداکاریە گەورەیەی کرد ئێستاش مافی خۆیەتی شایستە داراییەکانی بدرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پێشمەرگە چۆن روبەڕوی داعش بوەوە و ئەو فیداکاریە گەورەیەی کرد و بەرگری لە خاکی عێراق و کوردستان کرد، بەهەمانشێوە مافی خۆیەتی کە دامەزراوەکانی عێراق شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بنێرێت.

هاوکات بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەمیانی کۆنگرەیەکەیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کردوە بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر هەندێک بابەت کە پەیوەستە بە بارو دۆخی ئەمنی و سەربازی لەناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی و لەسنوری نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، هەروەها شایستە دارایی و یاساییەکان کە لەسەر حکومەتی عێراق ئەرکە لە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە.

 باسیان لە زیاترکردنی هەماهەنگی کردوە لە نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە

ئەوەشی خستەڕو، باسیان لە زیاترکردنی هەماهەنگی کردوە لە نێوان وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوان وەکو پەرلەمانی عێراق چۆن بتوانن رۆڵێکی باش بگێڕن و چی بەوان دەکرێت تاوەکو یارمەتی وەزارەتی پێشمەرگە بدەن تاوەکو ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و لەناوعێراقیشدا بەپێی دەستور و یاسا کارپێکراوانی عێراق مافەکانی بەدەستبهێنێت.

هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە هەماهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتەکانی بەرگری عێراق و پێشمەرگە دروستبکەین

بەشیر حەداد باسی لەوەشکرد، “هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە هەماهەنگی تەواو لە نێوان وەزارەتەکانی بەرگری عێراق و پێشمەرگە دروستبکەین تاوەکو بتوانن هەمو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بەدەستبهێنین”.

لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 بەشیر حەداد ئەوەی خستەڕو، “ئەو پڕۆژە یاسایە و پڕۆژەکانی تر گفتوگۆیەکی زۆر جددی و وردی لەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد هەمو هەوڵی خۆمان دەدەین شان بە شانی شاندەکانی حکومەت و لایەنەکان کە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەت و لایەنەکانی عێراق دەکەن، پڕۆژەکە تێپەڕێنرێت، ئەوەی ئێمە دەزانین لە سەرەتای ساڵی 2019ەوە حکومەتی هەرێم باپەندبونی خۆی بە رێککەوتننامەکن لەگەڵ حکومەتی عێراق راگەیاندوە”.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close