کوردستانی

هەرێم و بەغداد رێككەوتن، یەكێتی مەرجی لەسەر چاودێری عێراق نیە لەخاڵە سنورییەكان

شكۆی كوردستان-

دوێنێ لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال لە سەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان ڕێککەوتن، لەوانەش بڕیاردرا بە پێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە مووچەیەک لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدرال، کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد. 

لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوە کرایەوە کە دەستوری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەمو کێشەکانە و ھەر ڕێککەوتنێک، دەبێت ڕەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. 

ھەر لەو پەیوەندییەدا ھەردولا ئاماژەیان بە پێشەوەچونی ڕەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردولا بو. 

وردەكاری رێككەوتنەكە:

بەگوێرەی زانیارییەكانی شكۆی كوردستان، رێككەوتنەكە بەنێوەندگیری بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بوە، دوای ئەوەی فواد حسێن لەسەر داوای مەسرور بارزانی جارێكی دیكە داوای رێككەوتنی لە مستەفا كازمی كردوە، كازمی رازینەبوە و د. بەرهەم ساڵح سەرۆك وەزیرانی عێراقی قایلكردوە بەرێككەوتن.

لە سەر بنەمای لێکتێگەیشتنی هەردولا، لە سەر چارەسەریی ھەنوکەیی کێشەی موچەخۆرانی ھەرێم ڕێککەوتن و بڕیاردرا ، بەپێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەک بەشە موچەیەک لە بەغداوە ڕەوانەی ھەرێم بکرێت.

 شكۆی كوردستان زانیویەتی، هەفتەی رابردو هەردولا ھەتا ئەندازەیەکی باش رێککەوتبون لەسەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن حکومەتی ناوەندی بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران، تەنها لەبەرامبەر بەڕێوەبردنی هاوبەشی خاڵە گومرگییەکان.

بەپێی ئەو رێککەوتنە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێک رادەستی عێراق ناکات، لەبەرامبەردا رێگە بەحکومەتی فیدڕاڵی دەدات بەهاوبەشی خاڵە گومگرگییەکان بەڕێوەببەن، بەڵام چەند گروپێک لەناو پێکهاتەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم، لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندییان نەبو، پەشیمان بونەوە و ئامادەنەبون خاڵە گومرگییەکان رادەستبکەن.

یەكێتی ئاگاداركراوە

شەوی رابردو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قسەی كردووە.لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، مستەفا كازمی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئاگاداركردووە لەوەی مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەنێرن، بەمەرجێك قەیل بن بەوەی كارمەندانی چاودێری دارایی‌و گومرگەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێم.بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، ئەوان وەكو یەكێتی ئامادەن كارمەندانی چاودێری دارایی عێراق لە دەروازە سنورییەكان جێگیر بكرێن‌و بەشێوەیەكی بەردەوامیش بمێننەوە، واتە یەكێتی بەپێچەوانەی پارتییەوە مەرجی لەسەر هاتن‌و مانەوەی چاودێرە عێراقییەكان نییە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close