ڕۆژنامەکوردستانی

نەتەوە یەكگرتوەكان: ساڵی 2020 بەهۆی کۆرۆناوە کۆچ 27% کەمیكردوه

شكۆی كوردستان-

نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، کۆچبەره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە ئێستادا نزیکەی 3.6%ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش میوانداریی زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی کردوە، دەشڵێت، ساڵی 2020  بەهۆی کۆرۆناوە کۆچ 27% کەمیكردوه‌.

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی “کۆچی نێودەوڵەتی 2020” بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تێکڕای گەشەی کۆچکردن لەنێوان وڵاتان تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2020 بەڕێژەی 27% کەمیكردوه‌.

کۆرۆنا بوەتە هۆی پەکخستنی سەرجەم جۆرەکانی گواستنەوەی مرۆیی لە رێگەی داخستنی سنورەکان 

کارگێڕیی کاروباری ئابوری و کۆمەڵایەتی سەربە نەتەوەیەکگرتوەکان لەژێر ناوی “کۆچی نێودەوڵەتی 2020” بڵاویکردەوە، “ڤایرۆسی کۆرۆنا بوەتە هۆی پەکخستنی سەرجەم جۆرەکانی گواستنەوەی مرۆیی لە رێگەی داخستنی سنورەکان و وەستانی گەشت لە سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان”.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێشبینییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پەتای کۆرۆنا بوەتە هۆی کەمبونەوەی ژمارەی کۆچبەره‌ نێودەوڵەتییه‌كان بە نزیکەی دو ملیۆن کۆچبەر تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2020، هاوکات ئەو ژمارەیە بەراورد بە هەمان وادە لە ساڵی 2019دا بەڕێژەی 27% کەمیكردوه‌.

گەشە لە ژمارەی کۆچبەره‌ نێودەوڵەتییه‌كان لە میانی دو دەیەی رابردودا زۆر بەهێزبوە

لەراپۆرتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتوە، “گەشە لە ژمارەی کۆچبەره‌ نێودەوڵەتییه‌كان لە میانی دو دەیەی رابردودا زۆر بەهێزبوە بەجۆرێک ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەرەوەی ئه‌و وڵاتانه‌ی لێی له‌دایكبون دەژین لە ساڵی 2020دا، گەیشتوەتە 281 ملیۆن لە کاتێکدا لە ساڵی 2000دا نزیکەی 173 ملیۆن بوە و لە ساڵی 2010دا نزیکەی 221 ملیۆن بوە”.

کۆچبەره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە ئێستادا نزیکەی 3.6%ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، ئەمریکاش میوانداریی زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی کردوە 

رونیشکراوەتەوە، کۆچبەره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان لە ئێستادا نزیکەی 3.6%ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش میوانداریی زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانی کردوە و لە ساڵی 2020دا، ژمارەی کۆچبەره‌ نێودەوڵەتییه‌كان لەو وڵاتەدا گەیشتوەتە 51 ملیۆن کەس کە دەکاتە 18%ی کۆی کۆچبەران، ئەڵمانیاش لە ریزبەندی دوەمی ئەو وڵاتەدا دێت کە زۆرترین ژمارەی کۆچبەری لەخۆگرتوە کە نزیکەی 16 ملیۆن بوە.

هەریەکە لە وڵاتانی سعودیە بە 13 ملیۆن و روسیا بە 12 ملیۆن و ئیمارات بە میواندارییکردنی 9 ملیۆن لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو وڵاتانه‌دا دێن کە زۆرترین کۆچبەری نێوده‌وڵه‌تییان لەخۆگرتوە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close