ڕۆژنامەکوردستانی

محمدی حاجی محمود داوای كشانەوەی كورد لەبەغداد دەكات

شكۆی كوردستان-

سكرتێری گشتی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەوان پێشوتریش بۆچونیان وابوە کە ئەگەر داهات، خاک و میللەتیش رادەستی به عێراق بکرێت، ئەوان ئاماده نین بودجه و موچه و مافی ڕەوای گەلی کوردستان بدەن، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بڕیاری کشانەوەی کورد لەبەغدا بدەن و بەگوێرەی داهاتی ناوخۆ هەمو 30 رۆژ جارێک موچە بدرێت.

شیعه و سونه داوای بڕینی بودجه و موچەی هەرێمی کوردستانیان دەکەن

محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری گشتی حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، “من پێشتریش باسم کرد که ئەگەر هەمو داهات و خاک و میلەتیش تەسلیم به عێراق بکرێت، عێراق ئاماده نابێت بودجه و موچه و مافی ڕەوای گەلی کوردستان بدات، بەڵام ئەمڕۆ  زیاتر ماھیەتی عێراقییەکان دەرکەوت و سونه و شیعه لەگەڵ ئەو هەمو دوژمنایەتییەی هەیانه، بەڵام ئەمڕۆ شیعه و سونه هەردوکیان هەر عەرەب بون و پێکەوه به یەک دەنگ داوای بڕینی بودجه و موچەی هەرێمی کوردستانیان کرد”.

 چیتر داوای پاره و بودجه و مووچه له عێراق نەکرێت

ئاماژەی بەوەشكردوە، “سونه و شیعه یەکبون له دژی کورد بۆیە من داوا له پەرلەمانی کوردستان دەکەم  کۆبونەوەیەک بکەن و به هاوکاری حکومەت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەم خاڵانه بکەنه بڕیار؛ چیتر داوای پاره و بودجه و مووچه له عێراق نەکرێت و  کوردیش له بەغدا بکشێتەوه”

 چیتر کورد لە بەردەم بەغدا و عەرەب زەلیل مەکەن

سكرتێری گشتی حزبی سۆشیالیست لەبارەی گەرەنتیکردنی موچەی فەرمانبەرانیش باسی لەوەکردوە، ئەو داهاتەی هەیه له کوردستان ڕێکیبخەنەوە و به شێوەیەکی گونجاو  مانگانە و ھەمو 30 ڕۆژ جارێک موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدرێت و چاوەڕێی بەغدا نەبن و چیتر “کورد لە بەردەم بەغدا و عەرەب زەلیل مەکەن”.

کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبونی نیسابی یاسایی بۆ کاتێکی دیکە دواخرا

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە دوای ئەوەی سەرجەم فراکسیۆن کوردستانییەکان بەهۆی ناڕەزاییان لە راپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژە یاسای قەرز بایکۆتی کۆبونەوەکەیان کرد، بەوهۆیەش کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبونی نیسابی یاسایی بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.

ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بەرادەستکردنی داهاتەکانی نەوت و ناوخۆ

پەیامنێری خەندان لە بەغدا رایگەیاند، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق راپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژە یاسای قەرز رەتدەکەنەوە، چونکە بەگوێرەی پڕۆژەکە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بەرادەستکردنی داهاتەکانی نەوت و ناوخۆ، نوێنەرانی کوردیش ئەوە بەپاساو نابینن بۆ “بڕینی” پشکی هەرێم.

هەوڵێک هەیە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بەمەبەستی نزیکردنەوەی بۆچونەکان

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بایکۆتی  سەرجەم فراکسیۆن کوردستانییەکان، کۆبونەوەکەی ئەمشەوی پەرلەمانی عێراق نیسابی یاسایی لەدەستدا و لەئێستادا هەوڵێک هەیە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بەمەبەستی نزیکردنەوەی بۆچونەکان و دەنگدان لەسەر پڕۆژەکە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close