Uncategorized

پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا داوای لەبەركردنی جلی كوردی دەكەن

دوو لایەنی حیزبی دیموکرات (حدک و حدکا) داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بۆ ئیدانەکردنی “بێڕێزیکردنی میدیای فەرمی ئێران بە جلوبەرگی کوردی“، سبەی پێنجشەممە جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەر بکەن. 

حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) چەندین وێنە و پۆستێری بڵاوکردووەتەوە و تێیاندا داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، رۆژی پێنجشەممە 21-01-2021 جلوبەرگی کوردی لەبەر بکەن. لەسەر ئەو وێنە و پۆستێرانەش نووسراوە، “بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی یادی کۆماری کوردستان بەرز رادەگرین و بەگژ بێڕێزی بە کولتووری نەتەوەییماندا دەچینەوە.”

 دەزگای رێکخستنی گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە راگەیێندراوێکدا داوا لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، سبەی پێنجشەممە بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی ئەو “بێڕێزییە” ئیدانە بکەن و “لە رۆژانەی یادکردنەوەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان رێز لە کولتووری رەسەنی گەلی کورد بگرن.” لە چەند رۆژی رابردوودا گرتەی ڤیدیۆیی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران بڵاوبووەوە، کە تێیدا پێشکەشکاری بەرنامەکە، جلوبەرگی کوردی بە “جلوبەرگی شوانی” ناودەبات.

پێشتریش چەندجار لە میدیای فەرمی ئێرانەوە بێڕێزی بە کورد و کولتوورەکەی کراوە. ئەمەش کاردانەوەی زۆر تووندی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لێکەوتەوە و خەڵکی لەبەرامبەر ئەو قسەیە وێنە و ڤیدیۆی خۆیان بە جلوبەرگی کوردییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە. دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە “سووکایەتییانە بە کورد و کولتوورەکەی”، پەرلەمانتارانی کوردی لە پەرلەمان هێناوەتە قسە. ژمارەیەک لەو نوێنەرە کوردانە رۆژی 18ی ئەم مانگە لە نامەیەکیان بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران ناڕەزایەتییان دژی ئەو سوکایەتیانە لە تەلەڤزیۆنەکانی ئێران دەربڕیوە و داوایان لێکرد بڕیارێک بدات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمجۆرە سوکایەتییانە دووبارە نەبنەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close