ڕۆژنامەکوردستانی

بۆئەوەی کوردستان لەوە زیاتری لێنەمرێت

تایبەت بە شكۆی كوردستان- لوقمان غەفور

لە ١٨ی جێنیوەری (کانوونی دووەمی) ٢٠٢٠، کاتێک چین مردنی کۆرۆنا ڤایرۆس -ی راگەیاند، دوو کەس مردبوو، وڵاتی چین ٦٤ کەیسی کۆرۆنا ڤایرۆسی ھەبوو. تا ئێستا چاودێری وردی ئەم نەخۆشییە ئەکەم. لە ھەموو دەوڵەت و ناوچەیەک ئەزمونێکم لێوەرگرتووە.

جا بۆیە ئێستا ھەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی خراپدایە. ئەم قۆناغە خراپتر ئەبێت ئەگەر وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆ، ھەنگاوێکی خێرا و ورد نەنێت:
یەکەم: پێویستە ڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی، بێ گوێدانە رای کەسوکاری ئەوانەی کە دەمرن لە پێگەی سەرەکی خۆیەوە، ئیعلانی ناوی ئەوانە بکات کە بە کۆرۆنا دەمرن. مردن بە کۆرۆنا عەیبە نییە. خۆ ئەم نەخۆشییە، ئایدز نییە. ئەم ھەنگاوەی ئیعلانکردن وا لە خەڵک دەکات زیاتر بە ئاگا بن. چونکە ئەوە سیاسەتی تەندروستی ئەمریکا بوو لە مانگی ٤دا.

دووەم: میدیای کوردی ئەبێت ئەولەویەتی قسەکردن بێت لەسەر کۆرۆنا ڤایرۆس و ئەوانەی دەمرن، بەتایبەتی کەناڵە ئاسمانییەکان. بۆ نموونە لەئەمریکا سی ئێن ئێن ڕۆڵی باڵای گێڕا. تەنانەت چەند دکتۆرێک بە خۆبەخش بەرنامەی ڕێنماییان پێشکەش دەکرد.

سێیەم: پێویستە دەستبەجێ وەزارەتی تەندروستی بڕیاری کۆرەنتینی ھەموو کوردستان بدات، بەبێ ئەوەی کەسی لێ بەدەرکرێت. بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ قەدەغەکردنی ھاتووچۆ ڕابگەیەنرێت، تەنیا کارمەندانی تەندروستی بۆیان ھەبێت بچنە دەرەوە. وەک نیویۆرک و میشیگان، وۆھان. ماوەی ١٥ ڕۆژ گەورەترین ھەڵمەتی (تاقیکردنەوەی کۆرۆنا) دەستپێبکرێت. ئەم ھەڵمەتەش پێویستە لەگەڵ کەرتی تایبەت بێت، چونکە بە تەنیا بە حکومەت ناکرێت. چونکە بەم شێوەی ئێستا مردن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەشێوەیەک ئەبێت، زیانی گەورەی بەدوادادێت، ئەوکات بە کەس کۆنترۆڵ ناکرێت.

سێیەم: ئەبێت کارمەندانی تەندروستی لەم قۆناغە گیانی لێبووردەییان تیا بێت. زیاد لەکاتی خۆیان کاربکەن. تیمی تایبەت دروستکەن لە گەڕان بەماڵان کە ڕێنمایی خەڵک بکەن ماسک بکەن و سۆشیال دستانس(دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی) جێبەجێ بکەن، وەک ئەوەی سەرتاسەری ئەمریکا ڕویدا.

چوارەم: پێویستە ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس ھەموو ئەوانە غەرامە بکەن کە ماسک بەکارناھێنن، ئەمە لە ھندستان زۆر بە جددی کاری لەسەر کرا، تەنانەت ئێستا لە ئەمریکا، ھەندێک بازاڕ نایەڵن بچیتە ژوورەوە ئەگەر ماسکت پێوە نەبێت.

پێنجەم: ئەو سایت و کەناڵانەی کە پڕۆپاگەندە بڵاودەکەنەوە کە نەخۆشییەکە ھیچ بنەمایەکی نییە جا لەڕێگەی چاوپێکەوتن بێت، یان ھەواڵ و وتار، سزای توند بدرێن تا ئاستی داخستن، ئەمە لە وڵاتی ژاپۆن و کۆریای باشوور زۆر بە جدیی کاری لەسەر کرا.
ئەگەر ئەمانە نەکرێت، کوردستان زیانی زیاتر ئەکات و مەرگی ئازیزانتان زیاتر ئەبینن.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close