شكۆی كوردستان-
جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەلایەن جۆن رۆبێرتز سەرۆکی دادگای باڵای ئەمریکا سوێندی یاسایی دراو و بەڵێنیدا،” بەوپەڕی بیروباوەڕەوە پارێزگاری و پشتیوانی لەدەستوری ئەمریکا بکات.” دوای ئەو سوێندخواردنەش بایدن بوە 46-مین سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
دوای خواردنی سوێندی یاسایی، جۆ بایدن سەرۆکی نوێی ئەمریکا وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبوان و سەرکردەکانی وڵاتەکەی باسی لەگرنگی پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی وڵاتەکەی کرد و ستایشی سەرکردە و ئەو کەسانە کرد کە لەمێژودا قوربانییان بۆ ئەم رۆژە داوە، وتیشی، رێگەی زۆرمان بڕیوە و زۆریشمان لەبەردەمدا ماوە.
وتیشی، من رۆحم دەخەمە سەر زەوی بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان یەکبخەمەوە، جیاوازی چینایەتی و رەگەزپەرستی ئیدانەکرد و وتی نابێت ئەمریکییە سپی پێستەکان خۆیان بە زیاتر بزانن لەرەشپێستەکان، نابیت ناکۆکی لەنێوان چین و توێژەکان هەبێت.
بایدن هێرشیکردە سەر عەقڵیەتی شەڕ خوازی و رایگەیاند، سەیری مێژوی دور و نزیکی ئەمریکا بکەن، ئەو کاتانەی کە شەڕ و پێکدادان هەبوە زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسی کراوە.
سوپاسی هەمو ئەوانەی کرد کە پشتیوانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی پارتەکەی کردوە و ئەوانەش کەنەیان کردوە، جەختی لەسەر یەکێتی و یەکگرتویی خاکی ئەمریکا کردوە، وتیشی ” من دەبمە سەرۆکی هەمو ئەمریکییەکان بەبێ جیاوازیی.”
بایدن باسی مەترسییەکانی کۆءرۆنا و کاریگەرییە ئابورییەکانی کرد، وتی دەزانم کە دودڵن لە ئایندەی کارەکانتان بەهۆی ئەو پەتایەوە، بەڵام پێکەوە کارێک دەکەین، کە کەمترین کاریگەریی لەسەر ئێمە هەبێت و هەمو ناڕەحەتییەکان پێکەوە کۆتایی پێدەهێنین.
وتیشی، جیهان چاوی لەئێمەیە و چاوەڕێمان دەکات، وتیشی ئەمریکا تاقیکراوەتەوە ئێمە بەبەهێزی هاتوینەتەوە، بەردەوامدەبین لەسەرکردایەتیکردنی جیهان و دەبینە نمونە بۆ هەمو جیهان، خۆشگوزەرانی بۆ هەمو جیهان دەهێنینەوە.
داوای لێخۆشبونیشی بۆ هەمو ئەوانە کرد کە بەهۆی کۆرۆناوە گیانیانلەدەستداوە چونکە هەمو ئەوانە کوڕ و باوک و دایک و خوشک و برای خەڵکی تر بون و ناڕەحەت بون بە لەدەستدانی ئازیزانیان.
سەرۆکی نوێی ئەمریکا، بەڵێنیشیدا کە کار بۆ بەهێزکردنەوەی ئەمریکا بکات، جەختیشیکردەوە کە هەمومان لەبەردەم بەرپرسیارێتی مێژویی ئەمریکاداین.
وتیشی، لەبەردەم خودا و خەڵکدا دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەپارێزم، مافەکانتان دەپارێزم، کارێک دەکەم مێژوی ئەمریکا چیرۆکی روناکی بێت نەک تاریکی، چاکسازی بێت نەگ وێرانکاریی، دادپەروەری بێت نەک خۆسەپاندن، من هەمو تان و دەستوریش دەپارێزم.
بایدن پێشتر جێگری سەرۆکی ئەمریکا بو، تائێستا لەمێژوی ئەمریکدا هەشت جێگری سەرۆک بەهۆی مردنی سەرۆکەوە بونەتە سەرۆکی ئەمریکا، شەش جێگری سەرۆک خۆیان هەڵبژاردۆتەوە و بونەتە سەرۆک، یەک جێگری سەرۆکیش بوەتە سەرۆک بەهۆی ئەوەی سەرۆکی پێش خۆی دەستی لەکارکێشاوتەوە.