نێودەوڵەتیڕۆژنامە

بایدن سێ بڕیار لە بەرژەوەندیی کۆچبەران دەردەکات

شكۆی كوردستان-

سەرۆکی نوێی ئەمریکا بەردەوامە لە گرتنەبەری سیاسەتە نەرمەکانی لەئاست کۆچبەران و پەنابەرانی نێو وڵاتەکەی و ئەمجارە بەنیازە دەستکاری فەرهەنگی زمانەوانی نێو وەزارەتی کۆچبەرانی ئەمریکا بکات. 

لەچوارچێوەی هەڵمەتی چاکسازی کە بەڵێنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی بوو، جۆ بایدن بەنیازە وشەیەک لەنێو یاساکانی تایبەت بە کۆچبەران بگۆڕێت کە کاریگەری ئەرێنی گەورەی لێدەکەوێتەوە. بایدن بەنیازە وشەی ئێڵیەن  (Alien) کە بە واتای بێگانە یان نامۆ دێت و بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە نایاسایی دەچنە نێو سنووری ئەمریکا، بگۆڕێت بۆ وشەی نەن سیتیزن (noncitizen) بەو کەسانە دەگوترێت کە ئەمریکی نین و دەتوانن لە ئەمریکا بژین. لە نامیلکەیەکی بچووک و کورتکراوەدا تایبەت بە پرۆژە یاساکە کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە دەرکراوە داوای گۆڕینی وشەی بێگانە و دانانی وشەی نائەمریکی کراوە وەک بەشێك لە سیاسەتەکانی بایدن بە پێناسەکردنی ئەمریکا وەک “نەتەوەیەکی پێکهاتوو لە کۆچبەران”.

 وشەی ئێڵیەن،Alien، یان ئیلیگڵ ئێڵیەن، واتە بێگانەیەکی نایاسایی دەیان ساڵە لە یاساکانی تایبەت بە کۆچبەرانی ئەمریکا بەکارهێنراوە و لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا و لەسەر داوای خودی ئیدارەی ترەمپ لە چەندین ویلایەتی ئەو وڵاتە بەکارهێنراوە، بەڵام لەلایەن هەندێ ویلایەتەوە رەتکرابووەوە. وشەکە لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەندێ میدیای ئەمریکییەوە دژایەتیکراوە و بە کارێکی نامرۆیی تەماشاکراوە. هەروەها سەرۆکی ئەمریکا پرۆژە یاسایەکی نوێی ئامادەکردووە و تێیدا پێشنیازی پێدانی وڵاتینامەی ئەمریکا بەو کۆچبەر و پەنابەرانە دەکات کە 8 ساڵ لەو وڵاتەدا ژیاون. پرۆژە یاساکە بریتییە لە بڕینی رێگەیەکی یاسایی دوورودرێژ کە ماوەکەی 8 ساڵە و لەدوای ئەو ماوەیەدا کۆچبەر یان پەنابەر وڵاتینامەی ئەمریکی وەردەگرێت. 

لە سەرانسەری ئەمریکا و لەکۆی نزیکەی 45 ملیۆن کەسی نائەمریکی و هەروەها ئەوانەی کە لە دایک و باوکی بیانی لەدایکبوون، نزیکەی 12 ملیۆن کەس هیچ بەڵگەیەکی مانەوەیان لە ئەمریکادا نییە. لەو 45 ملیۆن کۆچبەرە، نزیکەی 45٪یان وڵاتینامەی ئەمریکایان وەرگرتووە و لە 27٪شیان مۆڵەتی مانەوەیان پێدراوە. جۆ بایدن لەگەڵ دەستبەکاربوونی بڕیارێکی دیکەشی لە بەرژەوەندیی کۆچبەران دەرکرد، ئەویش راگرتنی پارەی تەواوکردنی دیواری  مەکسیک و ئەمریکا بوو، دۆناڵد ترەمپە لە شوباتی 2018 بڕیاری دروستکردنی دیوارەکەی دا بۆ ئەوەی رێگریی بکات لە چوونی کۆچبەران بەرەو ئەمریکا.  پەنابەرانی ئەمریکای لاتین چاوەڕێی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی سەرۆکی نوێی ئەمریکان.

جێسیکا ڤاڵیس، کۆچبەرێکی خەڵکی نیکاراگوا دەڵێت “ئێمە زۆر دڵخۆشین بەمە، جارێکی دیکە هیوامان هەیە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ براوە بووایە شتەکان وەک خۆیان دەبوون، بەڵام کە بایدن بردیەوە، ئێستا چاوەڕێی پەیمانەکانی ئەوین تاوەکو ببنە هاوکار بۆ ئێمە، ئێمە متمانەمان پێیەتی، بە خودا ئینجا بە ئەو،  ئەوە بکات کە پەیمانی داوە”. هەزاران کۆچبەری وڵاتانی ئەمریکای لاتین، لە 2018ـەوە لە مەکسیک گیریان خواردووە، ئەوان چاوەڕێی وەستانی پرۆژەکە و بڕیاری نوێی ئیدارەکەی بایدن دەکەن بۆ ئەوەی هیوایان بۆ بگەڕێتەوە بەرەو ئەمریکا کۆچ بکەن. 

میرنا کاستییۆ، کۆچبەری خەڵکی گواتیمالا دەڵێت: “هەرگیز باوەڕمان نەدەکرد لێرە لە مەکسیک بمێنینەوە، هێشتا هیوامان ماوە بگەینە ئەمریکا، ئەمە خەونی ئێمەیە، چاوەڕێ دەکەین بزانین سەرۆکی نوێ چی دەکات، هیوادارم لەگەڵ خێزانەکانمان بگەینە ئەوێ”. سنووری نێوان ئەمریکا و مەکسیک 3218 کیلۆمەترە، بەپێی پلانەکە 1609 کیلۆمەتر سنووری وشکانی پەرژین دەکرێت و  تائێستا 681 کیلۆمەتە لە پەرژینەکە تەواو کراوە. هەرچەندە ترەمپ پەیمانی دابوو خەرجی پرۆژەکە لە مەکسیک وەربگرێت، بەڵام تائێستا ئەمریکا نزیکەی 10 ملیار دۆلاری لە پرۆژەکەدا خەرج کردووە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close