ڕۆژنامەکوردستانی

بڕیاردەری لیژنەی دارایی: سبەی لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆدەبینەوە

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند لیژنەکەیان سبەی شەممە لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021. 

دکتۆر ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رايگەیاند: “لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ رێککەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی عێراق، ئەگەریش لیژنەکە و شاندی هەرێمی کوردستان بگەنە رێککەوتن، ئەوا بڕگەی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان وەک خۆی پەسند دەکرێت، چونکە لیژنەی دارایی پەرلەمانێکی بچووکە”.

 دکتۆر ئەحمەد سەفار گوتی: “لیژنەی دارایی بە درێژایی ئەم هەفتە لە کۆبوونەوەدا بوو لەگەڵ پارێزگارەکان و چەند وەزیرێک و چەندین بەرپرسی باڵا بۆ دیاریکردنی وردەکاری بەشەکانی بودجەی ساڵی 2021، بۆیە داواجار لیژنەکە بڕیاری دا قەبارەی بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 کەمبکاتەوە و داهاتیشی زیاتر بکات، بە رێگەی کەمکردنی خەرجییەکان و زیادکردنی نرخی خەمڵێندراوی نەوتی خاو، کە ئێستا 42 دۆلارە، لەگەڵ چەند رێگایەکی دیکە، بەوەش کورتهێنانی زەبەلاحی بودجەی فیدراڵی 2021 کەم دەبێتەوە”.

 پێشتر، دکتۆر جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “فراکسیۆنە شیعەکان لە پەرلەمان هەوڵدەدن قەبارەی بودجەی فیدراڵی ئەمساڵ لە 164 تریلیۆن دینارەوە بۆ 120 یان 135 تریلیۆن دینار کەمبکەنەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوا کورتهێنانی بودجە زۆر کەمدەبێتەوە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش کەمدەبێتەوە”. 

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی عێراقدا 13 تریلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە و بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەدرێتە هەرێمی کوردستان.بەپێی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021، دەبێت شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 وە تاوەکو 2020 یەکلایی بکرێنەوە، هاوکات دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی خۆی رادەستی حکومەتی عێراق بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. رۆژی 20-1-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆنسوڵ و نێردە و دیپلۆماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا نووسیبووی: “ئامانجمانە لەگەڵ بەغدا بودجەیەکی دادپەروەرانە دەستەبەر بکەین بە جۆرێک لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق و فەرمانبەراندا بێت، شاندەکەشمان بۆ گفتوگۆی زیاتر هەفتەی داهاتوو دەچێتەوە بەغدا “.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close