نێودەوڵەتیڕۆژنامە

كازمی بەرپرسان بە هۆكاری تەقینەوەكانی بەغدا دەزانێت

شكۆی كوردستان-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، تەقینەوەکانی بەغدا نیشانەی بونی بۆشایی ئەمنییە و بەرپرسانی ئەمنی کەمتەرخەم لە پۆستەکانیان دوردەخرێنەوە.

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەمڕۆ هەینی سەرپەرشتی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی دانیشتنی کرد و رایگەیاند، “دابینکردنی ئاسایش تەنیا وشەیەک نییە لە میدیاکاندا باسی لێوە بکەین، بەڵکو بەرپرسیارێتییە، ئەوەی دوێنێ ڕویدا پێشێلکارییە کە ئێمە ڕێگە بە دوبارەکردنەوەی نادەین، ئێمە بەڵێنمان بە ئاسایشی گەلەکەمان داوە و ئەم روداوەش بەڵگەی ئەوەیە کە بۆشایی ئەمنی هەیە و دەبێت بە خێرایی پڕبکرێتەوە”.

دەزگای ئەمنیەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردودا هەوڵێکی گەورەیان داوە و لە دژی تیرۆریستی داعش ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام دراوە

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەزگای ئەمنیەکان لە ماوەی چەند مانگی رابردودا هەوڵێکی گەورەیان داوە و لە دژی تیرۆریستی داعش ئۆپەراسیۆنێکی گەورە ئەنجام دراوە، زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانیشمان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ڕۆژانە هەوڵی داعش هەیە بۆ گەیشتن بە بەغدا کە بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوەختە پوچەڵ کراونەتەوە، بەداخەوە دوێنێ توانیویانە ئەو کارە بکەن و خوێنی بێتاوانیان رشت و ڕێگەش بە دوبارەبونەوەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان نادەین”.

لە دەزگای هەواڵگریدا ئاڵنگاری هەیە و پێویستە بەپەلە چارەسەر بکرێت

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەوەشی خستەڕو، “لە دەزگای هەواڵگریدا ئاڵنگاری هەیە و پێویستە بەپەلە چارەسەر بکرێت، من بە تایبەت چاودێری ئەم بابەتە دەکەم، بۆیە بارودۆخێکی نوێ دەسەپێنین و ڕێکاری بەپەلە دەگرینەبەر”.

ئێمە زنجیرەیەک گۆڕانکاریمان لە پێکهاتەی ئەمنی و سەربازیدا کردوە و کار لەسەر پلانێکی ئەمنی گشتگیر و کاریگەر دەکەین

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان وتیشی، “ئێمە زنجیرەیەک گۆڕانکاریمان لە پێکهاتەی ئەمنی و سەربازیدا کردوە و کار لەسەر پلانێکی ئەمنی گشتگیر و کاریگەر دەکەین، بۆ ئەوەی هەوڵەکانمان بۆ نەهێشتنی بەرەنگارییەکان بە ئەنجام بگەیەندرێت”.

رونیشیکردەوە، “پێگەی ئەمنی بەرپرسیارێتییە و کاتێک پێشێلکارییەک هەبێت دەبێت سەرکردایەتی ئاسایش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، ئەوەش بە مانای بەکەمسەیرکردنی ئەو سەرکردانە نییە، کە لە قۆناغەکانی پێشتردا وەڵامیان داوەتەوە، بەڵکو ئەوە جەختکردنەوەیە لەوەی پێداچونەوە بە بەپرسیارێتیدا دەکرێت هەرکەسێک لە هەر جێگەیەکدا دەسەڵاتی هەبێت”.

کازمی لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتی، “ژیانی خەڵک جێگەی یاریکردن نیە، ڕێگەش بە ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا نادەین، دەبێت راهێنانی زیاتر بە هێزەکان بکرێت و وانە لە کەموکوڕیەکان وەربگرین”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close