ڕۆژنامەکوردستانی

وەزارەتی تەندروستی: پێنج گومانلێکراوی کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراون

شكۆی كوردستان-

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پێنج تووشبووی گومانلێکراوی کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکراون و “بە ئامێری تایبەت دڵنیادەکرێتەوە و رایدەگەیێنین کەوا جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە”. 

ئەمڕۆ شەممە 20-02-2021 دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو رایدەگەیێنێت، هەموو پێداویستییەکانی دەستنیشانکردن لە ئامێری تایبەتمەند و پشکنینی تایبەت بە ڤایرۆسەکە دابینکراوە، هەروەها دەشڵێت، لەڕووی خۆپارێزی و پرۆتۆکۆلی چارەسەرکردن هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ جۆرە باوەکەی کۆرۆنا، بەڵام بە هەستیارییەوە چاودێری ئەو ڤایرۆسە دەکەن. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان تەندروستیی پارێزگا و ئیدارەکانی راسپاردووە بۆ ئامادەکاری تەواو بۆ پشکنین لە بازگەکان و فڕۆکەخانەکان و، بەدواداچوونی بەرکەوتەکانیان. 

هەروەها ئامادەکاریی تەواو هەیە بۆ هەر رێکارێک کە بڕیاری لێ بدرێت بۆ پشکنینی هەر کەسێک کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەچنە هەرێمی کوردستان. راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی لە کاتێکدایە دوێنێ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری تووشبوون، چاکبوونەوە و گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە و، تێیدا هاتبوو لە کۆی پێنج هەزار و 735 پشکنین، 131 تووشبوو تۆمارکراون، هەروەها هیچ تووشبوویەکیش گیانی لەدەستنەداوە. 

 نزیکەی هەفتەیەکە کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق بووەتە جێگەی نیگەرانی و مەترسی، حەسەن تەمیمی، رۆژی پێنجشەممە وەزیری تەندروستیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا هۆشداریی لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا دا و رایگەیاند، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا ئەوەیان بەدی کردووە کە رێژەی 50٪ـی تووشبووە نوێکان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو تووشبوون. تاوەکو ئێستا، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، 107 هەزار و 549 تووشبووی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، 102 هەزار و 843 تووشبوو چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 504 تووشبوویش گیانیان لەدەستداوە. 

بینینی زیاتر
Back to top button
Close