ڕۆژنامەکوردستانی

پارێزگاری نوێی هەولێر داوادەكات كەس بۆ پیرۆزبایی سەردانی نەكات

شكۆی كوردستان-

پارێزگاری هەولێر بە نووسراوێک داوا لە هاونیشتمانیان و سەرجەم کارمەند و فەرمانبەر و بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕیی و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگاکە دەکات، بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانی نەکەن و لەجیاتی ئەوە “فاتیحایەک بۆ رۆحی جوانەمەرگ (د.فەرسەت سۆفی) بنێرن” و مامەڵەی هاووڵاتیان راییبکرێت. 

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە “بەهۆی پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیی لەڤایرۆسی کۆرۆنا و راییکردنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتییان ، وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاگاداری هەموو لایەک دەکەینەوە بەهیچ شێوەیەک هیچ مەراسیم و رێورەسمێک بۆ پێشوازیکردن و پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی بەڕێز ئومێد خۆشناو بە پارێزگاری نوێی هەولێر ئەنجامنادرێت”. 

لە نووسراوەکەدا داواکراوە لەبری ئەوە “دەکرێت لەشوێن و پێگەکانتانەوە پیرۆزباییەکانتان ئاراستەمان بکرێت ، داواکاری بەڕێز ئومێد خۆشناو بۆ ئێوەی بەڕێز لەجیاتی پیرۆزبایی ناردنی فاتیحایەکە بۆ رۆحی جوانەمەرگ (د.فەرسەت سۆفی) ، ئێمە سوپاستان دەکەین”.  

هەروەها داوا لە سەرجەم کارمەند و فەرمانبەر و بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕیی و فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر کراوە، لەبری سەردانیکردنیان بۆ دیوانی پارێزگا بەمەبەستی پیرۆزباییکردن، “ئەو زەحمەتە نەکێشن، لە ئایندەدا بەشی زۆری کارمان مەیدانی دەبێت، واتە خۆمان سەردانی سەرجەم سنوور و فەرمانگە و شوێنەکان دەکەین، لەبری ئەزیەت کێشانتان، نزای سەرکەوتن و پشتیوانی ئەرکەکەمان بن و لەپێگە و شوێنی خۆتانەوە لەجیاتی پیرۆزبایی، خەریکی ڕاییکردنی مامەڵە و کاروباری هاوڵاتییانبن سوپاستان دەکەین”. 

 رۆژی 8-2-2021 ئومێد خۆشناو لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێرەوە وەک پارێزگاری نوێی دەستنیشانکرا. رۆژی پێنجشەممە 18-2-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستبەکاربوونی واژۆکرد و، هیوای سەرکەوتنی بۆخواست و رایگەیاند “ئەرکى پارێزگارى هه‌ولێر قورسه‌، به‌تايبه‌تى له‌م دۆخه‌دا كه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ و قه‌يران رووبه‌ڕووى هه‌رێمى كوردستان بوونه‌ته‌وه.” لە رێوڕەسمەکەدا کە رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پارێزگارى نوێی هەولێر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سوێندى یاسایى خوارد.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close