ڕۆژنامەکوردستانی

تەندروستی سلێمانی: پێناچێت جارێکی دیکە لە سلێمانی قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێندرێتەوە

شكۆی كوردستان-

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی پێی وانییە جارێکی دیکە قەدەخەی هاتووچۆ لە پارێزگای سلێمانی رابگەیێندرێتەوە و خەڵکی کەرەنتین بکرێت، دەڵێت، “تاوەکو لە نەخۆشخانەکان شوێنی نەخۆش هەبێت”، ئەوان زەنگی مەترسی لێنادەن و رێکاری تووند ناگرنەبەر. 

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی هەڵسەنگاندنی بەشێک لە پزیشکانی بواری ڤایرۆسناسی و نەخۆشییە گوازراوەکان، لە مانگی داهاتوودا شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسەکە سەرهەڵدەداتەوە. بە گوتەی د. سەباح هەورامی، لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی تووشبووان ژمارەیەکی “زۆر کەمە ئەوانەی تووش دەبن زیاتر لە 50٪ـیان ئەوانەن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە دێنەوە سلێمانی. ژمارەی تووشبوون کەمە و مردن هەر زۆر زۆر کەمە”. 

 سەردانیکەرێکی زۆر لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەردانی سلێمانییان کردووە، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، ئەوە لە رووی ئابوورییەوە باشە، بەڵام خراپیشە لەوەی کە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە. داوایشی لە هاونیشتمانیان کرد، کاتێک هەستیان بە نیشانەکانی کۆرۆنا کرد، سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.  لەبارەی دۆخی پارێزگای سلێمانیش، سەباح هەورامی گوتی، “رەشبین نیم، پێم وایە وەکو ساڵی رابردوو تووشی کارەساتی گەورە نابین، پێویستی بە ترس و دڵەڕاوکێ نییە، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە نەماوە، چەند رۆژێکی دیکەش ڤاکسینی کۆرۆنا دەگاتە عێراق. دانیشتووانی پارێزگای سلێمانیش زیاتر لە نیوەیان بەرگریی بەکۆمەڵیان پەیداکردووە دژی ڤاکسینەکە، ئەوەش وەک ئەوەیە ڤاکسینیان وەرگرتبێت”. 

 بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کە دوێنێ بڵاوکراوەتەوە، لە سلێمانی 35 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 18 تووشبوو چاکبوونەتەوە و هیچ تووشبوویەک گیانی لەدەستنەداوە. 

د. سەباح هەورامی باسی لەوە کرد، تاوەکو ئەو کاتەی جێگەی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان هەبێت، رێکاری تووند ناگرنەبەر، “تاوەکو جێگەی نەخۆش هەبێت، چارەسەریان دەکەین، چونکە ئەمە پرۆسەیەکە ناوەستێت”.  پلانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە گوتەی، د. سەباح بۆ شەپۆلی نوێی کۆرۆنا ئەوەیە کە لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گفتوگۆیان کردووە کە پلانەکە بدەنە دەست تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانیان بۆ دەستنیشان بکەن. سەباح هەورامی دەڵێت، “پێم وانییە شەپۆلەکە زۆر بەهێز بێت”. 

بینینی زیاتر
Back to top button
Close