ڕۆژنامەکوردستانی

شەش ساڵە بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێرە، به‌ڵام نه‌كراوه‌ته‌وه‌

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆى كوردستان

لە ساڵی 2014ـەوە بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێر دامەزراوە و ئامادەیە بۆ كاركردن، بەڵام بە چەند ھۆكارێك تائێستا نەكراوەتەوە، سەرمایەی بازاڕەكە 10 ملیار دیناربووە و بەھۆی زۆری خەرجییەكان و درەنگكەوتنی كردنەوەی، ئێستا تەنیا سێ ملیار دیناریان ماوە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بازاڕەكە رایدەگەیەنێت، كردنەوەی بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێر لەم كاتەدا زۆر گرنگە و چاوەڕێی بڕیاری حكومەتیش دەكەن.

زیاتر لە شەش ساڵە بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێر دامەزراوە، بەڵام زیاتر لەماڵێكی چۆڵ دەچێت، چونكە بەھۆی شەڕی داعش و چەند كێشەیەكی دیكە، دامەزراوەكە پەكیكەوتووەو بڕیاری كردنەوەی نەدراوە.

 بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێر نزیكەی 40 كارمەندیان ھەبووە، بەڵام بەھۆی نەبوونی توانای دارایی بەشێكی زۆریان رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە، سەرمایەی ئەم بازاڕەش لە 10 ملیار دینارەوە بۆ 3 ملیار دینار كەمبووەتەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بازاڕەكە دەڵێ “چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی ئابووری دەكەین، بۆ ئەوەی بازاڕەكە بخەینە كار”.

شێروان ئەنوەر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: ” كاتێك بۆڕسەكە لە 2014ـەوە بەھۆی نالەباری دۆخەوە راگیرا، ھەتا ئێستا چاوەڕێی ئەنجومەنی ئابووری دەكەین، كە حكومەت و وەزارەتی دارایی و شەھیدان و ئەنفالكراوەن 20% پشكیان لەم بۆرسەیە ھەیە، بۆیە پێویستە ھەردوولا لە ھەمانگیدابین بۆ دەسپێكردن و بەكارخستنی بۆرسەی ھەولێر، كە ماندوبوونی زۆری بۆكراوەو ھەروەھا پارەیەكی زۆری بۆ خەرجكراوە، دەستەی كاغەزە داراییەكانی بەغدا نوسراویان بۆ كردوین كە پێویستە پێش كۆتایی مانگی شەش، بۆرسەی ھەولێر كاربكات”.

ئامێرەكانی بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێر تۆزیان لەسەر نیشتووە لەكاتێكدا ئامادەن بۆ كاركردن و كارمەند و كەسانی شارەزاش ھەن، بەڵام بەھۆی درەگنكەوتن لە بەكارخستنیان، پێویستە ھەماھەنگی لەگەڵ بازاڕە جیھانییەكان بكرێت و بە دووبارە راھێنان و كاركردن لەسەر سستمەكە بكرێت.

ناسر سەبوور، یاریدەری بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بۆرسەی ھەولێر، كردنەوەی دامەرزراوەكە لەم دۆخەدا بەگرنگ دەزانێت و پێیاوایە یارمەتیدەری باش دەبێت بۆ حكومەت و ئەو كۆمپانیانەی لە كوردستان كاردەكەن. راشیگەیاند: “ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان سوود لە بۆرسەكە دەبینن، ھۆكارێك دەبێت بۆ گەشەی ئابووری لە ھەرێمی كوردستان”.

پەیوەست بە گرنگی كردنەوەی بازاڕی كاغەزە داراییەكان، د. سەڵاحەدین ئەحمەد پسپۆر لە ئابووری گەشەپێدان لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتێكی ھەواڵە ئابوورییەكانی كوردستان24 گوتی: “ئەو بازاڕە كۆمپانیایەكە ساڵی 2010 بەپێی یاسای 74ی ساڵی 2004ی عێراقی دروستكراوە، بازاڕێكە كۆمەڵێك ھاوبەش لە خۆ دەگرێت و ئامانجەكانی زۆر گرنگە”.

سەبارەت بە دواكەوتنی كردنەوەی بازاڕی كاغەزە داراییەكانی ھەولێر ئاماژەی بەوەدا: “چەند ھۆكارێك ھەن بۆ نەكردنەوەی ئەو بازاڕە، ھۆكارە سەرەكییەكانیش شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بوو”.

گوتیشی: “ئامانجەكانی ئەو بازاڕە زۆر گرنگ یەكێك لە ئامانجەكانی بزوێنەری گەشەپێدانی ئابوورییە و ھاندانی كەرتی تایبەتە، ھاوكات دەتوانێت تەمویلی كۆمپانیاكان بكات بۆ وەبەرھێنان، ھەروەھا دەبێتە ھۆكارێك بۆ بوژانەوەی پڕۆژەی بچووك و مامناوەند، ھۆكارێكیشە بۆ راكێشانی داھاتی عێراقیی و دەرەكی بۆ ھەرێمی كوردستان”.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close