ڕۆژنامەکوردستانی

بریتانیا گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی بەرگری و دەرەوە دەكات…”33 ملیار دۆلار بۆ بودجەی بەرگریی بریتانیا زیاد دەكرێت”

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆى كوردستان-

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پێداچونەوەی گەورە لە سیاسەتی بەرگری و دەرەوەی وڵاتەکەیدا ئەنجامدراوە و مانگی داهاتو گۆڕانکاریەکان رادەگەیێنرێن.

 33 ملیار دۆلار، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتودا بۆ بودجەی بەرگریی بەریتانیا زیاد دەکرێت

بەوتەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، 24 ملیار پاوەند کە دەکاتە نزیکەی 33 ملیار دۆلار، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتودا بۆ بودجەی بەرگریی بەریتانیا زیاد دەکرێت.

ئامانج لە زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ سەر بودجەی بەرگریی وڵاتەکە، بە وتەی جۆنسن، ئەوەیە کە لەندەن “بە ئاسودەییەوە” ئەو بەشە بودجەیە دابینبکات کە بۆ هاوپەیمانیی ناتۆ داواکراوە.

 هەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ پێویستە 2٪ـی کۆی داهاتی ناوخۆیی ساڵانەی خۆی بۆ بودجەی بەرگریی هاوپەیمانییەکە تەرخان بکات

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ پێویستە 2٪ـی کۆی داهاتی ناوخۆیی ساڵانەی خۆی بۆ بودجەی بەرگریی هاوپەیمانییەکە تەرخان بکات.

بۆریس جۆنسن، هەروەها باس لەوە دەکات کە هۆکاری پێداچونەوە بە سیاسەتی دەرەوە و بەرگریی وڵاتەکەی ئەوەیە کە سەرکەوتویی بەریتانیا لەسەر ئاستی جیهان پەیوەستە بە سەقامگیری و ئاسایشی ئەو وڵاتە و ئەوروپا و ناوچەی ئەتڵەسی.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاند، دەکرێت وڵاتە نەیارەکانیان، لە نێویشیاندا روسیا، هەوڵبدەن زیان بە خەڵکەکەیان بگەیێنن.

بۆریس جۆنسن دۆسیەی ژەهرخواردکردنی سێرگی سکریپال، سیخوڕی روسی و کچەکەی بە نمونە دەهێنێتەوە کە سێ ساڵ لەمەوبەر لە شاری سالزبێری بەریتانیا هەردوکیان گیانیان لەدەستدا، کە لەندەن، مۆسکۆ بە بەرپرسیار لە روداوەکە دەزانێت.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی سیاسەتی دەرەوە و بەرگری ئاماژەی بەوەشکرد، “خاڵی سەرەتای پێداچونەوەمان بە سیاسەتی دەرەوە و بەرگریی و وەبەرهێنانمان کە مانگی داهاتو بڵاودەکرێتەوە، بریتییە لەوەی کە سەرکەوتنی بەریتانیای جیهانیی بەندە لەسەر ئاساییشی نیشتمانمان و سەقامگیری ئەوروپا و ناوچەی ئەتڵەسی. ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا و پەتاکان هەڕەشەی بێدەنگ و شاراوە بن، رەنگە وڵاتە نەیارەکان بیانەوێت بە شێوەیەکی راستەوخۆتر و ئاشکراتر زیان بە خەڵکەکەمان بگەیێنن، هەروەکو چۆن روسیا بێباکانە لە سالزبێری کردی.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close