ڕۆژنامەکوردستانی

دوزخورماتو؛ سەدان خێزانی ئاوارەى قه‌ره‌بو نه‌كراونه‌ته‌وه‌

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

هێشتا سەدان خێزانی ئاوارەی 16ی ئۆكتۆبەر نەگەڕاونەتەوە بۆ قەزای دوزخورماتوو، قەرەبونەكراونەتەوە و وەكو ئاوارەش لەلایەن حكومەتی عیراقەوە نەناسێنراون.

ئەو كێشەیە كە بەرۆكی ئەو خێزانانەی گرتووە، دوای سێ ساڵ دێت لە گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك، بەهۆیەوە سەدان خێزانی كورد، قەزای دوزخورماتویان لە پارێزگای سەڵاحەدین بەجێهێشت و ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون.

بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی قەزای دوزخورماتوو، لەسەدا 17ی ئەوانەی لە 16ی ئۆكۆتبەری 2017دا قەزاكەیان بەجێهێشتووە، هێشتا نەگەڕاونەتەوە. كە ژمارەیان 500 خێزان دەبێت.

هێرش حەسەن تەها، یەكێكە لەو ئاوارە كوردانەی نەگەڕاوەتەوە بۆ دوزخورماتوو و لە سلێمانی دەژیت، بە (شكۆی كوردستان)ی وت: “ماڵەكەیان سوتاندین و قەرەبووش نەكراینەوە، بۆیە بڕیارماندا هەر لە سلێمانی بژین”.

هێرش خۆی فەرمانبەرە و لە ئێستادا دەوامەكەی لە كەركوكە و ڕۆژانە هاتووچۆ دەكات، هاوژینەكەشی مامۆستایە و ڕاژەكەی بۆ سلێمانی گواستۆتەوە و بڕیاریانداوە بەهیچ شێوەیەك نەگەڕێنەوە بۆ دوزخورماتوو.

كێشەیەكی بەردەم زۆرێك لە ئاوارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەوەیە، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، وەكو ئاوارە نەناسێنراون بۆیە لە قەرەبووكردنەوە بێبەشكراون.

عەلى نورى محەمەد، ئاوارەكی تری قەزاكە ئێستا لە گوندی شێخ لەنگەر لە گەرمیان نیشتەجێیە، وتی: “ئەوەى هەمبوو لە دوزخورماتوو دوكانێك بوو و لەدەستمدا، ئێستا لێرە ئاوارەم و كرێكاری دەكەم”.

خێزانەكەی عەلی هەشت كەسن و باری داراییان باش نییە، هەر بەو هۆیەوە نەیتوانی بەردەوامی بە خوێندنی كچە گەورەكەی بدات و كرێی هاتوچۆی بۆ بدات، بۆیە لە خوێندن دەریكرد.

لە 16ی ئۆكتۆبەردا، نزیكەی 400 خانوو لە دوزخورماتوو سوتێنران، 85ی خانووی تر تەقێنرانەوە، ئەوەش بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران كە بە (شكۆی كوردستان) دراوە.

هەر بەپێی ئامارەكە 500 خێزان هێشتا نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان كە لەسەدا 17ی كۆی ئاوارەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەكات.

ئەیوب جومعە جەبار، نۆێنەرى وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە (شكۆی كوردستان)ی وت: “زۆرێك لەوانەی نەگەڕاونەتەوە، بەهۆی ئەوەوەیە كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن و بڕیاری ئەو حزبەش ئەوەیە جەماوەرەكەی جارێ نەگەڕێتەوە، خانووەكانیان چۆڵن یان تەقێنراونەتەوە و قەرەبووشیان وەرنەگرتووە”.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق تەنیا هاوكاریی 250 خێزانی ئاوارەی 16ی ئۆكتۆبەری كردووە، ئەو ڕێژەیەش بە بەراورد بە ژمارەی خێزانە ئاوارەكان زۆر كەمە.

جومعە وتی: “خێزانێكی زۆر قەرەبوو نەكراونەتەوە و هاوكاریش نەكراون، ئەوانەی شەهید بوون یان بریندار، قەرەبوویەک کرانەوە، جارێکیش وەزیرى کۆچ کۆچبەران سەردانى قەزاى دوزخورماتوى کرد و بۆ هەر خێزانێک کە زیانى بەرکەوتبوو ملیۆن و نیوێک یان دوو ملیۆن و نیو هاوكاری كردن، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە وتیان تەنیا هاوكاریی 250 خێزان دەكەین بۆ نۆژەنكردنەوەی خانووەكانیان.”

بینینی زیاتر
Back to top button
Close