ڕۆژنامەکوردستانی

په‌رله‌مانتارێكى كورد: له‌ عێراق ٦۰ هەزار زیندانیکراوی هەیە كه‌ ۲۰ هەزاریان دەسبەسەرن

ئا: شكۆى كوردستان

ئه‌ندامێكى كوردى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ عێراق ٦۰ هەزار زیندانیکراوی هەیە كه‌ ۲۰ هەزاریان دەسبەسەرن، ده‌شڵێت: “لەناو زیندانییه‌كاندا چیڕۆکی هەر یەک لەم زیندانیانە شتی سەیر و ستەمکاری دەبیستی، کە بەداخەوە هەندێکیان تەمەنیان خوار 15 ساڵیە”.

به‌ختیار شاوه‌یس، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ شكۆى كوردستان)ى راگه‌یاند: وەک لیژنەی مافی مرۆڤ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی مێردمنداڵان و گەورانمان کرد بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگادار بوون لە ڕەوشی زیندانیکراون لەڕووی تەندروستی و خزمەتگوزاری و چاککاری و دەرونی”.

وتیشى: “به‌داخه‌وه‌ بەدرێژایی مێژوو، عێراق وڵاتێک بووە کە شەڕو و ئاژاوە و بەریەککەوتنی تائیفی و سیاسی و کۆمەڵایەتی تێدا زاڵ بوە. کۆمەڵگەی عێراق بەهۆی سیاسەتی فاشیەت و تائیفیەت و سڕینەوەی یەکتر هەمیشە بەرهەمهێنی تاکی توندڕەو و بێبەزەیی بووە”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، زەمینەکە مایەوە و تیرۆر و سڕینەوەی ناسنامە لەسەر بنەمای ئاین و مەزهەب و گەندەڵکاری لە حوکمدا  ئەوەندەی تر هەژاری و شێواندنی شیرازەی خێزان و ڕق و کولتوری کوشتن و سەربڕینی داهێنا و شێوازە جۆراوجۆرەکانی تاوان ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ده‌شڵێت: “لەناو زیندانییه‌كاندا چیڕۆکی هەر یەک لەم زیندانیانە شتی سەیر و ستەمکاری دەبیستی، کە بەداخەوە هەندێکیان تەمەنیان خوار 15 ساڵیە. دەزانم لەهەموو کۆمەڵگەیەک تاوان و تاوانکاری هەیە، بەڵام ئەوانەی كه‌ بەچاوی خۆم دیم، هەڵوەشانوەی خێزان و کۆمەڵی عێراقی و فەشەلی کەرتی پەروەردە و فێرکردن نەبێ هیچیتری لێ ناخوێنرێتەوە”.

له‌باره‌ى ژماره‌ زیندانیكراوان، به‌ختیار شاوه‌یس، وتى: “به‌پێى ئه‌و ئامارانه‌ى به‌ده‌ستى ئێمه‌ گه‌یشتووه‌، له‌ عێراق ٦۰ هەزار زیندانیکراوی هەیە كه‌ ۲۰ هەزاریان دەسبەسەرن”.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close